ئاریما لەو شوێنەدا گیانی سپارد، كە 15 ساڵە كاری لێدەكات
  2020-04-04       1535       
ئا: لوقمان غەفوور

ئاریما نسرین ساڵی 2002 كاتێك بە خۆیی و عەلاگەیەك جلوبەرگەوە گەیشتە بەریتانیا، تەمەنی 19 ساڵ بوو. هەموو ئومێدی ئەوەبوو كاتێك ژیانی پێكەوەنا لە بەریتانیا، ژیانی گەنجێتی منداڵەكانی وەك گەنجێتی پڕ تەنگوچەڵەمە و ناخۆشی خۆی نەبێت كە لە پاكستان بەسەری برد.

ئاریما لە دوای ساڵێك گەیشتنی بە وڵاتی بەریتانیا دەستی كرد بەكاری پاككردنەوە لە نەخۆشخانەی والسال مانۆر. لەم كارەدا سەركەوتوو بوو. تەنانەت چەند جارێك ویستوویەتی واز لە كارەكەی بێنێت، بەڵام سەرۆكی جێبەجێكاری نەخۆشخانەكە رێگەی نەداوە و مووچەی سەعاتی كاركردنی بە رێژەیەك بۆ زیاد كردووە تا دواجار 3 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ریچارد بیكن سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای والسال-ی چاودێری تەندروستی رێگەی نیشاندەدرێت كە بخوێنێت و ببێت بە پەرستیار لە هەمان نەخۆشخانەی كەكاری پاككردنەوەی تێدا دەكات.

ئەم بیرۆكەیە هەنگاوێكی گەورە دەبێت بۆ ئاریما، ساڵی پار 2019 بروانامەی پەرستیاری بەدەستدەهێنێت لە زانكۆی وۆلفێرهامپتۆن. ریچارد بیكن بۆ ئیندیپێندنت دواو و دەڵێت:"خەونی خزمەتكردن بوو وەك پەرستیار، بۆیە مردنەكەی ناخی ئینسان ئەروخێنێت".

ئاریما- 36 ساڵ- خاوەنی 3 منداڵ بوو. هەمیشە چاوی لەسەر ئەوە بوو كە منداڵەكانی ببن بەبەشێك لە كۆمەڵگەی بەریتانی و هانیشی دەدان هەرگیز بیر لە گەڕانەوە نەكەنەوە بۆ پاكستان.

ئەم پەرستیارە موسڵمانە دوای 15 ساڵ كاركردنی بەردەوام لە نەخۆشخانەی والسال مانۆر لە وێست مێدلاندز- بەریتانیا، هەر لەو نەخۆشخانەیە رۆژی 3ی نیسان بە كۆرۆنا ڤایرۆس گیانی لەدەستدا.

وەك شەبینە كۆسار بۆ (بی بی سی) دوا، دوو هەفتە ململانێی كرد لەگەڵ نەخۆشییەكە لە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەكە، بەڵام دواجار گیانی لەدەستدا.

كۆسار كە 16 ساڵە هاورێی ئاریما-یە دەڵێت: "بەشی زۆری كاتەكان پێكەوە بوون لە كاری خێرخوازی و كاركردن لە كۆمینیتی موسلمانەكانی ناوخۆی وۆلڤێرتهامپتۆن".

نادیە شەبیر كە دوو ساڵ لەمەوبەر پێكەوە بوون لە زانكۆی تەكنینكی، باس لەوەدەكات كە ئاریما پەلەی بوو زوو كۆتایی بەخوێند بهێنێت و هەر لەو نەخۆشخانەیە ببێتەوە بە پەرستیار. نادیە بۆ رۆژنامەی گاردیان وتوویەتی: "خەونەكەی هاتەدی بەڵام تەنیا چەند مانگێك كاریكرد وەك پەرستیار".

نادییە لەبەردەم پەیامنێرەكەی گاردیان دەست دەكات بە گیریان و دەڵێت: "دوو مانگ پەرستیاری كرد.. هەمیشە ئەهات و پێی ئەوتم، ئەم بەرگە زۆر جیاوازترە لەو بەرگەی كە بۆ پاككردنەوە ئەمپۆشت..."

نادیە ئەو تویتەی (ئاریما) ئەخاتەڕوو كە رۆژی دەرچوون لەسەر وێنەیەكی بەبەرگی دەرچوونی زانكۆوە دایناوە و نوسیویەتی: "هەرگیز ئەوە بەبیرمدا نەهاتووە لە پاككەرەوە و خزمەتگوزارێكەوە ببم بە پەرستیار، بەراستی رۆژێكی دڵهەژێنە، سوپاس بۆ بەرێوەبەری نەخۆشخانەی والسال مانۆر كە ئەم هەڵەی خستەبەردەمم.. ئیتر خەونەكە هاتەدی".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×