عەدنان زورفی کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان کرد
  2020-04-04       655       

عەدنان زورفی کاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەمڕۆ شەممە کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان کرد.

ئاوێنه‌: کارنامەکە، بەشێکى پەیوەستە بە روبەڕووبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، بودجەى عێراق، هەڵبژاردنى پێشوەخت، داواکارى خۆپیشاندەران، ئابورى و وەبەرهێنان، سەروەرى یاسا و پشتیوانى دامەزراوەى سەربازى و ئەمنى، ئاوارە و پەنابەران، بیمەى کۆمەڵایەتى، چاکسازیی لە حکومەت، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سیاسەتى دەرەوە، پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا، پشتیوانیکردنى پارێزگاان، کەرتى پەروەردە، زیادکردنى رۆڵى ژنان، بەرنامەى وەزارەتەکان.

لەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختیش، زورفى ڕایگەیاندووە، ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەماوەى ساڵێکدا لەدواى متمانەدان بە کابینەکەى لە پەرلەمان،  هەروەها جەختیکردووەتەوە لەسەر پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازانە و جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، دۆزینەوەى بکوژانى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان و گەیاندنیان بە دادگا.

خاڵێکى کارنامەکە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و تێیدا زورفى جەختیکردووەتەوە، کە روانینى ئیجابی دەبێت بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنى هاوبەش لەسەر بنەماى دەستور و رێزگرتن لە شەراکەت و یەکگرتویی عێراق.

 17ی مانگی (ئازار/3)، سەرۆک به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، مه‌رسومی  كۆماری تایبه‌ت به‌ڕاسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ ده‌ركرد و عه‌دنان زه‌رفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راسپاردو ماوه‌ی مانگێكیشی بۆ دیاریكرد، تا كابینه‌ی حكومه‌تی نوێ پێكبهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×