"نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر دەكرێتە ناوەندی چارەسەری کۆرۆنا"
  2020-04-05       261       

بەقسەی بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر، نەخۆشخانەی رزگاری لە شارەكە دەكرێتە ناوەندی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش دوای زیادبونی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسەكە دێت.

ئاوێنە: دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"لە شاری ھەولێر ژمارەیەک نەخۆشخانەو شوێن ئامادەکراون بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی بە توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماردەکرێن و پێشتر نەخۆشەکان لە ھەردو نەخۆشخانەی پێشمەرگە و ئیماراتی لە بەحرکە چارەسەردەکران."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر وتیشی"ھەر لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەخۆشخانەی رزگاریی ھەولێر کە ٤٠٠ قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت ئامادەکراوە بۆ کاتی پێویست و ئێستا بەھۆی زیادبونی ژمارەی توشبووانەوە، نەخۆشخانەكە تایبەت دەکرێت بە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا."

دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد"جگە لە نەخۆشخانەی رزگاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێرو زۆر شوێنی دیکەش ئامادەن بۆ کاتی پێویست، لەوانەش نەخۆشخانە تایبەتەکان."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×