تره‌مپ: لە رۆژانی داهاتودا بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەگاتە لوتکە
  2020-04-06       420       

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا دەگاتە لوتکە، دەشڵێت، رەزامەندی دەربڕیوە لە راگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی لە ٥٠ ویلایەتدا.

ئاوێنه‌: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە میانەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، ''رەزامەندیم دەربڕیوە لەسەر راگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی لە ٥٠ ویلایەتی ئەمریکادا''.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتودا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا دەگاتە لوتکە، نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو زیاتر لە ١٨٠ وڵاتی دیکەی جیهان بەرەنگاری هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بونەتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا رونیکردەوە، تا ئێستا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەمریکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ئەنجامداوە، ''بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرک چاوەڕواننەکراوبوە، بەڵام لەئێستادا رێژەی مردن تێیدا کەمبوەتەوە''.
 
لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چوەتە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی کە زۆرۆترین زیانیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرکەوتەوە، تا ئێستا ٣٣٦ هەزار و ٨٣٠ کەس توشی کۆرۆنا بون و نۆ هەزار و ٦١٠ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×