كەرەنتینەی ئیجباری لە هەرێم ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت
  2020-04-06       1066       
په‌رله‌مانتارێكى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بە توندی ڕەخنە لە ڕێنماییەکانی كەرەنتینە کردنی ئیجباری دەگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوەی لە دونیادا نایبینی، لەم دەسەڵاتەی هەرێم چاوەڕێ دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە ئەرکەکەی خۆی لەبیر کردووە و دەیەوێ کاری ڕێکخراوی خێرخوازی بکات".

ئاوێنه‌: عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ رایگه‌یاند، "لە هەندێ سایت و میدیا ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمم بینی، کە گوایا لەمەودوا ڕێگە بە هیچ کەمپینێكی خێرخوازی نادات و خۆی بەو کارە هەڵدەستی، بەڕاستی ئەوەی لە دونیادا نایبینی، لەم دەسەڵاتەی هەرێم چاوەڕێدەکرێت"

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی: ئاخر چی حکومەتێک لە دونیادا، مانگێک میللەته‌كه‌ی بکاتە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی نە مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات، نە بیرێک لەو دەیان هەزار کەسە بکاتەوە کە هیچ سەرچاوەیێکی بژێویان نیە و ژیانیان لەمەترسیدایە؟ چی دەسەڵاتێک هەیە داوا لە خاوەن موڵکەکان بکات لە کرێی کرێچییەکانیان خۆش بن، کەچی خۆی ئامادە نەبێ لە مانگێکی ئەو دەیان باج و ڕسوماتە زه‌به‌لاحانه‌ خۆش بێت کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە

ناوبراو دەشڵێت: "28 ساڵە خەڵک دەچەوسێننەوە و داهاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بەکاردەهێنن، ئێستا کە خێرخوازان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ئەرکی بەهاناوەچونی هەژاران دەگرنە ئەستۆ، چاویان بەرایی نادات ئەو هاوکارییە وەک خۆی بگاتە هەژاران و ئەو زۆرینەیەی کۆمەڵگە کە لەسایەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا برسیکراون، دەیەوێت ئەو دەروازەی هاوکارییەش دەستبەسەردا بگرێت و بە دەردی داهاتی نەوت و داهاتە زەبەلاحەکانی دیکەی بەرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×