پۆلیسی سلێمانی: 4 تۆمەتبار دەستگیركران كە تەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا كردبو
  2020-04-06       549       

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی شارەزور چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە تەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا كردبو.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە كە چەند كەسێك تەقەبەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا دەكەن كە نەخۆشێك دەگوازێتەوە بۆ گوندێك لەسنوری قەزای شارەزور .

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی شارەزوری ڕاسپارد كە هەستن بە دۆزینەوەی تۆمەتباران و دەستگیركردنیان .

لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە: مەفرەزەكان لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربەبەشی پۆلیسی شارەزور چوار تۆمەتبار دەستگیربكرێن .

وتوشیەتی: لەئێستادا تۆمەتباران (ن. ع. ح.)، (أ. م. م.)، (أ. أ. م.) و (أ. ق. ع.) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .

پێشتریش هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی سلێمانی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبو: بە فەرمانی دادوەر چوار کەس كە لە روداوە نەخوازراوەکەی دوێنێی گوندی "بێسەڵمێن"ی سەر بە قەزای شارەزوردا بەشدارییان کردبو، دەستگیرکران و رێوشوێنی یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×