17 بڕیار لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانییەوە
  2020-04-06       634       

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێكی نوێی دەركردو دەڵێت: قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەنێوان یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی تر و پارێزگاكانی عێراقدا بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە سەعات 6ی ئێوارە بۆ سەعات 12ی شەو تا رۆژی 10ی نیسان.

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەكە لە گشتاندنێكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگاكەی كردوە، بڕیارەكانی خستۆتەڕو.

دەقی بڕیارەكان:

١-قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەنێوان یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی ترو پارێزگاکانی عێراقیشدا تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت.

٢-قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواو لە سەعات (٦)ی ئێوارە بۆ سەعات (١٢)ی شەو تا ڕۆژی (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) شەوانە بەردەوام دەبێت.

٣-دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەمو قائیمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لەماوەی سەعات (١٢)ی شەو تا (٦)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەپێی ڕێکارەکانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندکراون و لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستیەکان، پلانەکانیان جێبەجێ بکەن.

٤-شەوانە لە سەعات (١٢)ی شەو بۆ سەعات (٦)ی بەیانی هاتوچۆی سنوردارکراو بۆ کاری زۆر پێویست بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان، لە سنوری قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕێگەپێدراو دەبێت.

٥-قەدەغەکردنی هاتوچۆ ئەو سێکتەرانە ناگرێتەوە کە لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا دیاریکراون، بەتایبەتیش پزیشکانی هەڵگری ناسنامەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان.

٦-هاتوچۆی کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی کە (پشو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەوکاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆناوە دیاریکراون لەڕێی ناسنامەو پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەکانی خۆیانەوە دەبێت، وەک (تەندروستی، کارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی دروستکردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک، بانکە حکومییەکان، گەنجینەکانی ١ و ٢، کشتوکاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنورییەکان، گومرگ، فڕۆکەخانە، شێڵتەرو خانەکانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچوان).

٧-کەرتی تایبەت لە بوارەکانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، کارەبا، پەیوەندییەکان، ئینتەرنێت، سیتیەکان، کۆمپانیاکانی سکوریتی، عەلوە، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بانکی ئەهلی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی پێداویستیە تەندروستیەکان و پاککردنەوە، کۆمپانیاکانی خۆراک، پەلەوەر، خانوی پلاستیکی و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، کۆمپانیاکانی دابەشکاریی، چالاکیی فرۆشتنی کارگە پیشەسازییەکان، کارگەکانی دەرمان) بەردەوام دەبن بەپێی ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکانی پێشتر دیاریکراون.
٨-كارمەندو ڕۆژنامەوانانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نوسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەركی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.

٩-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە كارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە موچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.

١٠-هەمو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و لیواکانی سکرتاریەت و هێزەکانی پێشمەرگە، بە شێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبونی گەڕەكەكان، لە تیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبون بە قەدەغەی هاتوچۆوە جێبەجێ‌ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتوچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەمو تیمێكدا ڕێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.

١١-لەدوای سەعات (١٢)ی شەوی (٦/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە، هەمو چالاكییە ئابوریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبون‌و کۆمپانیاکانی سکوریتی و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان وەک (مارکێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – کە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن))، لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بە هەماهەنگیی (ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کۆمەڵەی هاوردەو هەناردەکاران و یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاریی) ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەکە کارگێڕییەکان) ڕێکاری پێویست بۆ هەر بوارێکیان دیاریدەکەن و ڕایدەگەیەنن).

١٢-جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.

١٣-پێویستە هەمو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.

١٤-هەمو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.

١٥-بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشو بەردەوام دەبن.

١٦-بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەو كاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.

١٧-پێویستە هەمو هاوڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و مێدیاكان‌و ڕێكخراوەكان بایەخی تەواو بە كەلتوری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لە ئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٦ / ٤ / ٢٠٢٠

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×