ئه‌نجامی‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوداوی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر پزیشكه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌
  2020-04-07       1699       
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ له‌باره‌ی‌ ڕوداوی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر پزیشكه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌به‌شێكی‌ ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا ئەوە ڕونبوەوە، كە هەردو لایەنی ئەم ڕوداوە دڵسۆزانە لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا بون، كە پاراستنی تەندروستیی گشتیی‌و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانە، هەر هەڵچوون‌و گلەییەكیش لەكاتی ڕووداوەكەدا ڕوویدابێت لەئەنجامی پەرۆشیی‌و پابەندیی‌و شەونخونیی‌و ماندوبونی هەردو لایەنەكەوە بووە، كە بەبەردەوامیی لەئەرك‌و خەمی تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادان."


ده‌قی‌ ڕونكردنه‌وه‌كه‌:


ڕوونكردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە

دوێنێ‌ لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆدا، ڕووداوێكی نەخوازراو لەنێوان بەڕێزان تیمێكی چاودێریی‌و پزیشكێكی بەڕێزدا ڕوویدا.
هەر دوێنێ‌ لەگەڵ ڕووداوەكەدا لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێنا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا ئەوە ڕوونبوویەوە، كە هەردوو لایەنی ئەم ڕووداوە دڵسۆزانە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا بوون، كە پاراستنی تەندروستیی گشتیی‌و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانە، هەر هەڵچوون‌و گلەییەكیش لەكاتی ڕووداوەكەدا ڕوویدابێت لە ئەنجامی پەرۆشیی‌و پابەندیی‌و شەونخونیی‌و ماندوبوونی هەردوو لایەنەكەوە بووە، كە بە بەردەوامیی لە ئەرك‌و خەمی تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادان.
لەگەڵ ڕێزو سوپاس‌و پێزانینمان بۆ كەرتی تەندروستیی‌و ئەركی تیمەكانی پشكنین‌و چاودێریكردن، بەڵام لەو سۆنگەیەوە كە كەرتی تەندروستیی و بەتایبەتیی پزیشكە بەڕێزەكان لە ڕیزی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەدان‌و پشكی سەرەكیی ئەركی پاراستنی تەندروستیی گشتیی، وەك هەمیشە؛ كەوتە سەر ئەم خۆشەویستە خۆنەویستانە؛
بۆیە جارێكی تریش داوای لێبوردنی خۆمان پێشكەش بەم پزیشكە بەڕێزەو تەواوی هاوپیشە بەڕێزەكانی دەكەین، كە بە هەڵوێست‌و تێگەیشتنی شایەنانەیان، بوون بە بەشێكی گەورەی چارەسەرو هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە بەم ئومێدو ئیرادەو گیانەبەرزەوە دەتوانین یەكگرتووانەو سەركەوتووانە ئەم دۆخە تێپەڕێنین.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٧/ ٤/ ٢٠٢٠
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×