لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی تەنها ١٨ تووشبووی کۆرۆنا ماونەتەوە
  2020-04-08       430       
لەگەڵ بەردەوامی رێکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVİD-19) تا دێت حاڵەتەکان لە پارێزگای سلێمانی کەمتر دەبنەوە و ئەمەش پەیامێکی دڵخۆشکەرە بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی پارێزگاکە.

ئاوێنه‌: بەپێی زانیاریەکان  لەئێستادا، ١٨ حاڵەت لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماونەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان کە ئەوانیش ١٠ دەربەندیخان، ١ سەیدسادق، ٢ بازیان، ئەوانەی تریش تووشبووی شاری سلێمانی-ین.

تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی، ٨٥ ‌حاڵەت دوای وەرگرتنی چارەسەریی لە نەخۆشخانەکاندا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە، ٣ حاڵەتی مردن هەیە کە هەرسێکیان نەخۆشی تریان لەگەڵ بووە وەک شێرپەنجە، دڵ و نەشتەرگەریی هەستیار.

سەرجەم ئەو حاڵەتانەی تۆمار دەکرێن لە پارێزگای سلێمانی داخڵ بە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ دەکرێن کە تایبەتکراوە بە کۆرۆنا.

لە لێدوانێکدا بۆمیدیاکان جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دکتۆر هێرش قادر ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا، دۆخی تەندروستیی تەواوی نەخۆشەکان جێگیرە و چارەسەری وەردەگرن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو رایگەیاند، لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ، رێنمایی نوێ دەردەکەن تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVİD-19).

– لە هەڵەبجە تا ئێستا ١٩ حاڵەت لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریدان

لەلایەکی ترەوە پارێزگای هەڵەبجە کە درێژترین سنووری هەیە لەگەڵ ئێران کە یەکێکە لە هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەمیانی گەڕانەوەی گەشتیارانی هەرێم.

لەئێستادا لە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەڵەبجەدا، ١٩ نەخۆش چارەسەری وەردەگرن و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە، دکتۆر ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەمی نەخۆشەکانی کۆرۆنای نوێ لە نەخۆشخانە تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا، ٢٨٤ کەس لە پارێزگای هەڵەبجە کەرەنتینکراون و رۆژی شەشی نیسان دوایین کەسانی کەرەنتینکراو کە ٤٨ کەس دەبوون دوای پشکنینەکان کە دەرکەوت نێگەتیڤ بوون، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و لەئێستادا، هیچ کەسێکی کەرەنتینەکراو لە پارێزگاکەدا نەماوە.

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامیان هەیە بۆ دیاریکردنی کەسی یەکەمی تووشبوو کە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکەدا، ئەویش لەپێناو زیاتر کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتا جیهانییە، گومان دەکرێت یەکێک بێت لە تووشبووان کە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەری کە چووبێتە ئێران، بەڵام لەئێستادا گومانەکان بە ئاراستەیەکدان کە دەشێت بە قاچاخ هاتوچۆی کردبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×