وەزارەتی دارایی بڕیاریدا سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان كارابكرێت
  2020-04-09       1089       

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان شەش بڕیاری نوێی دەركرد، لەوانە كاراكردنی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان و راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بۆ ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەڕێوەبەرایەتییەكە کە دەبێتە تاکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمی كوردستان كە گشت خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بەسەرپەرشتى ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا لەسەر:

١- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە.

٢- بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین،  کە دەبێتە تاکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.

٣- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

٤- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.

٥- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.

٦- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×