ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی لە دوو بنکە لە عێراق کارا کردووە
  2020-04-11       806       

ئەفسەرێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، “سوپای ئەمریکا، سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لە بنکەکانی عەین ئەسەد لە پاریزگای ئەنبار و حەریر لە پارێزگای هەولێر کاراکردووە”.

ئاوێنه‌: ئەو ئەفسەرە ئاشکرای کردووە “سیستەمی پاتریۆت سەربە سوپای ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی حەریر لە پارێزگای هەولێر کاراکراون”.

هاوکات ئەفسەرەکە راسیگەیاندووە کە چاوەڕان دەکرێت سیستەمی دیکەی بەرگریی پاتریۆت لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی تاجی لە باکووری بەغدا دابندرێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکى-یش بڵاویکردەوە کە کاراکردنی سیستەمی پاتریۆت لە عێراق، ئامانجی لێی پاراستنی گیانی سەربازانی سوپای ئەمریکایە لەناو ئەو بنکانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا هێرشی مووشەکیان کراوەتە سەریان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەستیکردووە بە چۆڵکردنی بنکەکانیان لە عێراق، هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، چۆڵکردنی ئەو بنکانە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعشە لە عێراق .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×