سیستانی وەڵامی پرسیارێك دەداتەوە لەبارەی رۆژوی رەمەزان لەسایەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا
  2020-04-11       894       

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر مانگی رەمەزان هات و موسڵمان ترسا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، ئەوا دەتوانێت بەڕۆژو نەبێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە عەلی سیستانی لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە لەبارەی ئەوەی "ئەگەر مانگی رەمەزان هات و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بڵاوبونەوە بەردەوام بو، لە کاتێکدا پزیشکان دەڵێن پێویستە ئاو بخۆنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبون بەو ڤایرۆسە، ئاخۆ ئەم هۆیە ئەرکی رۆژوگرتنی ئەمساڵ لەسەر شانی موسڵمانان لانادات؟"

عەلی سیستانی لە وەڵامەکەیدا وتویەتی"رۆژوگرتن لە مانگی رەمەزاندا ئەرکێکی تاکەکەسییە، بۆیە هەرکەسێک بتوانێت رۆژو بگرێت، پێویستە رۆژو بگرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەسەر کەسانی دیکە ئەرکە یان نا."

سیستانی باسی لەوەشكردوە"ئەگەر مانگی رەمەزانی داهاتو هات و موسڵمان ترسا توشی کۆرۆنا ببێت، ئەگەرچی هەمو رێکارەکانی خۆپارێزیشی گرتبێتەبەر، ئەوا لە هەر رۆژێکدا بترسێت توشی ڤایرۆسەکە ببێت، رۆژوگرتن لەسەری ئەرک نییە."

مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق جەختیشی لەوە كردۆتەوە، "بەڵام ئەگەر کەسێک بتوانێت ئەگەری توشبونی بە نەخۆشییەکە کەمتر بکات بە رادەیەک هیچ مەترسیی لەسەر خۆی دروست نەکات، وەک لە رێگەی مانەوە لە ماڵەوە و تێکەڵنەبون لەگەڵ کەسانی دیکە و بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش و دژەڤایرۆس، ئەوا پێویستە بەڕۆژو ببێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×