هابەرماس لەبارەی کۆرۆناوە: هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ زانینمان لەبارەی نەزانینی خۆمان نەبوە
  2020-04-13       1269       

گفتوگۆی مارکوس شڤێرینگ لەگەل یورگن هابەرماس - فرانکفورتەر ڕوندشاو
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال  


یورگن هابەرماس، 18 ژونیۆی 1929 لە شاری دیوسلدۆرف هاتۆتە ژیانەوە، لێ لە شاری گومەرسباخ پێگەیشتووە. ئەو فێرکار بوو لە زانستگەی فرانکفورت و ئەمڕۆ لە شتارنبێرگ دەژی. هابەرماس لە لایەنی خۆیەوە بەردەوامیی دا بە تیۆریی ڕەخنەیی مارکسیستی، لێ ئەوەی لە شێوەی تیۆریی دیسکورزدا ئەنجام دا کە کارێکی قۆناغچێکەر بوو و لەوێوە پاشان چووە نێو بناغەڕشتنێکی دەوڵەتی دێمۆکراتییانەی یاساوە بە چۆنێتییەکی تایبەتییەوە.


نووسینەکەی یورگن هابەرماس بە ناونیشانی "هەروەها مێژوویەکی فەلسەفەش" پایزی ڕابوردوو بڵاوکراوەیەوە. ئەو لە دوو بەرگدا مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوایی وەک ڕێگەیەک لەباوەڕەوە ڕووەو زانین دادەڕێژێت. ناونیشانی بەندی یەکەم بریتییە لە "پەیوەندیی خۆرئاواییانەی باوەڕ و زانین"، بەرگی دووەمیش ئەم ناونیشانەی هەڵگرتووە: "ئازادیی ئاوەزمەندانە. شوێنەوارەکانی دیسکورزی باوەڕ و زانین".

 

- پرۆفیسۆر هابەرماس، ئایا بەڕێزتان وەک کەس چۆن لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا دەژین، ئایا چۆن ئەزموونی دەکەن؟
هابەرماس: من تەنیا دەتوانم ئەوە ببێژم کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا بەهۆشمدا هات. بەردەوام نایەقینیی گەورەتر بەرۆکی کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانمان دەگرن، لێ ئەم کۆمەڵگانە بە شێوەی خۆماڵی (لۆکاڵ)، هەروەها بە کاتی جیاواز لە یەکدی، بەرەو ڕووی تەنگژەکان دەبنەوە، ئەوجا پسپۆرانی تایبەتکراو کەم یان زۆر لەنێو ئەم یان ئەو کەرتەسیستەمی کۆمەڵگەدا کار لە تەنگژە سەرهەڵداوەکاندا دەکەن، لێ هەنووکە بەرانبەر ئەو خۆماڵێتی و ناهاوکاتییەی بەرەنگاربوونەوە نایەقینیی لێرەبوونی (وجودی) مرۆڤ بە شێوەی گلۆبال و هاوکاتی بڵاودەبێتەوە، ئەوە تەنانەت لەنێو سەری تاکەکەسەکاندا کە لەنێو تۆڕی میدیاییدا پێکەوە گرێدراون.
هەموو تاکەکەسێک پەیوەند بە ڕیسکەکانەوە ڕۆشنایی پێدەدرێت، ئاخر بۆ ئەوەی بەرهەڵستیی پاندێمییەکە بکرێت، ئەوا خۆدابڕینی تاکەکەس بۆ خاتری سیستەمی تەندروستی کە ئەمڕۆ بێئەندازە خواستی لەسەرە، گرنگترین ڤاریابلە (گۆڕراوە / متغیر). جگە لەوە نایەقینییەکە تەنیا پەیوەند نییە بە زاڵبوونەوە بەسەر مەترسییە پەتاییەکاندا، بەڵکو هەروەها پەیوەندە بە سەرەنجامە پێشبینینەکراوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە. لەم ڕووەوە (هەنووکە تەنیا دەتوانین ئەوەندە بزانین) ڕەوشی ڤایرۆسەکەی لێدەربچێت، هیچ پسپۆرێک نییە بتوانێت ئەم سەرەنجامانە بخەمڵێنێت. پسپۆرەکانی بواری ئابووریناسی و سۆسیالناسی باش دەکەن خۆیان لە پێشبینیکردنی هەڵەشە بەدووربگرن. ئاخر هەنووکە دەتوانین ببێژین کە هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ زانینمان لەبارەی نەزانینی خۆمان و هەروەها لەبارەی ناچاری بۆ نواندنی کردار و بۆ ژیانی نایەقین نەبووە.


- وا خەریکە کتێبە نوێکەتان بە ناونیشانی "هەروەها مێژوویەکی فەلسەفەش" لە چاپی سێیەمیدا بڵاودەبێتەوە. لێ بابەتەکەی بەڕێزتان (پەیوەندیی باوەڕ و زانین لە دابی هزرینی خۆرئاواییدا) زۆر ئاڵۆزە. ئایا چاوەڕانی ئەم سەرکەوتنە بەرچاوەی بەرهەمەکەی خۆتان کردبوو؟
هابەرماس: کاتێک مرۆ کتێبیکی بەم چەشنە دەنووسێت، بیر لە مەسەلەی ئەوها ناکاتەوە. مرۆ تەنیا لەوە دەترسێت کە لەو کارەیدا بکەوێتە هەڵەوە. ئاخر مرۆ لە هەر بەشێکی نووسینەکەیدا بیر لە بەربێژیی ئەو پسپۆرانە دەکاتەوە کە شارەزاییان لە وردەلایەنی بابەتەکەدا زیاترە.


- من خۆم تایبەتمەندییەکی فێرکارییانە (دیداکتیک) لە نووسینەکەتاندا سەرنجی ڕاکێشام، واتا: چەندپاتکردنەوە، ئاوڕدانەوە لە ڕابوردوو، پوختەسازیی دوورکەوتۆوە لە بابەت، سەرجەمی نووسینەکەیان بونیادناوە و لە خوێندنەوەدا رۆڵێک بۆ پشوودان دەگێڕن. ئەوها دەنوێنێت کە بەڕێزتان بییەوێت ڕێ بۆ نەشارەزایان خۆش بکات بێنە نێو بابەتەکەوە.
هابەرماس: تا ئێستا خوێنەرانی کتێبەکانم بریتی بوون لەهاوکارە ئەکادیمییەکانم و فێرخوازانی زانستگەیی بەشە زانستییە جیاوازەکان، یان بە تایبەتی لەنێو مامۆستایاندا بوون کە هەندێکیان وانەی ئێتیک (ئەخلاقناسی) و سۆسیۆلۆژییان گۆتۆتەوە. لێ ئەم جارە لە ماوەی یەکەم مانگەکانی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا، لەنێو دەنگدانەوەی نامەکاندا کە بۆم دەنێرران، جمهورێکی تەواو جیاوازی خوێنەرم پێگەیشت – ئەو کەسانە کە گرنگی بە بابەتی باوەڕ و زانین دەدەن، لێ هەروەها لە نێویاندا کەسانی بەگشتی هزریو و گەڕاو بەدووی ڕێنوماییدا هەبوون، وەک پزیشکان، کارگێڕان، پارێزەران و هتد. وا دیارە کە ئەوان کەمێک متمانە بە فەلسەفە دەکەن کە بتوانێت کاری گومانهەڵنەگرتوو ئەنجام بدات. ئەمەش دڵخۆشم دەکات، چونکە پسپۆریی باڵا، کە بەتایبەتی زیان بە دیدی فەیلەسوف و خودی بەشی فەلسەفە دەگەیەنێت، یەکێک بوو لە وروژێنەکانی ئەو پرۆژەیەم.


- وشەی "هەروەها ..." لە ناونیشانی کتێبەکەتاندا، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هێردەر، سەرم لێ تێکدەدات ...
هابەرماس: وشەی "هەروەها" لە ناونیشانەکەدا خوێنەر لەوە بەئاگادەهێنێت کە ئەو کارە ڕاڤەکردنێکی نوێی مێژووی فەلسەفەیە لەپاڵ ڕاڤەکردنانی دیکەی شیاودا. ئەم ژستە بێفیزە گەڤی خوێنەر دەکات کە نەکەوێتە هەڵەوە و وا باوەڕبکات کە گۆیا مێژوویەکی فراوان داڕێژراو و تەنانەت کۆتاییپێهێنراوی فەلسەفەی بەدەستەوە گرتووە. من خۆم لەسەر هێڵی ڕاڤەکردن (ئینتەرپرێتاسیۆن) دەڕۆم، بەگوێرەی ئەم شێوە هزرینەش دەتوانین لە مێژووی فەلسەفە وەک پرۆسەیەکی فێربوون تێبگەین، گەر هاتوو تێگەیشتنێکی تایبەت ی هزرینی پاش-مێتافیزیکی وەک شێوەی تێڕوانین دابین بکەین. هیچ نووسەرێک ناتوانێت خۆی لە شێوە تێڕوانینێکی دیاریکراو بەدووربگرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە هەمیشە لەم شێوە تێڕوانینەدا بڕێک لە باوەڕی تیۆرییانەی خودی نووسەرەکە وێنەدەداتەوە. ئەمە لە خۆیدا نیشانەی ئاگاییەکی فاللیبیلیستییە، لێ ئەم جۆرە ئاگاییە هێشتا هەر بە هیچ شێوەیەک ڕێژەیەتی نادات بەو داواکارییە بەرزکراوەیەم کە گۆزارەکانم / دەربڕینەکانم کرۆکێکی ڕاستییان لەخۆگرتووە.


- وشەی "هەروەها" لە ناونیشانەکەدا ئەو پرسیارە دەهێنێتە پێشەوە کە داخۆ مێژووی فەلسەفە و بابەتی باوەڕ / زانین چە پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە هەبێت. لێ من وای بۆ دەچم کە ئەو پەیوەندییەی نێوانیان بەدەر نییە لە پێکەوەنەگونجاوی.
هابەرماس: من وەک فەیلەسوف گرنگی بەو پرسیارە دەدەم کە داخۆ ئێمە چی لە دیسکورزی باوەڕ و زانینەوە فێرببین، لێ بەم هۆیەوە کێشەی پەیوەندییەکەی نێوان ئەخلاق و نەریت، کە لە نێوان کانت و هێگلدا هەبوو و بەهەڵواسراوی مابوویەوە، لێرەدا بەتایبەتی کاری تێدا دەکرێت، ئاخر ئەمە کێشەیەک بوو کە هاوکات لە وەرگرتنی ناوکە هەمەکییەکەی ئێتیکی (ئەخلاقناسیی) خۆشەویستیی کریستیانییەوە کەوتەوە، کە بێگومان وەرگرتێکی هاوکات بەجیهانیکەر (سێکولاریزەکەر) و توندرەوکەر بوو. بابەتەکەی من ئەوەیە کە ناوەرۆکە نێوەندییەکانی نووسراوە کۆنینە ئایینییەکان تێگەییانە تەرجومە بکەم – کەواتە مەسەلەکە بریتییە لە وەرگرتنی پاش-مێتافیزیکییانەی ئەو ئیدێیە کە بەو پێیە سەرجەمی ئیمانداران کۆمونەیەکی گشتگیر و خوشکبرایانە پێکدەهێنن و هەر ئەندامێکی شایانی ئەوەیە مامەڵەیەکی دادپەروەرانەی لەتەکدا بکرێت، ئەوە بێگومان بە ڕەچاوکردنی کەسێتیی تایبەت و لە دەرەوە نوێنەرایەتینەکراوی خودی ئەو. ئەم هاومافییەی هەر تاکەکەسێک بابەتێکی بێبایەخ نییە و ئەمڕۆ هەروەها لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا دەیبینین.


- ئەمە تا چە ڕادەیەک؟
هابەرماس: لە ڕەوتی تا ئێستاکەی ئەم تەنگژەیەدا توانیومانە و دەتوانین لە هەندێک وڵات سیاسەتمەداران ببینین کە بەهۆی دوودڵییانەوە دواکەوتن ستراتیژییەکەیان لەو بنەمایەوە ئاڕاستەبدەن، کە دەبێت بەڕەهایی فەزل بدرێت بە تەقەلای دەوڵەت بۆ ڕزگارکردنی هەر تاکە ژیانێک لە پێش حسابکاریی سوودگەرایانەی تێچوونە (خەرجییە) نەخوازراوە ئابوورییەکانەوە کە دەشێت لەو ئامانجەی ڕزگارکردنی ژیانەوە وەک سەرەنجام بکەوێتەوە. گەر دەوڵەت لە پێناوی ئەوەدا پەتاکەی ڕانەگرتایە، تاکو ئیدی بەخێرایی بگات بە پاراستنێکی سەروزیادی سەرجەم دانیشتوان، ئەوسا دەوڵەت دەبوو بەناچاری حساب بۆ تێکشکانی پێشبینیکراوی سیستەمی تەندروستیش بکات، بەمەش دەبوو پەسندکەرانە حساب بۆ مردنی تا ڕادەیەک زۆری دانیشتوان بکات. "مێژووی فەلسەفە"کەی من هەروەها ڕۆشنایی دەخاتە سەر پاشخانی فەلسەفەی-ئەخلاقیانەی ستراتیژییە هەنووکەییەکانی مامەڵەکردن لەتەک ئەم جۆرە تەنگژانەدا.


- وا دیارە کە توولەڕێی گۆڕانی فەلسەفەی خۆرئاوایی لای بەڕێزتان سەرباری هەموو پچڕان و دەستپێکە نوێکان هێشتا هەر تا ڕادەیەک ڕێکڕەوتییانە ئاڕاستەبگرێت. ئایا ئەم ڕێکڕەوتییە بەو ڕێیەوە بەدەستناهێنرێت کە مرۆڤ دەبێت بە ناچاری لە پێناوی ئەو مەبەستەدا زیانی دی لە ئەستۆ بگرێت؟
هابەرماس: مێژووی نەریتییانەی فەلسەفە بەبێ وشە سەرلێتێکدەرەکەی "هەروەها" تەقەلا بۆ تێکڕایی دەدات، کە وەک گۆتمان هەرگیز هیچ تاکە نووسەرێک ناتوانێت بە تەنیا ئەنجامی بدات. بێگومان داواکارییەکە بۆ گەڕان بەدووی "پرۆسەی فێربوون"دا وای پێشاندەدات کە هەروەک مەسەلەکە لێرەدا بریتی بێت لە مێژوویەکی زانستەکان، کەواتە شێوەیەکی تێڕوانین بێت کە لەم پەیوەندییەدا بە هیچ شێوەیەک باو نییە. ئاخر ئەم شێوە تێڕوانینە لە لایەک سەرپێچیی ئەو بڕوا پلاتۆنییە دەکات کە وایدادەنێت هەموو فەیلەسوفە مەزنەکان هەمیشە بە شێوازی جیای خۆیان لە هەمان مەسەلە دەهزرێن، لە لایەکی دیکەش سەرپێچیی ئەو بێبڕواییە (گۆماندارییە) دەکات کە ئەمڕۆ بەرانبەر هەر تێگەیەکی پێشکەوتن لەگۆڕێیە و بووە بە باو، هەروەها لەوە دەچێت مێژووییانە ڕوونکرابێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، منیش نامەوێت نوێنەرایەتیی هزرێکی مێژوویی-فەلسەفەییانەی پێشکەوتن بکەم. ئەوجا گەر ئێمە "فێربوون" وەک ڕێنوما لە واتای توولەڕێی چارەسەری کێشەدا، کەواتە تولەڕێی بەردەوامیخەرەوەدا هەڵببژێرین، ئەوا ئەم کارە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ئێمە تێلیۆلۆژییەک دەدەینە ژێر مێژووی فەلسەفە. هیچ تێلۆسێک (دوایەمین مەبەستێک) نییە کە مرۆ بتوانێت بە "ڕوانین / نەزرە لە هیچکوێ" بیناسێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەم ڕوانینەی "ئێمە" هەیە، ئەوە بێگومان بەرەو پاش لەسەر توولەڕێی هۆکارگەلی جیاواز کە کەم یان زۆر باشن، هەروەها لێوەیان چارەسەرە کاتییەکان ی جۆرێکی تایبەتیی کێشە بەدووی یەکدا دێن، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە ئەو چارەسەرە کاتییانە بەردەوام لە ڕەوتی مێژوودا بەتەحەداوە داواکراون.


- لێ ئایا کتێبەکەی بەڕێزتان ئەو پرسیارە ناهێنێتە پێشەوە کە داخۆ لە هزرینی فەلسەفەییدا "پێشکەوتن"ێک هەبێت، یان بەسانایی بپرسین: ئایا کانت "باشتر"ە لە ئەڕیستۆتێلیس؟
هابەرماس: بێگومان باشتر نییە، بە هەمان شێوەی چەند کەم ئاینشتاین لە نیوتن "باشتر" بوو. مەبەستی من ئەوە نییە کە جیاوازییە گرنگەکان لە نێوان هزرینی فەلسەفەیی و زانستیدا بکوژێنمەوە، من هەروەها نامەوێت لە هەمان واتادا لە "پێشکەوتن" بدوێم. لای هەر یەکەیان دەستپێکی تیۆریانە و پارادیگمەکان بە شێوازی جیا "کۆن دەبن". لێ ئەو فەیلەسوفە ناوبراوانە لەو ڕووەوە بوون بە پێشەنگ، کە ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا و لە ڕۆشنایی هەر پرسیارکردنێکی هەنووکەییەوە، هەروەها پەیوەند بەو زانیاری و هۆکارانەوە کە ئەو دەمە لە بەردەستدا هەبوون، چارەسەریان کردوون. ئەوان تێڕوانینی ئەوتۆیان داڕماندووە کە تا سەردەمی ئەوان چواندیان هەبووە. ئەوان هەروەها بوون بە هزرڤانی کلاسیکی، لێرەشدا کلاسیکی ئەم واتایە دەگەیەنێت: ئەوان تا ئەمڕۆ دەتوانن لەگەڵمان بئاخڤێن. جگە لەوە تەنانەت تیۆریی مۆدێرنی زانست خۆی بە تێڕوانینەکانی نێو "دووەم شرۆڤەی" (Analytica posteriora)ی ئەڕیستۆتێلیسەوە گریدەدات، یان ئێتیکی مۆدێرن خۆی بە تێگەکانی کانتەوە لەمەڕ ئۆتۆنۆمی و دادپەروەری گرێدەدات – جا گەرچی ئەو کارە لە میانەی ئەو زمانە تیۆرییانەدا دەکەن کە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.


- من لای بەڕێزتان هەست بەوە دەکەم – من بەکاتی وای بۆ ناچم – کە بەڕێزتان هاوسۆزییەکی زۆرتان بۆ بەدیهێنانە فەلسەفەییەکانی چەرخی نێڤینی کریستیانی هەیە. ئایا تۆ بڵێیت ئەم هاوسۆزییە سەرەنجامی پرۆسەیەکی فێربوون بێت کە بۆ خودی بەڕێزیشتان لەناکاو بووبێت؟
هابەرماس: من ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، لە دوایەمین موحازەرەمدا پێش خانەنشینبوونم، خۆمم بە تۆماسی ئەکوینییەوە خەریککرد. من ئەو دەمە سەرسام بووم بە هێزی بنیاتنەر و بە پڕییە ناخەکییەکەی ئەم سیستەمە مەزنە. ئەوجا خوێندنەوەی دەن سکۆتوس و ویلیەم ئۆف ئۆکهام بە هەمان شێوە کاری تێکردم. بەڵێ ئەمانە پێکڕا پرۆسەگەلی فێربوونن کە من درەنگتر ڕووم تێکردوون. گەر هەڵە نەبم، من بەم پرۆسانەی فێربوون خۆم تێهەڵکێشی ئاڕاستەیەکی توێژینەوە دەکەم کە دەمێکە لەگۆڕێیە، مەبەستم لە نرخاندنەوەی سەرلەنوێی چەرخی نێڤینی باڵایە، کە پتر لە مۆدێرنە نزیککەوتۆتەوە.


- سەرەڕای ئەوە من لەسەر ئەو پرسیارە، کە داخۆ چە کەسێتییەکی مێژووی فەلسەفە لە نووسینەکەتاندا بە بەهێزترین شێوە لەتەک خودی بەڕێزتاندا یەکبگرێتەوە، وەڵام دەدەمەوە کە ئەو کەسێتییە سپینۆزایە. لەو بەشەدا کە لەبارەی سپینۆزا نووسیوتانە، هەندێک باسی تێدایە کە دەتوانم خۆبەخۆ لەکاتی خوێندنەوەیاندا یەکسەر ببێژم، ئەها، هابەرماس لەوێدا وەسفی خۆی دەکات.
هابەرمەس: ئەمە بۆ من کەمێک سەرسامکەرە. لێ ڕاڤەکارێک دەتوانێت لە نووسەرێک باشتر تێبگات وەک نووسەرەکە لە خۆی. من تازە بە تازە لە خوێندنەوەی سپینۆزادا لە مەسەلەیەک تێگەیشتووم. لە پاشخانی مێژووی مارانەکانەوە (ئەو جولەکە ئیسپانییە چەوساوانە کە لەژێر زەبری پاشای ئیسپانیادا تەنیا بەرواڵەت وازیان لە ئایینی خۆیان هێنابوو و ئیمانی کاتۆلیکییان وەرگرتبوو) تێگەیشتم کە بۆچی سپینۆزا لەنێو خانەوادە بۆرژوازییە ئەڵمانی-جولەکەییەکانی زۆر هزرڤانی سەدەی بیستەمدا نزیکەی ڕێزلێنانێکی زۆرتری لە کانت پێبڕابوو. لیۆ شتراوس لە ڕێبەریدا بۆ وەرگێڕانی ئینگلیزیی کتێبەکەی لەسەر سپینۆزا باس لەوە دەکات کە سپینۆزا ئەو گومڕا و ئاتێئیستە (مولحیدە) نەبوو کە بەهۆیەوە لە سەردەمی خۆیدا ڕاودەنرا، بەڵکو ڕۆشناییدەرێکی سەرڕاست بوو، ئەوجا گەر بۆ ئەو هۆی لەبار هەبوواوە، ئەوسا لەوێدا نکۆڵیی لە گەوهەری رەچەڵەکی ئایینیی خۆی نەدەکرد، بەڵکو – بە زمانی هێگل ببێژین - ئەو رەچەڵەکەی خۆی تێکهەڵکێشەرانە "هەڵدەگرت" (aufheben) بۆ سەر ئاستێکی باڵاتر. من بەڕاستی هاوسۆزیم بۆ ئەوە هەیە. گەر لە ڕووی مێژووی نواندنی کاریگەرییەوە بڕوانین، دەبینین کە هزری سپینۆزا بەتایبەتی بەڕێی فەلسەفەی سروشتی شێلینگ ی گەنجەوە چووە نێو سەرەتاکانی بزاوتە تیۆرییە مەزنەکەی ئیدیالیزمی ئەڵمانییەوە.


- لە بنەڕەتدا نیتچە لە کۆنتێکستی تیۆلۆژییانەی "خودا مردووە"دا زۆر نایاب بە بابەتە نێوەندییەکەی "باوەڕ و زانین" دەگونجا، کەچی بەڕێزتان بەتایبەتی ڕەچاوی نیتچەتان نەکردووە. بۆچی؟
هابەرماس: هەموو هەرزەکارێک کە ئامادەیی بۆ ئەدەب تێدا بێت، جارێک بە دەنگی بڵند نیتچەکەی خۆی خوێندۆتەوە. منیش هەروەها. لێ نیتچە کە گۆتەی "ویست بۆ دەسەڵات"ەکەی لە سەردەمی نازییەکاندا سۆسیال-داروینییانە ڕاڤەکرابوو و هاوکات وەک فەیلەسوفی دەوڵەت پێیدا هەڵدەدرا، دوای جەنگ هێشتا هەر زۆر نزیک بوو لێمانەوە. لەبەر ئەم هۆ سیاسییە من لەدژی ڕاکێشهێزی بەردەوامی ئەم پەخشانە کوترابووم. ئەوجا تەنانەت دوای ئەوە کە من لە شێوە تێڕوانینی فەڕەنسییەوە لایەنە شارییەکانی (ئوربانەکانی) نیتچەم باشتر ناسی، هێشتا هەر خۆم لەم نووسەرە بەدوورگرت – ئەوە جگە لەو بیرۆکانەی ئەو کە لە ڕووی مەئریفەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە بەواتا بوون. جگە لەوە هۆکارگەلی بابەتی وام لێدەکەن کە قەنائەت بە "ژێنیالۆژیی کریستیانەتی"ی نیتچە نەهێنم، ئەوە تەنانەت وەک بزوێنەرێکیش بۆ لێهزرین – ئاخر نیتچە لەو نووسینەیدا پەیوەندییەکی زۆر نائازادی لەتەک بابەتەکەیدا هەیە. ڕاستییەکەی من تەنیا گرنگی بە ڕوویەکی تایبەتیی کاریگەرییە مێژووییەکەی نیتچە دەدەم، کە بێگومان نەدەشیا لەنێو چێوەی کاتەکییانەی پرۆژەکەمدا جێیەکی بۆ تەرخان بکەم. مەبەستم بە پوختی لەوەیە کە من گرنگی بەو مەیلە بەدبەختەی زۆر فەیلەسوف دەدەم، کە چۆن تا ڕادەیەک ئەزموونی ئایینیی چەپێنراو وەردەگۆڕن بۆ ئێستێتیکێتی.


- بەڕێزتان چەند جارێک فۆرمولی "ئاتێئیزمی (ئیلحادی) جەماوەری" لە کۆمەڵگە مۆدێرنە خۆرئاواییەکاندا بەکاردەهێنن. ئەمە زرنگەیەکی نزمنرخێنەرانەی هەیە و دەشێت ئەو مەیلە گشتییەی بەڕێزتان بۆ ئەوە بڕاستێنێت کە چۆن ئێوە بە پێچەوانەی هۆشی سەردەم هەڵوێست وەردەگرن، کەواتە تەواو "جیهانییانە" کاتێک ئەو جیهانێتییە هێشتا هێندە خوازراو نەبێت، ئەوجا تەواو ڕەخنەیی بەرانبەر "جیهانێتی" هەرئەوەندی سادە و سانا بە جەماوەری فراوان بگونجێنرێت.
هابەرماس: من هەست دەکەم لەمەدا بەهەڵەتێگەیشتنێک لە من هەبێت. من بە تێگەی "ئاتێئیزمی جەماوەری" کە تێگەیەکی سۆسیۆلۆژیانەیە، دەمەوێت تەنیا ئاماژە بۆ ئەوە بدەم کە چۆن هێزی گرێدەری کلێسەکان لە ڕووی چەندێتییەوە کزبووە، ئەوەش بابەتێکە کە من لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا کارم تێداکردووە. ئێمە ئەم ڕەوشە هەنووکە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپادا دەبینین. لێ بەڕێزتان شیش لە هەڵوێستێک دەدەن کە من خۆم دەشێت ڕەخنەییانە ناوی بنێم "سێکولاریستی".

 

فەرهەنگۆکی وەرگێڕ
فاللیبیلیزم: قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی-ڕاسیۆنالیستییە (ئاوەزگەرایی ئامرازیانەی مەبەستمەندە)، کە وای دادەنێت هیچ مەئریفەیەک بەدەر نییە لە هەڵە.
چەرخی نێڤینی باڵا: چەرخی نێڤینی ئەوروپی بەسەر سێ قۆناغی سەرەتا و نێوەند و باڵادا ڕەت دەبێت. چەرخی نێوەندی باڵا بەر نوێسەردەمی ئەوروپی دەکەوێت.
تێلیۆلۆژی: ڕێبازی مەبەستداری کە وایدادەنێت هەموو ڕوداو و گۆڕانێک هەمیشە مەبەستێکی دوایەمینی هەیە.
تیۆریی دیسکورز: هابەرماس لەنێو تیۆریی ڕەخنەیی ناونراودا بە قوتابخانەی فرانکفورت لە ئاوەڵاکردنی هزری خۆیدا خۆی بە وەرچەرخانی زمانییەوە (linguistic turn) گرێ دەدات. دیسکورز کە لە بنەڕەتدا واتای "هێنان و بردنی زمانییانە"، "لێدوان" دەگەیەنێت، لای هابەرماس بریتییە لە "نێوەندی ڕاسیۆنالێتیی گفتوگۆ (کۆمونیکاتیڤ)".

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×