“گەرانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا پەیوەندی بەسەرۆكایەتی هەرێم‌و لایەنی نێودەوڵەتیەوە هەیە”
  2018-12-23       1185       

ئا: ئاوێنە

 

 

 

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە، جەلعان عەلی، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا “ئەنەكەسە”رایدەگەیەنێت گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا بۆ رۆژئاوای كوردستان پەیوەندی بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و لایەنی نێودەوڵەتیەوە هەیە، ئاماژەبەوەش دەكات ئەنەكەسە للەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە زۆر پشتیوانی‌و هاوكاریی كراوە.

 

 

 

ئاوێنە: پرسی گەرانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا بۆ رۆژئاوای كوردستان بەكوێ‌ گەیشتوە؟

 

 

 

جەلعان عەلی: بەقورئان من زۆر باش ئاگاداری ئەو بابەتی گەراندنەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا نیم، ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە ئەگەر بریارێكی واش هەبێت ئەوا پەیوەندی بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە هەیە.

 

 

ئاوێنە: دۆخی رۆژئاوای كوردستان لەدوای بریارەكەی دۆناڵد ترەمب بۆ كشانەوەی سەربازەكانیان چۆنە؟

 

 

 

جەلعان عەلی: مەترسییەكی گەورەی لەنێو شەقامی كوردی دروستكردوە، دڵەراوكێی لەنێو لایەنە سیاسییەكانیش دروستكردوە، بەتایبەت گەلی ئێمە لەرۆژئاوای كوردستان لەشەری دژی داعش خوێنی زۆری رشتوە‌و قوربانی زۆری داوە، بەتایبەت خوێنێكی زۆری رۆڵەكانی كوردی رۆژئاوای كوردستان لەسەر خاكی دەرەوەی سنورەكانی رۆژئاوا لەكاتی شەركردنیان دژی داعش گیانیان بەخشی، بەتایبەت لەناوچەكانی منبەج، دیرەزور، رەققە‌و ناوچە عەرەبییەكان و هاوپەیمانانیش هیچ بەڵێنێك نەدا بۆ پاراستنیان لەدوای شەری داعش، جارێكی تر دەیڵێمەوە بریارەكەی سەرۆكی ئەمریكا ترس‌و نیگەرانی لای خەڵك‌و لایەنە سیاسییەكانیش دروست كردوە، دەبینین دوای ئەو هەمو قوربانیدانە مەترسی هەیە لەدوای شەری داعش دەستبەرداری گەلی كورد ببن، ئەمرۆ ئەمریكا‌و روسیا لەلایەك‌و وڵاتانی دیكەی هەرێمی دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی سوریا دەكەن‌و رۆژانە كاریگەریی دەستوەردانەكانیان هەست پێدەكرێت‌و كێشەی زۆر دەخەنە سەر كێشە كەڵەكە بو و چارەسەر نەكراوەكانی تری، ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستاش مەترسی داعش كۆتایی نەهاتوە‌و بگرە ترسی جارێكی تر سەرهەڵدانەوەیان هەیە.

 

 

 

ئاوێنە: لەپێناو گەرانەوەتان بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئامادەن هاوكاری دەوڵەتی توركیا بكەن؟

 

 

جەلعان عەلی: ئێمە دەخوازین هاوپەیمانی بكەین ئەگەر دەرفەت هەبێت، نەك تەنها بۆ گەرانەوەمان بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەگەر دەرفەت هەبێت پێمان خۆشە لەگەڵ توركیا هاوپەیمانی ببەستین، بەڵام تا ئێستا ئەوە ئەنجامنەدراوە لەبەر نەبونی دەرفەت، ئێمە هاوپەیمانی دەكەین بۆ ئەوەی دەستدرێژی نەكرێتە سەر گەلی ئێمە لەرۆژئاوای كوردستان‌و خاكەكەمان، ئێمە وەك ئەنەكەسە هەمیشە دانوساندن‌و كاریی پێكەویی‌و هاوپەیمانیمان پێ باشە‌و بە گرنگی دەزانین.

 

 

 

ئاوێنە: پێتان خۆشە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەوەنەوە ژێر ركێفی حكومەتی سوریا بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد‌و سوپاكەی؟

 

 

 

جەلعان عەلی: باش نیە‌و ئێمە لەگەڵ ئەوەنین حكومەتی سوریا بگەرێتەوە بۆ ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، چونكە بەشار ئەسەد‌و سوپاكەی تا ئێستا هیچ كات رەحمی بە گەلی كورد نەكردوە، ئەو بریارەكانی لەرابردو و ئێستادا هەمیشە لەدژی گەلی كودستان بوە، ئێستا ئەو رژێمە كە توشی چەندین قەیرانی ناوخۆیی‌و دەرەكی بوەتەوە‌و بە تەواوی دەربازی نەبوە هێشتاش هەر بریارەكانی لەدژی كوردە، پێشتریش هیچ مافێكی نەداوە بە كوردەكانی سوریا‌و هەمیشە سەركوتی دەكردن بە ئاگر‌و ئاسن، ئێستا بەشار ئەسەد بەم لاوازییەوە بریار لەدژی كورد دەردەكات دەپرسم ئەی ئەو كاتەی بەهێزبویەوە چی دەكات، بەشار ئەسەد ئەگەر بیشگەرێتەوە پێویستە دان بە مافی كورد بنێت، باوەری بەوە هەبێت كوردیش پێكهاتەیەكی سوریایە بەڵام دڵنیام هیچ مافێك بە كورد نادات‌و ئەوەشی هەیە لەناوی دەبات.

 

 

 

ئاوێنە: پارتی دیموكراتی كوردستان تا چەند هاوكاری ئەنەكەسەیە تا بگەرێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان؟

 

 

 

جەلعان عەلی: پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە هاوكارییەكانیان بۆ ئێمە بەردەوام بوە، بەراستی زۆر هاوكاریی ئەنەكەسە‌و گەلی كوردی رۆژئاواو ئاوارەكانیان كردوە لەسەر ئاستی سیاسی‌و ئابوری، جەنابی سەرۆك بارزانی بە ئێمەی وتوە كە چ رێككەوتنێك بكەین ئەوان پشتیوانیمان دەكەن‌و پێی رازینهەر چیەك بێت، سەرۆك بارزانی پێی وتوین بەرژەوەندی خۆمان لە چیدا ببینین ئەو پشتیوانیمان دەكات‌و بەتەواویش لەهاوكاریكردنی ئێمە كەمتەرخەمی نەنواندوە، بارزانی دەڵێت ئەنەكەسە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بێت یان لەگەڵ رژێمی سوریا بێت هەر خۆمان بە تەنها بێت هەر پشتیوانی دەكەین.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×