فراكسیۆنی فەتح: كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت، هێزەكانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە
  2020-04-16       907       

محەمەد غەبان، سەرۆكی فراكسیۆنی فەتح لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بڕیاری كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت گرێدراوە بە كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق و جەختیشی كردەوە كە بڕیارەكە هێزەكانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

ئاوێنە: محەمەد غەبان لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق(واع)، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە، وتویەتی: كوتلە سیاسییەكان رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی تیمێكی راوێژكاری بۆ هاوكاریكردنی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو تا پەلەبكرێت لە رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەمەبەستی دەستبەركردنی سەركەوتنی دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكومەتی نوێ و دوبارەنەبونەوەی ئەوەی سەبارەت بە محەمەد تۆفیق عەلاوی رویدا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە كابینەكەی مستەفا كازمی تێكەڵەیەك لە كەسانی سەربەخۆ و كەسانی سیاسی كە خاوەنی تێڕوانینن بۆ ئیدارەدانی وڵات لەخۆدەگرێت لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی دەستپاكی و كارامەیی لەهەڵبژاردنیاندا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لایەنە سیاسییەكان سورن لەسەر متمانەدا بە حكومەتەكەی كازمی بەر لە مانگی رەمەزان.

سەبارەت بە پرسی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق، غەبان وتویەتی: لایەنە شیعەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رێككەوتون لەسەر كشانەوەی هێزە بیانییەكان بەپێی خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراو و جەختیشی كردۆتەوە كە "كازمی لەكۆبونەوەیدا لەگەڵ لایەنەكان بەڵێنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی داوە" بۆ كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان.

سەرۆكی فراكسیۆنی فەتح ئەوەشی وتوە: لایەنی ئەمریكی جددی نییە لە كشانەوەو رادەستكردنی چەند بنكەیەك لەلایەن ئەمریكاوە بە هێزە عێراقییەكان بەم دواییانە لەچوارچێوەی سەرلەنوێ جێگیركردنەوەی هێزەكانیاندایە لەبەر چەند هۆكارێكی تەكتیكی بۆ پاراستنی سەربازەكانیان بەتایبەت لە سایەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.

رونیشیكردۆتەوە كە "كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، گرێدراوە بە چونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق و ناكرێت داوای داماڵینی چەك لەو گروپانە بكرێت كە دروشمی بەرگرییان بەرزكردۆتەوە هەتاوەكو پاساوی هەڵگرتنی ئەو چەكەیان هەبێت كە بونی هێزی بیانییە لەعێراق." 

محەمەد غەبان جەختی كردۆتەوە كە دوای دەركردنی هێزە بیانییەكان دەوڵت دەتوانێت هەرچی چەكە لە دەستی لایەنە جیاجیاكاندا لەنێویاندا عەشیرەتەكان و هەروەها پێشمەرگە، كۆبكاتەوە.
 
 
 
 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×