بەمەبەستی ڕێگریکردن لەبەرزبونەوەی نرخ و راگرتنی ھاوسەنگی بەروبومی ھاوردەو ناوخۆ و زیاد نەبوونی نرخ، ھاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاریدەکرێت و جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت ھەموو ھەوڵمان دەخەینە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لەبەرزبونەوەی نرخ.
ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی: ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩.٣.١٣ لە دیوانی قائیمقامیەت بەبەشداری ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری کردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا کۆبوویەوە، پاش ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرھەمھێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بکرێت کە ھاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.
لە دوای کۆبونەوەکەش رزگار حمد خدر- جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی ووتی: ھۆکاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشت نەھاتنی ئاژەڵی زیندووە لە وڵاتی ئێران و سوریاوە کە ئەو دوو وڵاتە خۆیان لە قەیرانی ئابوری خرابدان ، یەکێکی تر لەھۆکارەکان ھاوتاکردنی تەعریفەی گومرگی ھەرێم و حکومەتی عێراقە کە نرخی ھەندێک کەلوپەل بەرز بۆتەوە .
جێگرەکەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی دڵنیایی دەداتە ھاوڵاتیان کە نرخی مریشک بەرز نابیتەوە تەنھا لەھەندێک کاتی کەمدا نرخ بەرزونزمیەکی کەم بەخۆیەوە دەبینێت پەیوەندی بەبەرھەمی ناوخۆوە ھەیە کە خاوەن کێڵگەپەلەوەریەکان ھەماھەنگیەکی پتەویان نیە کەھاوسەنگی لەچواروەرزەی ساڵدا ڕاگرن ئێستا خۆشبەختانە دەواجینەکانمان جوچکە و مریشکێکی زۆری تێدایەو لەماوەیەکی کەمدا دێتە بەرھەم و نرخ کەم دەبێتەوە .
رزگار حمد ئاماژەی بەوەش کرد: بڕی ئەو بەروبومانەی لەم مانگەدا ھاوردە دەکرێن بریتی یە ٥٠٠ تۆن مریشکی بەستوو ١٠٠٠ تەن مریشکی بەستوو بۆمانگی ئایندە ٥١٠ تەن ھێلکەی خواردن بۆمانگی چوار و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سور بۆمانگی چوار لەگەڵ ھاوردەکردنی ١٥ ھەزار سەرئاژەڵی زیندوو بۆ ھەرسێ مانگی داھاتوو ھاوردە بکرێت .
وتیشی: بەھۆی ھاتنی وەرزی زاوزێی و قەدەغەکردنی راووکردنی ماسی-یەوە ھەورەھا ھاتنی وەرزی گەشت و سەیران بڕیارداوە ٣٤٠٠ تۆن ماسی بۆ سێ مانگی ئایندە ھاوردەبکرێت تا کەموکورتیەکان و خواستی بەکارھێنەرەکان پڕبکاتەوە.