ئەو خانمە عێراقییەی كه‌ مێردەکەی ئاگری تێبەردرا گیانی لەدەستدا
  2020-04-20       1197       
مەلەک حەیدەر ئەلزوبەیدی، ئەو خانمە 20 ساڵەی لە نەجەف لە لایەن مێردەکەی توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدرا و سووتێنرا، بەهۆی سەختی برینەکەی، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئاوێنه‌: ماڵپەڕی ئەلجەزیرە لەزاری خوشکەکەی بڵاویکردەوە، دوای لە کارکەوتنی گورچیلە و سییەکانی و مانەوەی بۆ ماوەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانە، مەلەک گیانی لەدەستداوە.

بە ووتەی خێزانی مەلەک، محەمەد مەیاهلی هاوسەری مەلەک، کە خاوەنی دوو ژن بووە، ئاگری تێبەرداوە و بۆ ماوەی هەشت مانگ رێگەی نەداوە دایک و باوکی سەردانی مەلەک بکەن و بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامداوە.

محەمەد خۆی ئەفسەرە و باوکی پلەدارێکی سەربازییەوە، پێشتر باوکی هۆشداریی دابوو، یاسا ناتوانێت دەست لە کوڕەکەی بدات، بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس، مەلەک لە ژێر هەڕەشە، سکاڵاکەی گۆڕیووە.

لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکەش، دەوترێت، لەگەڵ مێردەکەی بووەتە دەمەقاڵێیان، مێردەکەی بە کێبڵی بارگاویکردن، توندوتیژی بەرامبەر کردووە. دواتر مەلەک، کە هەمووگیانی نەوت بووە، لەبەر دەرگا، گڕیگرتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×