لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق: رێگەنادەن حكومەت دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات
  2020-04-20       886       

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە لەوەی رێگەنادەن حكومەت دەستكاری مووچەی فەرمانبەران بكات.

ئاوێنه‌: هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە سەبارەت بە ئەگەری كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بڵاوكراونەتەوە و ڕایگەیاند دەنگۆی پێشكەشكردنی پێشنیازی بڕینی ڕێژەیەكی مووچەی فەرمانبەران ڕاست نییە.

جبوری لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: “بەداخەوە كەسانێك هەن هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو بڵاودەكەنەوە سەبارەت بەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان موچە دەبڕیێت یاخود پێشنیازی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی پیشكەش كردبێت یان ڕێگری لە دامەزراندنی توێژێك كردبێت”.

ڕوونیشیكردەوە هەندێك پێشنیاز بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی دارایی پێشكەشكراون، وەك چالاككردنی گومگرگ و باج.

ئەم لێدوانەش لە كاتێكدایە كە عەلا فەهد وتەبێژی ئەمنیدارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی فەرمی “سەباح” ڕایگەیاند بە هۆی گۆڕانكارییە ئابوورییەكانی ئەمدواییە و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە، وەزارەتی دارایی چەند پێشنیازێك بۆ گۆڕینی سیستمی مووچە دیراسە دەكات.

ڕوونیشیكردەوە كە بەشێك لەو پێشنیازانەی بە شێوەیەكی نا فەرمی خراونەتەڕوو برییتین لە دەستكاریكردنی مووچە بە ڕێژەی 25% یاخود ئاشەكەوتنكردنی ناچاریی یاخود كەمكردنەوەی دەرماڵە ناجێگیرەكان.

فەهد ئەوەشی خستەڕوو كە و بابەتە بۆ حكومەتی نوێ بەجێدەهێڵدرێت كە دەبێت ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بكات و تێیدا پێشنیاز و ڕێگەچارەكان بۆ گۆڕانكارییە داراییەكان دەخرێنەڕوو.

وتەبێژەكەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕاشیگەیاند كورتهێنانی بودجە لەمساڵدا بە 40 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمە جگە لەو پابەندبوونە داراییانەی وەك دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر حكومەتن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×