وته‌بێژی پارتی: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاراده‌كرێته‌وه‌و دواتر گفتوگۆ له‌سه‌ر یاساكه‌ی ده‌كرێت
  2019-03-14       717       

وتەبێژی ره‌سمی پارتی رایگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوەو دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نوسینەوەی دەستوری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت. دەشڵێت، ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین.

ئاوێنه‌: مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی ره‌سمی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی ره‌سمی حزبه‌كه‌ی جەختی لەو هەوڵ و كۆششانەی خۆیان كردۆتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومه‌ت و دام و دەزگاكانی دیكە و كاراكردنی پەرلەمان.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ رێككەوتنیان كردوە، تا لە رۆژی هەژدەی مانگ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، بەڵام دیار بو ئەوكات یەكێتی نەگەیشتنە قەناعەت و بەشدار نەبون، وتیشی"ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین، دەبێت ئەم پرۆسەیە بەشێوازێك، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ ئەوەی لە ئێستادا لە بەردەمیاندایە، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێكبهێنێت، سه‌باره‌ت به‌دوایین كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وتیشی"كۆبونەوەمان كردوە و بەڕاشكاوانە قسەمان كردوە، ئەوان پێویستییان بەوە بو، كە بڕۆنەوە و كۆبونەوە بكەن و لەناوخۆی خۆیاندا لەسەر ئەو پێشنیارو بۆچونانەی ئێمەو ئەوان هەمان بوە، هاوكات ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردومانە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، دواتر ئاگادارمان بكەنەوە، كە لە زوترین كاتدا پێكەوە كۆبونەوەی دیكە بكەین."

جەختیشی كردۆتەوە، كە هەوڵ دەدەن كۆبونەوەی دیكە ئەنجام بدەن و روی ئەوە دەربكەوێت، كە كابینەی نوێ زوتر پێك بێت.

سەبارەت بە چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەسەر بارودۆخی كەركوك لەگەڵ یەكێتی، مەحمود محەمەد تیشكی خستۆته‌سەر ئەوەی، كە ئەو پرسە خراوەتە ژێر دەستی مه‌سعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ، بە بابەتی بەغداشەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانیش چەند كەسێكیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردوە، كە كاری لەسەر بكەن.

ناوبراو ئاشكرایشی كرد، وەكو پارتی كار بۆ ئەوە دەكەن هەرچی زوترە كابینەی نوێ پێك بهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەیشە كە حكومەتێكی بەهێز بە پشتیوانیی هەمو لایەنەكانەوە بتوانین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەر بۆیەشە ئەوان وەكو پارتی پێیان باشە هەوڵ بدەن لە چەند هەفتەی داهاتودا هەمو بابەتەكان چارە بكەن.

مەحمود محەمەد راشیگەیاند، كە سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لەبۆچون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەمو لایەك دەیخەنە كاتی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×