ئەردۆغان: لەكڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی پاشگەزنابینەوە
  2019-03-15       715       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی لەكڕینی سیستمی موشەكەی ئێس 400 لەڕوسیا پاشگەزنابێتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی ئەمریكا لەوبارەیەوە هۆشداریان داوەتە ئەنكەرە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا بۆ ژمارەیەك كەناڵی تەلەفزیۆنی توركیا، رایگەیاند كە لەپرسی سیستمی ئێس 400ی روسی و فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكیدا ئاسایشی وڵاكەیان لەسەرو هەمو شتێكەوەیە.

ئەردۆغان باسی لەوە كرد كە هەڕەشەكی راستەقینە لە باشورەوە لەسەر توركیا هەیەو وتیشی"لەئێستدا ئەو جۆرە چەكە لەسوریا هەیە، بۆیە دەبێت دەستەبەری ئاسایشی وڵاتەكەمان بكەین، كاتێك دەمانویست كار لەسەر دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆمان بكەین، داوای سیستمی پاتریۆت-مان لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد بەڵام پێیان نەداین و وتویان كۆنگرێس رێگەنادات، لەسەر ئەو بنەمایە دەستمان بە رێكاری پێویست كرد، روسیاش لای خۆیەوە رێگەیەكی ئەرێنی لەو روەوە گرتەبەر."

سەرۆك كۆماری توركیا جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی پاشگەزنابێتە لە كڕینی سیستمی ئێس 400 لەڕوسیاو دوپاتیشیكردەوە كە لە تەمموزی داهاتودا سیستمەكە وەردەگرن.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی ئەمریكا لەوبارەیەوە هۆشداریان داوەتە ئەنكەرە كە لەئەگەری كڕینی ئەو سیستمەدا لەروسیا ئەوا پەیوەندییەكانیان روبەڕوی چارەنوسێكی مەترسیداردەبنەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×