نێچیرڤان بارزنی بۆ ئەلمۆنیتۆر: یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری داوە بە گۆڕان
  2019-03-15       3030       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە باس لەوە دەكات كە ئێستا شەڕەكە لەنێوخۆی یەكێتیدایە لەسەر ئەوەی كێ چ پۆستێك وەردەگرێت. هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری داوە بە گۆڕان و ئەمان شایستەی پۆستی زیاترن.

ئاوێنە: لەچاوپێكەوتنەكەدا كە لەلایەن ئەمبەرین زەمان-ەوە سازدراوەو ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستۆتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق، باری ئابوری هەرێم و پرسی كوردانی سوریا و هەڕەشەكانی توركیاو هەروەها هەنگاوەكانی پێكهینانی حكومەتی هەرێم. ئاوێنە پوختەیەكی ئەو چاوپێكەوتنە لێرەدا بڵاودەكاتەوە.

بارزانی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا زۆر لەپێشو باشترن

سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا بارزانی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەئێستادا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترن وەك لەوەی پێشو و وتوشیەتی"ئێستا لەوسەری تونێلەكە روناكییەكییەك دەبینن. لەبارەی بودجەوە گەیشتونەتە چارەسەرێكی مامناوەند. هەرچەندە ئەوە ئەو ئەنجامە نەبوە كە ویستومانە بەڵام گەیشتوینەتە هەندێك لە تێگەیشتن."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بودجە لەعێراق لەسیاسەتەوە گلێنراوەو راستە نەیانتوانیوە پشكی هەرێم بكەنەوە بە لەسەدا 17، بەڵام دانوستانیان لەسەر شتێك كردوە كە دەشێت لەبەرژەوەندی هەردولادا بێت.

وتوشیەتی"دەبێت پراگماتی بین. ئەمە قوناغی ئاساییكردنەوەیە لەگەڵ بەغدا. ئەمەش بەمانای ئەوە نییە هەمو كێشەكانی نێوانمان چارەسەربوبن. ئەمە شێوازێكی كاتییە رێگەمان پێدەدات كە چارەسەری كێشەی موچەی نەدراوی فەرمانبەران چارەسەر بكەین. لانیكەم كێشەی موچە چارەسەر بوە. ساڵێكی تەواومان لەبەردەمدایە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆی وردەكارییەكانی بودجە بەر لەدانانی پڕۆژە بودجەی گشتی ساڵی داهاتو. دەمانەوێت لەگرژییەكان دروبكەوینەوە."

ئابوری هەرێم بەرەو بوژانەوە دەڕوات

بەپێی قسەی بارزانی ئەوە وا دەكات ئابوری هەرێم بەرەو بوژانەوە بڕوات و لەئێستاوە بچیتە بازاڕ هەست بەوە دەكەیت و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەستكراوەتەوە بەهەندێك لەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابون.

وتوشیەتی"ئێمە قەرزاری ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا تایبەتەكان و بانكەكانی كەرتی تایبەتین. دەستمان كردوە بەدانەوەی ئەو قەرزانە. ئەمانەش هەمو هەواڵی دڵخۆشكەرن. لەگەڵ بەغدا لەسەر یەكخستنی رسوماتی گومرگی رێككەوتوین و ئەوەش لەهەمو دەروازە سنورییەكان جێبەجێ دەكرێت بە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلیشەوە، ئەو خاڵە گومرگیانەش كە هەبون لەنێوان هەرێم و عێراقدا هەڵگیراون."

بارزانی: ناوچە جێناكۆكەكان، جێی ناكۆكین

سەبارەت بە سنوری هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە كردوە، دەستەواژەی ناوچە جێناكۆكەكان خۆی رونە، ئەوە بە مانای ئەوەیە كە سەڵاحیەتی دەسەڵاتدارێتی ئەو ناوچانە بەتەواوی بۆ عێراق ناگەڕێتەوە. هەركەسێك لەو ناوچانە دەسەڵاتدارە، ئەوە لە راستی ئەو شتە ناگۆڕێت كە ئەو ناوچانە، جێی ناكۆكین.

وتوشیەتی"كاتێك قسەم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد پێموت؛ ئەگەر دەمانەوێت عێراقێكی سەقامگیرمان هەبێت و چارەسەری ناكۆكییەكانمان بكەین دو پرسی سەرەكی هەن كە دەبێت چارەسەربكرێن كە ئەوانیش رێكخستنی دابەشكردنی داهاتە لەنێوان بەغداو هەرێمدا و هەروەها چارەسەری ناوچە جێناكۆكەكانە. كێشەی تر هەن بەڵام پێوستە بەر لەوانی دیكە سەرنجمان لەسەر ئەم دو پرسە بێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە لەكاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا ئەو دو پرسە لە ئەولەویاتی كارەكانی دەبن و بەبەردەوامی سەردانی بەغدا دەكات و دو هەفتە لەمەوبەریش لەوێ بوەو وتوشیەتی"بێگومان چارەسەركردنی ئەو دو پرسە وەك سەرۆكی هەرێم لە ئەولەویەتی كارەكانمان دەبێت... ئەگەر رێككەوتنێكمان هەبێت لەسەر هاوبەشیكردن لە داهاتی كەركوكداو حكومەتی هەرێم بە پشكی دادپەروەرانەی خۆی بگات ئەوا پرسی ئەوەی كە چ شوێنێكی كەركوك بۆ كێ دەبێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رون دەبێتەوە."

باسی لەوەش كردوە كە باوەڕی وایە پێویستە مادەی 140ی دەستوری عێراقی بۆ یەكلاكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ بكرێت.

لەوەڵامی ئەوەدا كە ئایا سەرۆك وەزیرانی عێراق تێگەیشتنی بۆ ئەوە هەیە. نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"هیچ سیاسیەكی دیكەی عێراق نییە وەك عادل عەبدولمەهدی لەكێشەی كورد تێبگات و تێگەیشتنی بۆ ئەوە هەبێت." ئەوەش وەك بارزانی باسی دەكات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە عادل عەبدولمەهدی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لەگەڵیاندا جەنگاوەر بوەو لەگەڵیاندا بەشێك بوە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و لەگەڵ خۆی و هاوڕێكانی هاوكاری لەنێوانیاندا هەبوە.

وتوشیەتی"لەمنداڵیمەوە عادل عەبدولمەهدی دەناسم. ئەو هاوڕێیەو ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و هیوادارم بەردەوام بێت لەسەر ئەوە."

"پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەكی دوقۆڵی ئاسایی نین"

سەبارەت بە رۆڵی ئێران لەعێراقدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئێران رۆڵێكی گرنگی لەعێراقدا هەیەو ناكرێت پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق لەپەیوەندییەكی دوقۆڵی ئاساییدا كورتبكرێنەوە و وتویەتی"جوڵەی ئایینی و جوڵەی كۆمەڵایەتی و بازرگانی هەیە لەنێوان هەردو وڵاتدا. لەسەدا 45ی كارەبای عێراق لەئێرانەوە دێت. ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق دەگاتە نزیكەی 11 ملیار دۆلار."

سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و هەڵوێستی هەرێم

 لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر سەرۆكی ئەمریكا داواتان لێ بكات ئەو بازرگانییە لەگەڵ ئێران رابگرن چی دەكەن؟ ئایا ناتانخاتە هەڵوێستێكی زۆر موحریجەوە؟ ئایا حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە سیاسەتی تایبەتی خۆی دەبێت یاخود لەپەیوەست بەوە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"هاریكارییەكی زۆر هەیە لەگەڵ بەغدا لەوبارەیەوە. بەغدا دەڵێت دەبێت چاوپۆشییەكی دیاریكراو هەبێت بۆ هەندێك لە بڕگەكان(ی سزاكانی سەر ئێران). بۆ نمونە لەبارەی كارەباو غازی سروشتییەوە كە لە ئێران دەیكڕێت. لەبەرامبەر ئەوەدا پارەی ئەو خزمەتگوزاریانە دەبێت بە دیناری عێراقی بداتە ئێران نەك دۆلار. ئێران رەزامەندی لەسەر ئەم شێوازە نیشانداوە. ئێمە لەپەیوەست بەوەوە پابەنددەبین بەو بڕیارانەوە كە لەبەغدا دەردەچن."

نێچیرڤان بارزانی: پەكەكە پاساو دەداتە توركیا بۆ دەستوەردان لەهەرێم

 سەبارەت بە بونی توركیا لەهەرێمی كوردستان و بۆردومانی ناوچە سنورییەكانی هەرێم و كوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی، نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، "پاساو" پێشكەش دەكات بۆ دەستوەردانی توركیا.

وتوشیەتی"ناتوانین قبوڵی ئەوە بكەین كە هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەكی ئارام لەلایەن ئەو گروپانەوە بەكاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی كردەوە دژ بە دراوسێكانمان. بۆیە پێویستە دان بە نیگەرانییە ئەمنییە رەواكانی توركیادا بنێین. لەگەڵ ئەوەش چارەسەری سەربازی تەواو چارەسەرێكی هەمیشەیی ناهێنێتەدی. لەكۆتاییدا دەبێت گفتوگۆ هەبێت."

بارزانی: دەبێت ئۆجەلان یەكێك بێت لە گفتوگۆكارە سەرەكییەكانی پڕۆسەی ئاشتی

وتوشیەتی"پێشتر توانیمان لەگەڵ ئەردۆغان قسە بكەین بۆ ئەوەی هاوكار بێت لەخۆشكردنی زەمینەی پڕۆسەی ئاشتیدا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ. هەروەك لایەنی بەرامبەریشمان(پەكەكە) باوەڕپێ هێنا كە ئاشتی و گفتوگۆ تاكە رێگەی واقعین بۆ بەرەوپێشچون."

نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە دەبێت پەكەكە لەگفتوگۆكاندا بەشداری پێ بكرێت و دەشبێت عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە یەكێك بێت لە گفتوگۆكارە سەرەكییەكان.

"یەپەگەو پەیەدە بڕیار لە قەندیلەوە وەردەگرن"

پەیامنێرەكەی ئەلمۆنیتۆر باسی لەوە كردوە كە ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات كە یەپەگەو پەیەدە دوربخاتەوە لە سەركردەكانی پەكەكەو پەیوەندییەكانی نێوانیان بپچڕێت و بەوەش بڕوا بە توركەكان بهێنێت كە لەگەڵ كوردانی سوریا بگونجێن و پرسیاری ئەوەی لە نێچیرڤان بارزانی كردوە كە ئایا ئەوە واقعییە؟ نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"پێموا نییە. ئەو هێزە كوردیانە كە ئێستا باكوری رۆژهەڵاتی سوریایان لەژێر ركێفدایە، پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ پەكەكە هەیەو سەرجەم رێنمایی و بڕیارەكانیان لەقەندیلەوەن."

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەدا "بیستومانە ئەمریكییەكان داوای پشتوانی ئێوەیان كردوە بۆ دابڕاندنی یەپەگە لەقەندیل. ئایا ئەوە راستە؟" نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"نەخێر. بەڵام ئەمریكییەكان داوایان لێكردین ئەو گروپانە هانبدەین كە پەرە بە پەیوەندییەكی ئەرێنی لەگەڵ توركیا بدەن."

"دەبێت كوردانی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكەن"

 وتوشیەتی"پێموایە كوردانی سوریا پێویستە هەوڵی بەدیهێنانی چارەسەر بدەن لەچوارچێوەی سوریایەكی یەكگرتودا. دەبێت بەشداری لە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا بكەن."
ئەلمۆنیتۆر پرسیویەتی: واتە پێویستە كوردانی سوریا گوێ بە داوای ئەمریكا نەدەن كە دەڵێت نابێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"كارەكە پەیوەندی بە پشتگوێخستنی ئەمریكییەكانەوە نییە. ئەمریكییەكان وتویانە كە مانەوەیان لەسوریا پەیوەستە بە شكستهێنانی داعشەوە. ئەوەش مەبەستی سەرەكی دەستوەردانیانە لەسوریا. راستییەكە ئەوەیە رژێمی سوریا هێشتا لەسەرپێیەو كوردانی سوریا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو رژێمە بكەن بۆ بەدەستهێنانی چەند مافێكی دیاریكراو."

ئەلمۆنیتۆر: ئایا بەشار ئەسەد ئامادەیە هیچ مافێكیان بداتێ؟ من لەگەڵ چەند سەركردەیەكی پەیەدەو یەپەگە قسەم كردوە دەڵێن: نەخێر؟

نێچیرڤان بارزانی: لەئێستادا رژێم هەست بە باڵادەستی دەكات، بەڵام لەڕاستیدا هێشتا ناسەقامگیرییەكی زۆر لەسوریا هەیە. كاتێك كە حكومەتی سوریا سەروەری خۆی بۆ تەواوی سوریا بگێڕێتەوە سەقامگیرییەكی زیاتر لەو وڵاتە دەبێت و ئەوكات رژێم هەست بەمتمانەیەكی پێویست دەكات بۆ ئەوەی مافی كوردەكان بدات. رژێم پێویستی بەوەیە كە مامەڵە لەگەڵ ئەو راستییە بكات كە كورد بونیان هەیە و بونیان هەیەو دەسەڵاتیش و هەروەها ناوچەیەكیان لەژێر دەستدایە، بۆیە پێویستە رێگەیەك بدۆزنەوە بۆ چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ كورد.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا كێ دەتوانێت رۆڵی گەرەنتیكار ببینێت بۆ ئەنجامدانی هەر رێككەوتنێك لەنێوان كوردەكان و رژێمی سوریادا، ئایا ئێوە دەتوانن هیچ رۆڵێكتان هەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئەوەی ئامادەیی خۆیانی نیشانداوە بەڵام پێی وایە روسەكان دەتوانن بەشێوەیەكی كاریگەر بەو رۆڵە هەڵبستن و وتوشیەتی"هەمومان بۆمان گرنگە دراوسێیەكی سەقامگیری وەك سوریامان هەبێت، بەڵام ئەوە بەتایبەت بۆ روسیا گرنگە. روسیا لە پەیوەست بەو خاڵەوە سیاسەتی زۆر رونە. ستراتیژیەتی روسیا بە ئاڕاستەی دەستەبەركردنی سوریایەكی سەقامگیرە. بۆیە دەكرێت ئەوان یاریكەری سەرەكی بن لە دانوستانی نێوان كوردەكان و رژێمدا بۆ گەیشتن بە چارەسەر."

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ روسیا لەسەر ئاستی كەرتی تایبەتن

 ئەلمۆنیتۆر: روسەكان و كۆمپانیای روسنەفت تاڕادەیەك لەهەرێمی كوردستان بونەتە یاریزانی سەرەكی، كۆمپانیاكە زۆربەی پشكی بۆری نەوتی هەرێم بۆ توركیای كڕیوە.

نێچیرڤان بارزانی: لەڕوی ئابورییەوە، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ روسەكان هەیە، بڕێكی زۆر پارەیان وەبەرهێنان كردوە و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەوە. وایە؟ ئێمە خەریكی بەرفراوانكردنی پەیوەندییەكانمانین.

ئەلمۆنیتۆر: ئەی ئەمریكییەكان لەوە نیگەران نین؟

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ روسیا لەئاستی كەرتی تایبەتدایە. ئەوان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان و ئەوەش بۆ ئێمە سودمەندە.

لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی بەرگری لەهەڵوێستی توركیا دەكات

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە ترسی كوردانی سوریا لەئەگەری پاشەكشەی ئەمریكا لەو وڵاتەو هێرشی توركیا بۆ سەر یەپەگە، بەرگری لەهەڵوێستی توركیا كردوە.

بارزانی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا رەوان و پێویستە بەجدی وەربگیرێن، بەڵام بونی سەربازی گەورەی توركیا لەو ناوچەیە چارەسەری هیچ شتێك ناكات.

وتوشیەتی"پێموایە برا كوردەكانمان لەسوریا بەشێوەیەكی نەرێنی رەفتاریان بەرامبەر توركیا كرد. لەسەرەتاوە سیاسەتی توركیا دوژمنكارانە نەبو بەرامبەر كوردانی سوریا. نیگەرانی ئەوان لەبارەی پەكەكەوە بو، بەڵام بەداخەوە، برا كوردەكانمان لەسوریا هیچ دودڵ نەبون لە ئیستفزازكردنی توركیا لەوڕوەوە. توركەكان ئامادەبون دەروازەیەكی سنوریی لەگەڵ پەیەدە بكەنەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەوان ئاڵای پەكەكە لابەرن."

هەروەها وتوشیەتی"تەنانەت كاتێك ئێمە لەحكومەتی هەرێم پەیوەندیمان لەگەڵ پەیەدەو ساڵح موسلم، هاوسەرۆكی پەیەدە باش نەبو، توركەكان دەستپێشخەری ئەوەیان كرد كە نێوەندگیری بكەن لەنێوان ئێمەو پەیەدەدا بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانمان. من بە توركەكانم وت ناتوانم بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لەو شێوەیە بكەن بەڵام لەبری خۆم بەرپرسێكی گەورەی پارتی و فواد حسێن، وەزیری دارایی ئێستای عێراق دەنێرم. لەبەرامبەردا پەیەدە پێچەوانەی ئەوە رەفتاریان كردو تا دوا رادە ئیستفزازی توركیایان كرد. بۆ توركیا ئەو شتە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، چۆن بتوانن رێگە بدەن لەودیو سنوری ئەوانەوە هەموی لەژێر دەستی پەكەكەدا بێت؟ ئێمە پێویستمان بەوەیە گوێ لەهەردولا بگرین."

نێچیرڤان بارزانی: حكومەتی هەرێم بەمزوانە پێكدەهێنرێت

لەبارەی ئەوەی كەی حكومەتی نوێی هەرێم پێكدەهێنرێت و چی وایكردوە تا ئێستا پێكنەهێنراوە؟ نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"خەریكی گفتوگۆی چڕین لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەهەمان كاتیشدا دانوستانەكانمان لەگەڵ گۆڕان بەردەوامن. بەڵام مردنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی، بۆتە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناو یەكێتی خۆی. ئێستا ژمارەیەك باڵی جیاجیا لەناو یەكێتیدا بونیان هەیەو لەسەرمانە لەگەڵ هەمویان دانوستان بكەین، ئەمەش كێشەیەكی رونە. بەڵام لەسەر كارنامەیەك بۆ چۆنیەتی كاركردنمان رێككەوتوین. شەڕەكە ئێستا لەنێوخۆی یەكێتیدایە لەسەر ئەوەی كێ چ پۆستێك وەردەگرێت. یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری داوە بە گۆڕان و ئەمان شایستەی پۆستی زیاترن. بێگومان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك شەریكێكی ئێمە دەمێنێتەوەو دڵنیاشین لەوەی كە بەمنزیكانە حكومەت پێكدەهێنین."

مەسعود بارزانی هێشتا سەرۆكە راستەقینەكەیە؟

 لەكۆتاییدا ئەلمۆنیتۆر پرسیویەتی، ئایا دەتوانین بڵێین دواجار، مەسعود بارزانی مامت، هێشتا سەرۆكە راستەقینەكەیە؟

نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"بێگومان! ئەو تاكە كەسە ناتوانرێت لە دیمەنەكە بكرێتە دەرەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×