"پێویستە حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق بایەخێکی زیاتر بەهەڵەبجە بدەن"
  2019-03-15       787       
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌لێپرسراوانی‌ پارێزگاكه‌
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق بایەخێکی زیاتر بەهەڵەبجە بدەن. ئه‌و ده‌ڵێت، "هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی بەپشتیوانی دارایی‌و لۆژیکی هەیە".

ئاوێنه‌: له‌ساڵیادی‌ كیمیابارانكردنی‌ شاره‌كه‌، ئازاد تۆفیق رایگه‌یاندووه‌، عێراقی نوێ لەسەر بنچینەی بەرەنگاربونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی دروستبووەو هەڵەبجەش بەنمونەی قوربانی ئەو چەکە کۆمەڵکوژیانەی سەدام حوسەین‌و ڕژێمەکەی دەهێنرێتەوە، هەر بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی ناوه‌ندی عێراق‌و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بایەخێکی زیاتر بەهەڵەبجە بدەن.

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ئێستا پێنج ساڵە هەڵەبجە بووە بەپارێزگاو ئەم پارێزگایەش پێویستی بەپشتیوانی دارایی‌و لۆژیکی هەیە. بەڵام لەچوار ساڵی ڕابوردودا هەم بودجەو موچە لەدەوڵەتی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان بڕدراو هەم نرخی نەوت دابەزی هەم شەڕی وێرانکەری داعش ڕوبەڕوی میلەتەکەمان بوه‌وە.

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، خۆشبەختانە ئاسۆی تێپەڕاندنی قەیرانەکان ئێستا دەرکەوتون‌و "بەهیواین بتوانین ئاوەدانکردنەوەیەکی باش لەهەڵەبجەدا بکەین".

له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا، ئازاد تۆفیق جەختیش دەکاتەو، "پێش حکومەتی هەرێم دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، پێش حکومەتی هەرێم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە لێبراڵن‌و بەرەو لێبراڵی‌و بەرەو ئازادی‌و بەرەو دیموکراسی دەڕۆن، لەگەڵ یەکسانی ژن‌و پیاودان لەگەڵ مافی تاکدان لەگەڵ مەدەنیەتدان دەبێت هاوکاریمان بکەن. هەڵەبجە برینێکە لەجەستەی مرۆڤایەتیدا. هەڵەبجە ناوێکی لۆکاڵی نییە."

پارێزگاری هەڵەبجە باس لەوە دەکات کە لەبودجەی ساڵی 2019دا، هەڵەبجە بودجەی سەربەخۆی نییە، ئەمەش کێشەیەکی سەرەکییه‌.

ناوبراو دەڵێت، "ئێمە یاداشتمان داوە بەسەرۆک کۆمارو حکومەتی عێراقی کە چۆن لا لەئەهوارەکان دەکەنەوەو مافی خۆیانە، چۆن لا لەنەجەفی پیرۆزو کەربەلای پیرۆز دەکرێتەوەو ئەمەش مافی ئەو پارێزگایانەیەو بەهەمانشێوەش دەبێت لایەکیش لەهەڵەبجە بکەنەوە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×