یەكێتی وەڵامی لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی دەداتەوە
  2019-03-16       2675       

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لەوەڵامی دوا لێدوانی نێچیرڤان بارزانیدا لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، رایگەیاند، كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە وەك هەر حزبێكی ترەو تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم بەوجۆرەی بینرا، بەشێك بو لە ئاڵوگۆڕێك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی ناوخۆیی حزبی.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی، دوێنێ هەینی لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر" لەبارەی ئەوەی كەی حكومەتی نوێی هەرێم پێكدەهێنرێت و چی وایكردوە تا ئێستا پێكنەهێنراوە؟ وتبوی"خەریكی گفتوگۆی چڕین لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەهەمان كاتیشدا دانوستانەكانمان لەگەڵ گۆڕان بەردەوامن. بەڵام مردنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی، بۆتە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناو یەكێتی خۆی. ئێستا ژمارەیەك باڵی جیاجیا لەناو یەكێتیدا بونیان هەیەو لەسەرمانە لەگەڵ هەمویان دانوستان بكەین، ئەمەش كێشەیەكی رونە. بەڵام لەسەر كارنامەیەك بۆ چۆنیەتی كاركردنمان رێككەوتوین. شەڕەكە ئێستا لەنێوخۆی یەكێتیدایە لەسەر ئەوەی كێ چ پۆستێك وەردەگرێت. یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری داوە بە گۆڕان و ئەمان شایستەی پۆستی زیاترن."

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی رەسمی یەكێتی، ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای تەواوبونی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەبارەی ئەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانییەوە رایگەیاند"ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كە جەنابی كاك نێچیرڤان لەكاتی خراپدا قسەیەكی باشتر بكات لەوەی كە هەیە وەكو پێشتر كردویەتی. وەڵامی ئێمە بۆ ئەو قسانەی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی كاك نێچیرڤان كە تا ئێستا سەرۆكی حكومەتە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە. كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە وەك هەر حزبێكی ترە كە كێشەی هەیە. تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم بەو جۆرەی كە بینیتان بەشێكە لەئاڵوگۆڕێك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حزبیانەو نێوخۆیی."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×