وەزارەتی بەرگری توركیا: دو سەربازمان لەباكوری عێراق كوژران
  2019-03-16       729       

وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند، لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكدا لەباكوری عێراق دو سەربازیان كوژراون و هەشتی دیكەشیان برینداربون.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری توركیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمڕۆ شەممە 16/3/2019 لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكدا دژ بە "جوداخوازان" لەباكوری عێراق دو سەربازی توركیا كوژراون و هه‌شتی دیكەش برینداربون.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەو ئۆپەراسیۆنەدا "شەش جوداخواز" كوژراون كە یەكێكیان ژن بوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ گەریلاكانی پەكەكە.

بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری توركیا هیچ ئاماژەیەكی بە شوێنی دیاریكراوی شەڕەكە نەداوەو وردەكاری زیاتری نەخستۆتەڕو.

بەڵام میدیاكانی نزیك لە پەكەكە باسیان لەوە كردوە كە ئەمڕۆ شەممە لە سنوری چیادێل- لە دەڤەری برادۆست لە سنوری پارێزگای هەولێر، شەڕو پێكدادان لەنێوان گەریلاکانی هەپەگە و سوپای تورکیادا ڕویداوە.

هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە سوپای تورکیا کوژراو و برینداری هەبوەو بەهێلیکۆپتەر لە مەیدانی شەڕەکە دوری خستونەتەوە.

ئەوەشیان خستۆتەڕو كە لە دوای شەڕەکەوە، سوپای تورکیا بە فرۆکە دەڤەرەکەی  بۆردومان كردوە.

بەڵام هێشتا بەڕەسمی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×