تۆڵەکردنەوە لەکلتوری بەعسدا
  2020-04-25       2330       

ئا: هیوا موسا



فۆکۆ لە کتێبی دسپلین وسزادا مێژوی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی سیستمی سزاو لەدایک بونی زیندان و ئەو بەرەوپێشچونانەمان بۆ دەخاتە ڕوو کەبەسەر سیستمی سزادا هاتوە، هەر لە چاودێری تەواوی بەندکراوانەوە بۆ لەسێدارەدانیان. فۆکۆ ئەو ڕێگاو شێوازانەمان بۆ بەیان دەکات کە چۆن تێیدا سیستمی سزادان لە ئازاری توند لەسەر جەستەوە گواستراوەتەوە بۆ  ئازاری ڕۆحی. بەندینخانە بەلای فۆکۆوە سیستمێکی داخراو کۆنتڕۆڵکراوە، ئەو جێگەیە کە تاکەکان دەخرێنە ژێر چاودێری توندەوە، ئیدی دەسەڵات لەوێ وە خۆی پەخشدەکات. 


سیستمی سزا لەپێش سەدەی هەژدە ڕاستەخۆ لەسەر جەستەبوە وەک لێدان وهەڵواسین و ئازاردان و تەنانەت لەسێدارەدانیش، ئەمانە هەموو بۆ ئەوەبو هەتا ببێت بەوانەیەک بۆ ئەوانی تر کە کاری لەم شێوەیە نەکەن، بەڵام لەسەدەی هەژدەبەدواوە ڕیفۆرمیستە فەڕەنسەیەکان پرسەکانی خۆیان لەسەر سیستمی سزا چرکردەوە  بەجۆرێک داوای کەمکردنەوەی سزایان دەکرد بۆ تاوانباران، ڕیفۆرمیستەکان پیان وابو کە ئامانج لە سیستمی سزا نابێت تۆڵەکردنەوەبێت بەڵکو دەبێت هەوڵێک بێت بۆ ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی تاوان لەداهاتودا. ئەوەی بۆ من گرنگ بو لەم خوێندنەوەدا، ئەوەیە کە قسەلەسەر ڕەفتاری بەعس و سیستمی سزاکەی بکەین لەزینداندا، کە لەم کتێبەی هاوڕێ حەکیمدا هاتوە، کەچۆن زیندانی بەعس بەدیوێکدا جێگەیەک بوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، لەهەمان کات جێگەیکیش بوە بۆ تۆڵە کردنەوە. 

لەئەشکەنجەکانی کەسی زیندانیکراودا ئەوە دەبینیت کە تۆڵەکردندەوە زاڵە بەسەر سزای زیندانیاندا، ئەوان لێت نادەن تەنها لەبەر ئەوەی دان بنێیت بەوشتانەی کەلەسەر تۆ وتراون، وەک ئەوەی نوسەر پێی وایە، بەڵکو بەشێکی شاراوەی پشی ئەم لێدان و ئەشکەنجەدانە ئەو تۆڵە کردنەوەیە، کەلای بەعس و دەوڵەتەکەی هەیە، ئەوان لەقامچی و هەڵواسین و فەلاقەکردنی دکتۆر حەکیمدا دەیانەوێت بەکەسی بەندکراو بڵێن، کە چۆن لەژێر دەستی ئێمەداو بەدزی دەوڵەتەوە هەستاوی بەئەنجامدانی کاری دژ بە ئێمە. کلتوری هەڵواسین ولێدان وئەشکەنجەو لەسێدارەدان ،کەلتوری سزای پێش دروستوبونی دەوڵەتی مۆدێرنە، چون دەوڵەتی مۆدێرن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا ڕێگەی ئاسانتری لەبەردەستدایە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیاندا ڕێگەو فۆرمی تر دەگرێتەبەر زیاتر سزایەکی ڕۆحی یە وەک ئەوەی جەستەی بێت. ئەو تەنانەت نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان ناوەندی ئامارو چەندان ناوەندی تریش وەک ناوەندی کۆنتڕۆڵ دەبینێت بەسەر کۆمەڵگاو تاکەوە وەک ئەوەی فۆکۆ پێمان دەڵێ. بەڵام سزای زیندانەکان لەعێراقدا هێشتا لەو قۆناغەدایە کە ناو دەبرێت  بەزیندانەکانی پێش سەدەی هەژدە، هێشتا لێدان و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان زمانی ئاخاوتن وەسیلەیەی گفتوگۆیە لەگەڵ زیندانداو تەنها وەسیلەیە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا.
 بۆمن کلتوری تۆڵەکردنەوە لەزیندانەکانی بەعسدا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆئەو پێکهاتە خێڵگەرێتیەی کە بەعس تێیدا لەدایک بوەو وەبەردەوامیشی بەخۆی داوە تێیدا، بۆنمونە  لەزمانی یەکێک لەشاهید حاڵەکانی زیندانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین و وەک کامێرەمانێک بەجوانی ڤیدیۆی ئەو تۆڵەکردنەوەی بەعسمان بۆدەکات لە سەر دکتۆر حەکیم و دەڵێ( دوای ئەوەی (حەکیم)یان  لەژێر فەلاقەو هەڵواسین وکارەبا دەرهێنا هێنایان بە عەمودێکەوە( سی و شەش) کاتژمێر دەستەکانیان بەستەوە بەشێوازی هەڵواسین، بەجۆرێک پێی یەکانی لەعەرز پچڕابون، هەر جەلادیکیش بەو جێگادا تێدەپەڕی بۆ سەرئاو ، جگەرەکەی دەستی بەجەستەی دکتۆر حەکیمەوە دەکوژاندەوە. کاتێک هاوردیانە ژوورەکەی ئێمەوە وتی هیچی کە ماوە بەرامبەرم بیکەن). خودی دکتۆر حەکیم خۆی دەڵێت، هەمو ئەشکەنجە قورسەکانی من بۆ ئەوەبو کە ئیعتراف بکەم ، بە ئیعترافکردنیشم لەسێدارەدان بو، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ دەبێت دوای ئیعترافیش بتکوژن، ئەگەر کلتوری تۆڵە لەهەناوی ئەم سیستمەدا نی یەو وەک وزەی ئاڕاستەکەری ئەم سیستمە نی یە؟ کلتوری تۆڵەکردنەوە سەربەندونیا نەریتە هاوتەریبە بەخێڵەوە، یەکێک لەجیاوزیەکانی کۆمەڵگای خێڵەکی لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرندا برتی یە لەکلتوری تۆڵەکردنەوە،لەخێڵدا تاوانبار نادرێت بە دادگا چون شتێک بەناوی دادگای مەدەنی لەناو خێڵدانی یە، دادگای خێل واتە تۆڵەکردنەوە یان لێ خۆش بون. بەڵام کاتێ کۆمەڵگای مەدەنی دروست دەبێت و دەوڵەتی مۆدێرن پەیدا دەبێت ، ئیدی دەوڵەت بەو ئەرکە هەڵدەسێت لەڕێگەی دادگای مەدەنیەوە، دادگا دوای لێکۆڵینەوەی مەدەنی بڕیاری خۆی دەدات، نەک تاوانبار بدرێت بە خێڵ هەتا تۆڵەی لێ بکرێتەوە. یەکێک لەماتەوزەکانی خێڵ بریتی یە لە کلتوری تۆڵەکردنەوە، بەجۆرێک خێڵ بۆئەوەی خۆی بپارێزێت لەمەترسیەکان هەمیشە چەکی تۆڵەکردنەوەی بەدەستەوەیە لەنەیارەکانی،  ئێمەش لەزمانی کەسی زیندانی کراو ئەشکەنجە دراوە لەم کتێبەدا ئەو لایەنەی بەعسمان بۆ ئاشکرا دەبێت کەچۆن ویستویتی لەڕێگەی ئەشکەنجە قورسەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم تۆڵەبکاتەوە لەکەسی ناوبرا.واتە دەوڵەتی عێراق لەڕێگەی ئەشکەنجەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم ئەوەمان پێ دەڵێت کەسیستمی سزا لەم دەوڵەتەدا سیستمێکی خێڵەکی بوەولەسەر تۆڵەکردنەوە وەستابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×