د. مەحمود عوسمان: ئەوەی ئەمریكا دەیكات لەگەڵ كورد بێ‌ ئەخلاقیە
  2018-12-24       2582       
د. مەحمود عوسمان

د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لەبارەی بریاری كشانەوەی سەربازانی سوپای ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە دەڵێت "ئەوەی ئەمریكا دەیكات لەگەڵ كورد بێ‌ ئەخلاقیە"، ئاماژەبەوەش دەكات ئەوەی ئەمرۆ لەرۆژئاوای كوردستان رودەدات هاوشێوەی نسكۆی ساڵی 1975 ی شۆرشی كوردە لە باشوری كوردستان. 


ئاوێنە: بۆچی دۆناڵد ترەمپ بریاری كشانەوەی هێزەكانی لەرۆژئاوای كوردستان دەكرد، پێتان وایە ئەمریكا دەستبەرداری هاوپەیمانەكەی بوە لەشەری دژی داعش؟

مەحمود عوسمان: پێش دو ساڵ بە ساڵەح موسلیم ‌و یرادەرانی تری پەیەدەم وتوە كە سیاسەتەكەكانی ئەمریكا‌و بە تایبەتتر ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ متمانەی پێناكرێت هەر رۆژێك بێت دەستبەردارتان دەبێت، پێم وتون دو كار بكەن یەكەم ئەوەیە بەتەواوی پشت بە ئەمریكا مەبەستن‌و جێگەی متمانە نین، دوەم ئەوەیە كە لەناوچە عەرەبییەكان شەریان بۆ مەكەن، كورد هەقی چیە بەسەر رزگاركردنی رەقەوە، هەقت چیە بەسەر دێرزورەوە چونكە ئەوانە ناوچەی عەرەبین، كێشە لەنێوان كورد‌و عەرەب دروست دەبێت پاشان ئەمریكا بەجێت دەهێڵێت، من پێم وتون دوایی كە ئەمریكا رۆشت‌و دەستبەرداری كورد بو عەرەبەكان تۆڵە لەكورد دەسێننەوە، بەڵام بەداخەوە گوێیان نەگرت، ئەوەی ئێستا رودەدات لای من‌و بەشێكی زۆر لەو كەسانەی چاوێری بارودۆخەكە دەكەن چاوەروانكراو بوە‌و تەنها پەیوەندی بە كاتەوە هەبوە كە بكشێنەوە، ئێستا ئەوەی هەیە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا‌و توركیایە، بەوەی ئەمریكا رۆژئاوای كوردستان چۆڵ بكات‌و توركیاش سەربەست بێت لەوەی چی دەكات، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئێمە دەرۆین‌و توركیا لە بری ئێمە شەری داعش دەكات، تۆ سەیربكە‌و گوێ بگرە توركیا نە ئەو ساو نە ئێستاش باسی داعشی نەكردوە‌و نایكات، ئەردۆگان بەس باسی كورد‌و پەیەدە‌و یەپەگە‌و پەكەكە دەكات‌و وەك تیرۆرست ناویان دەبات، ترەمپ خۆی باش ئەوە دەزانێت دوای ئەوەی سەربازەكانی كشاندەوە توركیا كار بۆ لەناوبردنی كورد دەكات نەك داعش‌و توركیا دەكەوێتە گیانی كوردەكان، ئەوەی ئەمریكا دەیكات لەگەڵ كورد بێ‌ ئەخلاقیە‌و مایەی سەرشۆری‌و رسواییە بۆ ئەمریكا كە چەندین جارە كورد دەفرۆشێت، بەداخەوە سەركردە كوردەكانیش دەرس‌و پەند لەم كارە قێزەونەی كورد وەرناگرن.


ئاوێنە: كەواتە توركیا سیناریۆی داگیركردنی عەفرین دوبارە دەكاتەوە‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تەنها سەیركەر دەبێت، پێت وایە توركیا رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات؟

ئاوێنە: هەر چەندە رەجەب تەیب ئەردۆگان وتویەتی پرۆسەی ئەنجامدانی سەربازی لە رۆژهەڵاتی روباری فورات دوادەخەم، بەڵام دورنیە سیناریۆی داگیركردنی عەفرین دوبارە بكاتەوە، لەگەڵ ترەمپ رێككەوتنیان كردوە كە دوای كشانەوەی سەربازە ئەمریكییەكان توركیا بە پەلەپەل پەلاماردانەكانی ئەنجام نەدات، بۆ ئەوەی نەوترێت دوای رۆشتنی ئەمریكا رۆژئاوا داگیركرا، لە ئایندەیەكی نزیكدا توركیا بە تەواوی سەربەست دەبێت لەرۆژئاوای كوردستان، ئێستا فەرەنسا دەڵێت من خەڵكانی ئەو ناوچانە دەپارێزم بەڵام هەمو لایەكیش دەزانن پاراستنی رۆژئاوای كوردستان تەنها بە فەرەنسا ناكرێت، دەبێت كورد زۆر وریا بێت‌و هەوڵ بدات لەگەڵ روسەكان پەیوەندی دروست بكەن، چونكە روسەكان زیاتر لە ئەمریكا جێگەی باوەر‌و متمانەن‌و رۆڵی گەورەیان لەسوریا هەیە، ئەگەر دەرفەتیش هەبێت گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بكەن كارێكی خراپ نابێت ئەگەر بتوانن مافەكانی كورد بپارێزن لەدەستوری ئەو وڵاتە، نابێت كورد زۆر متمانەی بە وڵاتانی بێگانە بێت، هێندەش دەكرێت پێمباشە كورد بەرەنگاری توركیا بكات.

ئاوێنە: باس لەوە دەكەیت روسیا زیاتر جێگەی متمانەیە، بەڵام هەموان دەزانن روسیا ئاسمانی عەفرینی بەروی فرۆكەكانی توركیا كردەوە‌و دەستی لەداگیركردنی ئەو كانتۆنەی رۆژئاوای كوردستان هەبو، چۆن جارێكی تر كورد متمانە بە روسیا بكاتەوە؟

مەحمود عوسمان: ئەوەی رویدا نازانم وردەكارییەكەی چیە، ئەوەی من ئەیزانم ئەوەیە كاتی خۆی روسەكان بە كوردیان وتبو عەفرین چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد لەو شارەوە لەدژی توركیا بوەستێتەوە‌و روسیاش پشتیوانی بكات بەڵام پەیەدە‌و پەیەدە بەو پێشنیازەی روسیا رازی نەبون، روسەكان ئێستا دەڵێن ئەوان پێشنیازەكەی ئێمەیان قبوڵنەكرد‌و شارەكەیان چۆڵ نەكرد بۆیە ئێمەش گوێمان بە داگیركردنەكەی نەدا لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، بێگومان روسیاش بەرژەوەندی گەورەی خۆی هەیە لەناوچەكە، دەبێت بزانین روسیا پشتی ئەسەدی گرت‌و دەستبەرداری نەبو تا بە هێزی كردەوە بە ئێستاشەوە هەر پشتیوانی دەكات، من دەڵێم ئەگەر دەكرێت ئیتر نازانم دەكرێت یاخود نا ئەوە سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان دەزانن واباشترە كوردی رۆژئاوا لەگەڵ روسەكان بكەوێتە گفتوگۆوە چونكە هێزێكی گەورەی سەرەكیە لەناوخاكی سوریا‌و ناوچەكەش كاریگەریی زۆری هەیە، ئەگەر دەرفەتیش مابێت بۆ وتوێژی كورد لەگەڵ دیمەشق نابێت وەك هەلێك لەدەست بدرێت، پاشان گرنگە هێزەكانی رۆژئاوا یەكگرتوبن ئەو ناكۆكیەی لەنێوان پەیەدە‌و ئەنەكەسە هەیە كۆتایی پێبهێنرێت.

ئاوێنە: هیچ لێك چونێك لەنێوان نسكۆی ساڵی 1975 ی شۆرشی باشوری كوردستان‌و روداوەكانی ئەمرۆی رۆژئاوای كوردستان هەیە؟

مەحمود عوسمان: بە دڵنیاییەوە لێكچونەكان زۆرن، زۆر ئاشكرایە ئەوەی رودەدات لە روداوەكانی ساڵی 1975 دەچێت كە كوردیان جێهێشت‌و تەنیایان كرد بۆ شا‌و سەدام، ئەو كات بەڵێنی زۆریاندا بە كورد بەڵام هیچ بەڵێنێكیان نەبردەسەر، هەروەها لە ساڵانی 1980 تا 1988 كە سەدام حسێن لەگەڵ ئێران لەشەردا بو، ئەمریكا بە تەواوی پشتیوانی سەدام حسێن ی دەكرد، ئەنفالی كرد لەگەڵی بو كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد ئەمریكا هەر لەگەڵ سەدام بو، بگەرێینەوە بۆ سەردەمی لەناوبردنی كۆماری مەهاباد ئەو كاتیش ئەمریكا دژی كورد هەر لەگەڵ دەسەڵاتەكەی شای ئێران بو، بەداخەوە لەمێژوی كورد ناجوامێری ئەمریكا لەدژی كورد زۆرن‌و زۆریش دوبارە بونەتەوە. 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×