ئەو ژنانەی لە رێگەی وەرزشەوە بەرگریان لە مافی ژنان کرد
  2020-05-05       1379       

ئەردەڵان عەبدوڵلا

 

خەباتی ژنان بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان مێژوویەکی درێژی هەیە، دیارە نایەکسانی بەرامبەر بە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کراوە، لایەنی ئابووریی و سیاسیی و یاسایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی گرتۆتەوە. گەرچی لایەنێکی تری گرنگیش هەیە کە زۆرجار مافی ژنانی تێدا پێشێلکراوە ئەویش وەرزشە. لەم لایەنە گرنگەی ژیانیش هەمووکاتێک ژنان چەوساونتەوە یان لە زۆر کۆمەڵگەی دواکەوتوودا، هەتاوەکو ئەمڕۆش زۆر وەرزش هەیە ناهێڵن ژنان بەشداربن، لە هەندێک وڵاتیشدا وەرزش کردن بۆ ژنان بە شتێکی خراپ یان حەرامی دادەنێن. دیارە لەو کۆمەڵگانەش کە ئەمڕۆ رێگە بە ژنان دەدەن وەرزش بکەن، ئەوانیش پێشتر رێگەیان بە ژنان نەداوە کە وەرزش بکەن، بەڵام بە هۆی گۆڕانکارییە مێژووییەکان و خەباتی رەوای ژنان ، توانیویانە بگەنە ئەم رۆژانە و ژنانیش بۆیان هەبێت بەشداری هەموو یاریی و جامەکان بکەن.


کەناڵی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی راپۆرتێکی جوانی لە بارەی خەباتی ئەو ژنانە کردووە، کە بوونەتە سەرمەشق بۆ ژنانی جیهان، لێرەدا پێمخۆشە کورتەیەک لەبارەی ئەو راپۆرتەوە بکەمە کوردی، چونکە لە رووی مێژووییەوە گرنگە. پێویستە هەموو ژن و پیاوی جیهان، بەچاوی رێزەوە سەیری خەباتی ئەو ژنانە بکەن، کە سەرەتا بوونەتە سەرمەشق بۆ ژنانی تر و رێگەیان خۆشكردووە، تاوەکو ژنان بەشداری وەرزش بکەن و کەسیش گوومانی لە هێز و توانای ژنان نەبێت لە بواری وەرزشدا.

 

پاسکیلسواری
سەرەتا یاری پاسکیلسواری وەکو هەموو یارییەکانی تر، تەنها بۆ پیاوان هەبوو بەشداری بکەن، بەڵام لە ساڵی 1924 بۆ یەکەمجار ژنە وەرزشەوانی ئیتاڵی "ئەلفونسینا سترادا" خۆی کرد بە پیاو بۆئەوەی بەشداری پاڵەواتی پاسیکلسواری ئیتالیا بکات ، هەرچەندە دواتر رێکخەران ئاشكرایان کرد کە ژنە، بەڵام رێگەیان پێدا بەشدار بێت. پاشتر بەشداری لە پاڵەوانێتییەکە کرد و بەمشێوەیەش بووە یەکەم ژن کە بەشداری پاڵەوانێتی پاسیکلسواری بێت و دواتریش رێگا خۆشکرا، کە ژنانیش بۆیان هەبێت بەشداری پاڵەوانێتی پاسکلیسواری بکەن.

 

پێشبرکێی ئۆتۆمبیل
یاری پێشبرکێی ئۆتۆمبیل کە لە ئێستادا بە فۆرمولە 1 دەناسرێت، لە سەدەی بیستەمەوە بەتایبەتی لە پاش پێشکەوتنی پیشەشازی ئۆتۆمبیل زۆر لەناو جەماوەردا برەویی پەیدا کرد، بەڵام تەنها پیاوان بۆیان هەبوو بەشداری ئەم بێشبرکێیە بکەن و ژنان بۆیان نەبوو بەشداری بکەن، لەکاتێکدا پێشتریش لە زۆر وڵاتدا ژنان بۆیان نەبوو ئۆتۆمبیل بهاژوون، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو عەرەبستانی سعودیە هەمووی چەند ساڵێکە رێگەی بە ژنان داوە، ئۆتۆمبیل بهاژوون. بەهەرحاڵ بۆ یەکەمجار "دی فیلیس" ژنە وەرزشكاری ئیتاڵی لە ساڵی 1958 و 1959 بەشداری سێ بێشبرکێی فۆرمولە 1 ی کرد، بەمێشوەیەش دی فیلیس بووە یەکەم ژن کە توانی بەشداری بێشبرکێی فۆرمولە 1 بکات و رێگای خۆشكرد تاوەکو ژنانی تریش بەشداری ئەم یارییە بکەن.

 

ماراسۆن
یاری ماراسۆن یەکێکە لە یاریە کۆن و دیارەکانی وەرزش، هەمیشەش بە چاوی گومانەوە سەیری تواناکانی ژنان لەم یاریەدا کراوە، هەربۆیە رێگە بە ژنان نەدەدرا بەشداری مارسۆنەکان بکەن، یان بۆیان هەبوو تەنها تا ماوەیەکی کورت ماراسۆن بکەن، بەڵام "کاترین سویتزەر" ژنە وەرزشکاری ئەمریکی،یەکەمین ژن بوو کە لە ساڵی 1967 بەشداربوو لە ماراسۆنێک کە زیاتر تایبەت بوو بە پیاوان ، لەو کاتەدا ژنان تەنها بۆیان هەبوو بەشداری لەو پاڵەوانێتانە بکەن بەڵام نابێت لە 800 مەتر زیاتر بێت. هەربۆیە کاترین دەیویست ئەم رێسایە بشکێنێت و بەشداریی پاڵەوانێتیەکەی کردوو هەموو بازنەکەی تەواو کرد، لەو کاتەدا رێکخەری ماراسۆنەکە، ویستی رێگەی لێبگرێت، بەڵام ئەو نەیهێشت و وەکو لە وێنەکەشدا دەردەکەوێت بەردەوامی بە ماراسۆنەکە داوە، بەمشێوەیەش ژنانیش بۆیان هەبوو بەشداری ماراسۆنی گەورە بکەن و لە 800 مەتر زیاتریش بۆیان هەبوو بەشداری پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بکەن.

 

تێنسی سەر زەوی
ژنە وەرزشەوانی ئەمریکی " بیلی جان کینگ" یەکێکە لەو ژنانەی کە بووە سەرمەشق بۆ ژنانی تری جیهان کە بێنە ناو یاری تێنسی زەوییەوە. ئەو یەکەمین ژن بوو کە خەباتی دەکرد بۆئەوەی ژنانیش وەکو پیاوان بەشداری پاڵەوانێتی تێنس بکەن و هەمان خەڵات وەربگرن، چونکە پێشتر خەڵاتی ژنان لە هی پیاوان کەمتر بوو. ئەوەبوو لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی تر، دەستیان کرد بە سازکردنی پاڵەوانێتی تایبەت بە ژنان بۆ تێنسی زەوی. دواجار ساڵی 1973 بۆ پاڵەوانێتی ئەمریکا، هەمان خەڵاتی پیاوان بۆ ژنانیش دانرا.

 

بازدان لەسەر بەفر
هەتاوەکو ساڵی 1990 رێکخراوی یەکێتی نێودەڵەتی ئۆڵۆپیک رێگەی نەدەدا کە ژنان بەشداری لە پاڵەوانێتی بازدان لەسەر بەفر بکەن، هەتاوەکو ساڵی 1997 ژنە وەرزشکاری نەمساوی "ئیفا گانستەر" توانی بۆیەکەمجار بەشداری پاڵەوانێتی بازدان لەسەر بەفر بکات و ببێتە یەکەمین ژن کە بەشداری ئەم پاڵەوانێتییە بکات. پاشان بە هەوڵ و کۆششی گانستەر بۆیەکەمجار یەکەم پاڵەوانێتی بۆ ژنان لە ساڵی 2011 سازکرا و بۆ ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2014 و ژنان توانیویان بەشداری ئەم پاڵەوانێتیەی بکەن.


یەکەم ژنە ناوبژیوان
هەمیشە کاری ناوبژیوانی لە لایەن پیاوانەوە کۆنتڕۆڵ کرا بوو، بەڵام ساڵی 2003 "نیکۆڵ بیتیگنات" سویسری، بۆ یەکەمجار وەکو ژنە ناوبژیوانێک دەرکەوت و ئەوەش لە جامی تۆپی پێی خولی ئەوروپی. پاشتر بیتیگنات لە زۆر یاری خوولی تۆپی پێی سویسرا ناوبژیوانی کرد، هەروەها دواتریش توانی لە خوولی جامی جیهانی و ئەوروپی بۆ تۆپی پێی ژنان، وەکو ناوبژیوانێک یاریەکە بەسەرکەوتوویی بەرێوەبەرێت. هەربۆیە ئەم ژنەش توانی رۆڵی ژنان وەکو ناوبژیوانی بهێنێتە پێشەوەو چیتر ئەم کارە لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ نەکرێت.

 

راهێنەری ژن
هەمیشە پیشەی راهێنەری تۆپی پێ لە لایەن پیاوانەوە قۆرخ کرابوو، تەنانەت زۆربەی تیپە وەرزشییەکانی ژنانیش لە جیهاندا لەلایەن پیاوانەوە راهێنیان پێدەکرێت، بەڵام لە ساڵی 2014 بۆ یەکەمجار "کورین دیاکری" ژنە وەرزشكاری فەرەنسی توانی ببێتە راهێنەری یانەی "کلیرمون فوت" ی پیاوان، ئەم یانەیە یەکێکە لە یانە وەرزشییەکانی فەرنسا و لە پلە دووی خولی تۆپی پێی پیاوان یاری دەکات. کورین کە پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو ، توانی ببێتە یەکەمین ژن کە راهێنان بە تیمێکی پیاوان بکات. ئەم ژنە توانی بۆ ماوەی سێ ساڵ راهێنان بەم یانەیە بکات و سەرکەوتنی گەورەش بەدەستبهێنن، بەمشێوەیەش کورین دیاکری بووە یەکەمین ژن کە راهێنان بە تیمێکی پیاوان بکات .

 

خەباتی ژنان لە رێگەی تۆپی پێ-وە
مۆنیکا شتاب ژنە یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئەڵمانیا، لە تەواوی جیهاندا هەوڵ دەدات ژنان فێری یاری تۆپی پێ بکات و هاوکارییان بکات ، بەتایبەتی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان. مۆنیکا شتاب زیاتر لەو وڵاتانە کار دەکات، کە مافی ژنان پێشێل دەکەن، ئەو دەیەوێت لە رێگەی وەرزشەوە ، هانی ژنان بدات تاوەکو بۆ مافەکانیان تێبکۆشن.

 

سەرچاوە: سایتی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×