بریاری قەدەغەی هاتووچۆ لە ٢٤ پارێزگای توركیا چوە بواری جێبەجێکردن
  2020-05-09       1051       

بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ٢٤ پارێزگای تورکیا لەچوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی كە بۆ پێشگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە توركیا گیراونەتەبەر،  چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئایار، حكوومەتی توركیا لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ پێشگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند.

هاوکات ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی رایگەیاندوە کە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆكە، ٢٤ پارێزگای توركیای گرتووتەوە كە لە درەنگانی شەوی رابردووە چووەتە واری جێبەجێكردنەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی بڕیارەی قەدەغەكردنی هاتوچۆكەدا، كەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و هەروەها ئەو كەسانەیش كە نەخۆشی درێژخایەنيان هەیە تا سبەی یەكشەممە لە ماڵەكانیان بمێننەوە، جگە لەوەش داواكراوە كە گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە لایەن هاووڵاتییانەوە توندتر بكرێن بەتایبەتیش لە بەكارهێنانی ماسك و پاراستنی دوورە پەرێزی كۆمەڵایەتی”.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ جەختیكردووەتە لەسەر ئەوەی كە رێگەی بە دوكانە گوڵ فرۆشەكان دراوە لە ئەمڕۆ و سبەی یەكشەممە بە بۆنەی جەژنی دایكەوە دوكان بكەنەوە و گوڵ بفرۆشن.

لە رۆژانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەو 24 پارێزگایەی توركیا، فرۆشگاكان بەتەاوی داخراو دەبن، بەڵام كاری چێشتخانە، شیرینەمەنی و ناواخانەكان تەنها بریتی دەبن لە دیلڤەری.

جگەلەوەش بڕیارەكە ئەو دامەزراوانەی حكوومەت كە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەكەن وەك فڕۆكەخانە، بەندەركان، دەروازە سنوورییەكان، گومرگ، خانەی بەساڵاچوون، ناوەندەكانی بەهاناچوونی فریاكەوتن، ناوەندی ئیدارەی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا (ئافاد) و نووسینگەكانی گرووپی “وەفا” بۆ پاڵپشتیكردنی كۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.

هەروەها لەچوارچێوەی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆ، كۆمپانیاكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پێدوایستییە پزیشكییەكان ناگرێتەوە بۆیە لە رۆژانی قەدەغەكردنی هاتوچەكەدا، كارەكانی بەرهەمهێنانی ماسك و دژە ڤایرۆس بەردەوام دەبن.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە هەر كەسێك سەرپێچی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆ بكات، ئەوە بەپێی ماددەی ٢٨٢ لە یاسای تەندروستی گشتی، سزای توندی دارایی بەسەردا دەسەپێندرێت، بەپێی ماددەی ١٩٥ لە یاسای سزاكان سەبارەت بە تاوانەكان، رێوشوێنی دادوەریی دەگیرێتەبەر”.

تا ئێستا لە توركیا، ١٣٥ هەزار و٥٦٩كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە سێ هەزار و ٦٨٩یان گیانیان لەدەستداوە و ٨٦ هەزار و ٣٩٦ی دیكەیشیان چاكبوونەتەوە.

تا ئێستا هەشت هەزار و٦٣١ كەس دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا چاكبوونەتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×