مه‌سرور بارزانی: یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیەکان کەمڕەنگتر دەکات
  2019-03-20       1641       

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كات له‌سه‌روبه‌رندی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌مو لایه‌ك كێشه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ لاوه‌كییه‌كان به‌لاوه‌ بنێن و په‌ره‌ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ن و هه‌ڵه‌كان راست بكه‌نه‌وه‌. 

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌په‌یامێكی پیرۆزباییدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ رایگه‌یاند"‎یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و لەوانەش نەورۆز، فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن، بۆیە ئاواتەخوازم یادکردنەوەی ئەم بۆنە نیشتمانیانە لەو چوارچێوە کلێشەییانەی تەنیا خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی دەربچن. یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیەکان کەمڕەنگتر دەکات و لە ئەنجامدا ئەم بۆنە مێژویانە بایەخی خۆیان لای جیلەکانی داهاتو لە دەست دەدەن."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد"‎پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن و هاندەرمان بن تاکو وێڕای هەمو جیاوازییەکان، لە خزمەتی نیشتماندا یەکبگرینەوە و بە یەکڕیزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین."

له‌كۆتاییشدا وتی"‎دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەبێت لە کردەوەکانماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هیوادارم هەمو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن، تاکو پێکەوە دەسکەوتەکانمان پەرە پێ بدەین و هەڵەکان ڕاست بکەینەوە و خزمەتێکی شایستەی گەڵ و نیشتمانمان بکەین."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×