حکومەتی هەرێم دەست بە جێبەجێکردنى رێککارەکان بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەكانی لە بازرگاكان دەكات
  2020-05-10       721       

بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى وەرگرتنەوەى قەرزەکانى لە بازرگانان، حکومەت ریککارى تایبەتى گرتوەتەبەر، کە لە ئەمڕۆوە دەست بەجێبەجێکردنى ئەو رێککارانە دەکرێ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیدا.

ئاوێنە: د.عەبدولحەکیم خەسرەو، سکرتێرى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى هەرێمی کوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاند"یەکێک لە بڕیارەکانى ئەنجومەنى باڵاى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی، بریتییە لە وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەت لاى بازرگانان، بەپێى مادە 13ى ژمارە دوى یاساى چاکسازیى، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى دارایى و ئابوریى پێشتر مۆڵەتێکى سێ مانگى دابو بە بازرگان و کۆمپانیاکان بۆ گەڕاندنەوەى قەرزەکانیان."

راشیگەیاند"ئەمڕۆ 10/5/2020 ئەو وادەیە تەواو بو کە دانرابو بۆ گەڕاندنەوەى قەرزى بازرگانان، بۆیە لە ئەمڕۆوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتى دارایى و بانکەکان و وەزارەتى داد، دەستدەکەن بە جێبەجێکردنى رێککارى تایبەت بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانە لە بازرگانان."

ئاماژەى بە ئەوەش کرد"بڕى ئەو قەرزەى حکومەت کە لاى بازرگانان و کۆمپانیاکانە لەگەڵ ئەو بڕەی کە چوەتە سەر قەرزەکە، نزیکەى 800 ملیار دینارە."

رونیشیکردەوە"بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانەش وەزارەتى دارایى رێکارى تایبەت دەگرێتەبەر، ئەگەر ئەو بازرگانانە بڕى ئەو قەرزەى لایانە بۆ حکومەتى نەگەڕێننەوە، ئەوا ئەو موڵکەى لەبەرامبەر پێدانى قەرزەکە لە رەهن دانراوە دەستى بەسەردا دەگیرێت بەپێى رێنماییى تایبەت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×