ئەمڕۆ نەوت بەرزترین نرخی خۆی لەماوەی یەك مانگی رابردودا تۆماركرد
  2020-05-15       1100       

ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت زیاتر لەسەدا سێ بەرزبوەوەو گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی زیاتر لە یەك مانگی رابردودا، ئەوەش لە سایەی ئاماژەكان بۆ بەرزبونەوەی ئاستی خواست لەسەر نەوت.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵێكی رۆیتەرز، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت لەسەدا 3.9 بەرزبۆتەوەو نرخەكەی گەیشتۆتە 32.44 دۆلار كە ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە رۆژی 14ی مانگی نیسانی رابردوەوە.  

هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەكساز، لەسەدا 3.3 بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە 28.54 دۆلار كە ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە سەرەتای مانگی رابردوەوە. 

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لەگەڵ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی رێكخراوی ئۆپیك و گەورە وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە، ئاستی خواست لەسەر نەوتیش زیاد بوەو بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئەمڕۆ هەینی سەبارەت بە بەكارهێنانی رۆژانەی نەوتی خاو لە چین بڵاوكراونەتەوە، بەكارهێنانی نەوتی خاو لە مانگی نیسانەوە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوەو پڕۆسەی پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەكانی ئەو وڵاتە بەرزبۆتەوە.

بەڵام ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هێشتا كەشوهەوای بازاڕی نەوت گەشبینی پێوە دیار نییە، بەهۆی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەندێك لەو وڵاتانەی كە رێكارەكانیان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكە، كەمكردبوەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×