دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق دەنگۆی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان رەتدەكاتەوە
  2020-05-16       567       

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراق رایگەیاند: ئەو پڕوپاگەندانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە ئاساییبونەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بڵاودەكرێنەوە دورن لە راستیەوەو دەشڵێت: هەوڵدەدەن بەزوترین كات گەشتەكان دەستپێبكەنەوە.

ئاوێنە: دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردنەوە گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكە دەستیان پێكردبێتەوەو وتوشیەتی: هەوڵدەدەن بەزوترین کات دەستپێبکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو پڕوپاگەندانەی لە بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەربارەی ئاساییبونەوەی گەشتکردن بڵاودەکرێنەوە دورن لە راستییەوە و وەک خۆی زانیارییەکان ناگوێزنەوە، هەربۆیە نابێت هاوڵاتیان باوەڕییان پێبکەن.

وتوشیەتی"بەزوترین کات هەمو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی عیراق لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی".

بەگوێرەی بەیاننامەكە هیچ رێگەپێدانێکی رەسمی نادرێت بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بۆ مەبەستی گەشتە ئاساییەکانیان، هەروەها پابەند دەبن بەو بڕیارانەی لەلایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆناوە دەردەکرێن.

بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ بەرەنگاربونەوەی، لە رۆژی 17ی ئازاری ئەمساڵەوە گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان راگیراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×