ئاوێنە هۆکاری گرانبونی نرخی مریشك ئاشکرادەکات
  2020-05-16       1555       

لەئێستادا نرخی مریشک بۆ هەر کیلۆیەک زیاتر لە سێ هەزار دینارە، ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیان، کێڵگە پەلەوەریەکانیش ڕەتی دەکەنەوە نرخی مریشک بۆ ڕێژەی لە ٪١٠٠ بەرز بوبێتەوەو داواش دەکەن حکومەت نرخ دیاری بکات.

ئاوێنە، زریان محەمەد: نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵی کێڵگە پەلەوەریەکان لەبارەی گرانبونی نرخی مریشک بۆ ئاوێنە وتی"زۆرمان لا سەیرە لەکاتی یەک تۆز بەرزبونەوەی نرخی مریشک هەمو لایەک نیگەران دەبن، بەڵام لەو هەمو زیانەی ئێمە دەیکەن هەر لە گرانبونی نرخی عەلەف و هێلکە تێچوی پرۆژەکان کەس نایەتە دەنگ."

وتیشی"لەماوەی دو مانگی کەرەنتین و کۆرۆنادا زیاتر لە ٧ ملیار زیانمان پێگەشت بۆ کەس باسی هاوکاریکردنی ئەم کەرتەو بە نیشتیمانیکردنی ئەم کەرتە ناکات کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار خێزان ژیانیان لەسەریەتی لە تەواوی هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند"بەهۆی ترسی زیانی زۆرەوە چەند خاوەن پرۆژەیەک بەرهەم هێنانیان ڕاگرت و فرۆشتنیان کەمکردوە هەر بۆیە نرخ وا بەرزبویەوە بەڵام لە ئێستادا بەرەو هەرزان بون دەڕواتەوەو ئێمە نامانەوێت نرخ لەسەر هاوڵاتیان گران بێت و ناشمانەوێت خاوەن پرۆژەکان بەردەوام زەرەر بکەن بۆیە ئەمجارەش داوا لەحکومەت دەکەین نرخمان بۆ دیاری بکات لەسەرو بڕی تێچو، ئامادەین پابەندبین و هاوڵاتیانیش دڵنیابن لە یەکنرخی مریشک لە بازاڕدا".

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 650 پرۆژەی پەلەوەری و دو هەزار و 800 هۆڵی یاسایی هەن، هەروەها 450 بۆ 500 پرۆژەی پەلەوەریی نایاساییش هەن.

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژەی بەوەشدا هەر کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان ٢١٠٠ دینارە هەمو کات لەوە هەرزانتر فرۆشراوە کە بەردەوام لە زەرەردابون و ئێستا نرخی مریشک چۆتە سەرو ٢٠٠٠ نەک لە ٪١٠٠ زیادبوبێت و ئامادەنین بەردەوام مریشک بە زەرەر بخەینە بازاڕەوە بۆیە حکومەتی هەرێم دەتوانێت بێتە پێشەوەو ئەم کەرتە ڕێکبخاتەوە و یەک نرخ دابنێت بۆ تەواوی ساڵەکە.

لەئێستادا لەناو کێڵگە پەلەوەریەکان نرخی هەر کیلۆیەک مریشک بە ٢٥٥٠ دینار دەفرۆش و لەبازاڕەکانیشدا نزیک دەبێتەوە لە ٣ هەزاردینار بۆ گەر کیلۆیەک.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×