بە تەنیا لە دەرەوەی مێژوودا
  2020-05-17       760       

کامەران قازی

 

چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد).

من ئێستا دەپرسم: کە منداڵ بووم، حاڵی بێ وڵاتی باوکم چۆن تێ دەگەیشتم، کەی بوو ئەوەم بە بیردا هات کە دایکم کچی باوکێکی بێ وڵاتە؟!.
ئەو کاتەی بە باوەشی دایکمەوە  بووم و بە بەردەم سەربازێکی بێگانەی لەشکرەداگیرکەرەکەدا ڕەت بووە، چۆن بێ وڵاتی خۆی لێکداوەتەوە، بڵێی لەوە ژیوان بووبێتەوە کە منداڵێکی بێ وڵاتی هێناوەتە دنیا؟!
یا ڕەنگە شادمان بووبێت بەوەی کە منی هەیە، بەڵکو تا من گەورە دەبم، گۆی زەوی جۆرێکی دی بخولێتەوە و مێژوویەکی دی دابهێنێ و تەکانێک بدات و هەتیووە بێ نازەکانی خۆی کە ساڵەهای ساڵە لە دەرەوەی مێژووەکەیدا ئاوارەبوون، ڕاپێچی ناو مێژووەکەی خۆیان بکاتەوە و لە کونجێکدا چوار دیواریان بە دەوردا بکێشێ و کە مێژووش بڕیاری دا ئیدی کەس ناتوانێ و زاتی نییە، جارێکی دی ئاودیوی مێژوویان بکاتەوە؟!
من ئێستا دەپرسم: ئەو شەوەی کە ( پیرەمێرد) لە کۆشکی پاشایەتی ڕۆمدا و لە بەرگی پاشایەتیدا، خەونە کوردییەکەی بینی وا لە باخێکی چوارباخی سلێمانیدا خەریکی هەنار دزینە، بۆچی ئەو خەونەی وا لێکدایەوە، کە هەنارەکە وڵاتەکەیەتی و خەریکن لێی دەدزن؟!
بۆچی هەر ئەو شەوە چەندین کورد هەناریان خوارد و باسی هەناریان کرد و خەونی وایان نەبینی، یا بینییان وهیچ لێکدانەوەیەکی کوردستانییان بۆ نەکرد؟!
من ئێستا دەپرسم: بۆچی تاقە مەلیکەکەی کوردستان، لەگەڵ ئەو پلە باڵا ڕۆحییەی کە هەیبوو، لەگەڵ ئەوەدا کە پەروەردەیەکی مەعنەوی کرا بوو، بیری لەوە کردوەوە کە ببێت بە گەورەترین خاوەن زەوی لە باشووری کوردستاندا و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش؟!
ئەو بۆ ئازادکردنی خاکەکەی تێ کۆشا یا بۆ داگیرکردنی زەوی جوتیاری کورد؟! ویستی چی لەو زەویانە بکات، دەوڵەتێکی کوردی لەسەر دروست بکات، یا …….؟!
من ئێستا دەپرسم: کاتێ دەستەیەک مەلا چونە لای مەلای گەورە و ناڕەزایەتییان دەربڕی کە ئەو فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە جایز زانیووە بۆ منداڵی کورد و ئەو لە وەڵامدا وتی: من نەم گوتووە جایزە، بەڵکە وتوومە واجیبە، بیری لە کام ناتەواوی کردۆتەوە و چی بینیووە لە ساڵەکانی داهاتوودا، چۆن لێکدانەوەی بۆ ئایندەکردووە و ویستوویەتی کام پایە لەقەی بیری کوردەواری توند بکاتەوە؟!
من ئێستا دەپرسم: ئەو کاتەی مەستورەی کوردستانی، کۆچی کرد بۆ سلێمانی، ژنانی سنە، بە چییەوە خەریک بوون، ئەویان دەناسی، کۆچی ئەو چ بۆشاییەکی جێهێشت لەلایان؟! بووە باسی ناو کۆڕی ژنان، یا نەیان ناسی  بۆیە کۆچەکەی بە ئەندازەی هەواڵی کراسە نوێیەکەی یەکێک لە ژنەکانی قەوامول سەڵتەنە، گرنگ نەبوو بۆیان؟!
ئەی مەستورە خۆی بۆ هات بۆ سلێمانی، ویستی نالی ببینێتەوە و باسی کوردستانی لەگەڵدا بکات؟! بۆ شەڕە شیعر هاتبوو، یا بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورەی نێوان دوو بەشی کوردستان؟!
ژنێکی سنەیی پێ بە سنووری دەستکردا دەنێ و بڕیار دەدات لە بستێکی تری خاکە داگیرکراوەکەیدا بمرێ، تا مەرگەکەی بکاتە ئەڵقەی پێکەوە گرێدانەوەی زنجیری پچڕاوی پرچەکانی فکریی ژنانی ڕۆژهەڵات و باشوور.

ئەی ژنانی سلێمانی چۆن تەماشای هاتنی ئەویان کرد، هاتنەکەی بووە هەواڵ؟! بۆ یەکتریان گێڕایەوە؟! بە پیرییەوە چوون، ناسییان، خۆشییان ویست، یا لێ گەڕان لەناو دڵی خۆیدا هەست بە غوربەتی بێ وڵاتی بکات؟!
من ئێستا دەپرسم: لە کوێوە فکر و ئازایەتی و ورەی ژنانە و هونەری ڕێبەرایەتی (قەدەم خێر) پەڕییەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەسەر ژنانی باشووردا تێ پەڕی و لە خەوی  قورسیان بە ئاگا نەهاتن، کەچی لە ڕۆژئاوا ئەو هەموو پڵنگانەی بە خەبەر هێنا و بناغەی وڵاتێک یا سوچی وڵاتێکیان لە کۆبانێ، ڕەنگ ڕێژکرد؟!
من ئێستا دەپرسم: ئەی بۆچی ژنانی باشوور و ڕۆژهەڵات ناتوانن لەو چوارچێوە زێڕانەی مێردەکانایان بۆیان دەکڕن، هەنگاوێ دوورتر بهاوێژن، بۆ ئازادی لای ئەوان لە جل و سیما و زێڕدا دەخولێتەوە؟!

بۆچی ئازادیی خۆیان بە ئەندازەی ئەو زێرانە دەپێون کە شووەکانیان بۆیان دەسێنن؟! ئازادیی خۆیان لە چوارچوەیەکی زێڕین دەگرن و بە دیواری پیشانگای خۆڕانان و خۆدەرخستندا هەڵی دەواسن و کویلەیی زێریان پێ باشترە لە ئازادیی فکر و ڕەفتارێک کە شایان بە دایک بوونە؟!.

بۆ سوارچاکی سپی پۆشی خەونەکانی ئەوان مێردێکە بەو خەسڵەتە مادییانەوە کە لە مێشکیاندا دێت و دەچێ، ئەی چ خەونێک دەبینن بۆ دڵی مێردی ئایندەیان؟! بۆچی باسی دڵ بۆیان گرنگ نییە؟!
خۆ هیچ پیاوێک ئەگەر دڵێکی چاکی نەبێ ناتوانێ ببێتە مێرد و شوویەکی خاس، بۆچی کتێب و قاوە بۆ ڕادەی توانای مادی و ئەندازەی پڕیی گیرفانی شووی ئایندە دەگرنەوە، خۆ ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماندووە، هەر پیاوێک دڵێکی ئاوەدانی نەبێ، ناتوانێ هیچ ژنێ بکاتە شازادەی ژیانی خۆی، لەوەش خراپتر، ئەگەر ئەو سوارچاکەی خەونی ژنانی باشوور و ڕۆژهەڵات، پیاوێکی بێ وڵات بێت؟!

بۆچی مەرجی ڕازی بوون یا گرنگرترین مەرجی ڕازی بوونی ژنێک بۆ پیاوی ژیانی ئەوە نەبێ،  کە ئەو پیاوە هەستی بەبێ وڵاتی خۆی کردبێ و تێکۆشان بۆ بەدی هاتنی بکات، خۆ لە بێ وڵاتیدا کەس خاوەنی هیچ نییە، بوونی (زێڕ) یا نەبوونی چۆن دەبێت جێگای بوونی دڵێکی ئاوەدان و عەقڵێکی ڕۆشن بگرێتەوە؟!

لە تاریکی ئەم نەناسین و ئەم هەموو پرسیارانەدا تروسکاییەک لەوسەری ڕێگا درێژەکەوە سەرنجی چاوی ئینسانی کوردی دووربین ڕادەکێشێ و لە گێژاوی پرسیارە زۆرەکان ڕزگاری دەکا، مرۆڤی کورد کە هەستی بە کۆیلەیی خۆی کرد و بۆ پچڕاندنی زنجیرە ژەنگ گرتووەکانی ناوخۆی کە بۆ سەدساڵ دەچێت، بازنەیەکیان بەدەوری بیریدا کێشاوە و لە ناو ئەو بازنەیەدا دەیخولێننەوە، گەر ئەو هەستە تێیدا زیندوو بۆوە و گەشەی کرد، سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، بەهاو نرخەکان مانایەکی تریان دەبێت لەلای، تەرازووی هەڵسەنگاندنی دەگۆڕێت، دیدێکی ڕۆشنتر بۆ ڕوودا و ئەوانەی ڕووداواکانیان خوڵقاند پەیدا دەکات.
مەسەلە گەورەکە کە بێ گومان باسی نەتەوەیە، بە بوونی یا نەبوونی کەسێک و سەرکردەیەک و لایەنێکەوە، گرێ نادات، چوون کڵۆڵییەکان سەنگی مەحەک بوون و کەس لەو ئەزموون و تاقی کردنەوەیەدا سەرکەوتوو نەبوو.
تێ دەگات کە هیچ نەتەوەیەک نەزۆک نییە، تا بە نەمانی کەسێکی، با پێشی وابووبێت ئەو کەسە ڕابەری یەکەمین و بێ چوون و چرای بووە، یا ئەم لە خەیاڵی خۆیدا کردوێتییە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی، کە زۆرینەی قارەمانەکانی کۆدەتا و شۆڕش و پشێوییەکان، لەو جۆرانەن کە بە خەیاڵی خەڵک کرانە پاڵەوان و باوکی ڕۆحی و هەر میللەت خۆی تۆماری دەسەڵاتڕانیی پشتا و پشتی بۆ مۆر کرد و بە ویستی خۆی لە قەفەزی نەوەیەکی ڕێبەری سەرکردەیەوە، دەچێتە ناو قەفەزی نەوەیەکی تری هەمان ڕێبەری سەرکردەوە، چوون ئەو بە قەز ڕاهاتووە، خوی پێوەگرتووە، مانەوە لە قەفەزدا لە ئازاد بوون ئاسانترە.
 چوون ئازادیی بەرانبەرە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئینسان بوون، کە کار و ڕەفتاری چاکی لێ گەرەکە لە پلە هەرە بەرزەکەی، ئینسان بووندا، نەوەڵا خۆیی و هەست و کەس و کاری بە قارەمانەکەی دەسپێرێ و ئاسوودە و بێ ئەوەی تەنانەت نزمترین ئاستی مافە ئینسانییەکانیشی بووێت، چاو دادەخات وەک لە شاری کوێراندا بێت،  کەڕی زکماک بێت و فێری زمانی دایکی نەبووبێت، نە دەبینێ و نە بیستێ و نە دەڵێت و مۆڵەتێکی درێژخایەن بە هزر و بیرکردنەوە و عەقڵی خۆی دەدات، بە ئومێدی ئەوەی بەرپرسیارێتی ئینسان بوونی، بە نسیب نەبێت.

ئێستا دەزانم کە :
دایكم، منی بوو بەهیوای ئەوە بوو، من لە وڵاتی خۆمدا بە ئازادی بژیم. ئەو بەتەنها هەنگاوی نا لە دەرەوەی مێژووە بۆ ناو مێژوو، ویستی بە درێژکردنەوەی ڕەچەڵەکی کورد، زۆر لە مێژوو بکات، تا من قەبوڵ بکات لەناو ژیانەکەی خۆیدا.

پیرەمێرد، بە تەنها هەنگاوی نا بۆ ناو مێژوو، بۆیە خەونەکەی بەو جۆرە لێکدایەوە، دێڕێکی لەو مێژووە نووسی کە ساڵەهای ساڵ بوو لەدەرەوەی دا بە تەنیا دەژیا.

تەنیا مەلیکەکەی کوردستان، گەرەکی بوو ئەو زەویانە لەسەر کوردێک تاپۆ بکات، کە خۆی بوو، پێی وا بوو، ئەو تاپۆیە بەڵگەیەک دەبێت لە ئایندەدا کورد دەتوانێ لە دادگای مێژوودا پیشانی بدات ئەم ناوچەیە کوردستانی بووە، ئەو بەتاقی تەنیا، ویستی چەند گوندێک لەگەل خۆیدا لە دەرەوەی مێژووە بێنێتەوە ناو مێژوو. ئەو کارە ئەو بیری لێکردەوە و ڕەفیق حیلمی نووسیەوە و لە ناو دڵی مێژوودا تۆماری کرد و کردییە بەشێک لە مێژووی زیندووی نەتەوەیەک، ئاوایە هێزی وشەی ئامانجدار و قەڵەمی ڕاستگۆ.

مەلای گەورە، بەتاقی تەنیا، هەر پەی بەوە نەبردبوو کە زمانی دایک بناغەی ئەو دیوارەیە کە بەدەوری نەتەوەیەکدا دەکێشرێت، ئەو ویستی زمانی دایکی بە زمانێکی تریش موتوربە بکات، کە زمانی بزووتنەوەی مێژووی مرۆڤایەتیش بوو، بۆ ئەوەش دەچوو ببێتە زمانی ئاخاوتنی هەموو داهێنانە نوێکان، کە تەنەلۆجیا جڵەوداریی دەکرد، دەیزانی کە منداڵی کورد، تەنیا بەئەلف و بێی مەسەلە مەعنەوێکان، لە ئۆقیانووسی بە شەپۆلی دنیای دوای جەنگدا، لەسەر زەمینەیەکی بتەوەی ئاخاوتن بە کوردییەوە، دەبێت لەو زمانەش حاڵی بێت، دەنا ئەو مەلەوانە نابێت کە بتوانێ لە تیژی و گێژاوی شەپۆلەکانی ئەو ئۆقیانووسە قوتار بێت، ئەو واجیب بوونی زمانی ئینگلیزی، بۆ منداڵی کورد بە بواری پەڕینەوە دەبینی لە دەرەوەی مێژووەوە بۆناو مێژووی مرۆڤایەتی.

مەستوورەی ئەردەلان، هەر خۆی نەهات بۆ سلێمانی، ئەو بەشێکی گرنگ لە مێژویی کوردیشی لەگەڵ خۆیدا گواستەوە لە سنەوە بۆ سلێمانی، ئەو مێژوویی وەستاوی دوو ناوچەی شڵەقاند و تەنیاییەکەی خۆی وەک ژنێکی وشیاری کورد بەوە لاواندەوە کە پێ پیرۆزەکانی بنێت بەسەر سنوورێکدا، کە مێژووی یەک نەتەوەی لەوێدا کردبوو بە دوو کەرتەوە. ئەو وشیاریی کۆکراوەی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵات بوو، لەناو دڵی فەرهەنگ و هونەری کوردییەوە، لە سنەوە، تەنیای تەنیا لە دەرەوەی ئەو مێژووەوە، کۆچی کردەوە بۆناو ئەو مێژووە.

لە پەڕینەوەی فکر و ئازایەتیی و ورەی ژنانە و هونەری ڕێبەرایەتیی (قەدەم خێر)دا لە ڕۆژەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، گەڕانەوە و وەرچەرخان و ڕووداوێکی گرنگ لە کوردستان قەوما، مێژوو بۆ یەکەم جار بوو بە ناچاریی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە خۆیدا چووەوە و شەرمەزار بوو، ئەو پڵنگە هەڵەمەتبەر و زامدارانە، لەناو دڵی مێژووە خەریک بوون سەربووردەی مێژوویەکی تازەیان دەنووسییەوە، کە ژنانە بوو، ڕەنگی لە ڕەنگی تریفەی مانگ دەچوو، بۆنی نێرگزی دەدا، وەک شنەی شەماڵ تەرلان و باڵای سەروی خەرامان بوو، لەنجەی شۆڕەبی، هاواری زوڵاڵی کانیاو و داهاتنەوەی بروسکەی ئاسمانەکان، هەموو مێژووی مرۆڤ پیاوەکان پاڵەوانی بوون، لە کۆبانێ بۆیەکەم جار لە مێژوودا، کچە گوڵەکانی کورد، خاڵی کۆتاییان بۆ ئەو مێژووە پیاوانەیە دانا و دەستیان بە نووسینەوەی سەربووردەی مێژوویەک کرد ئاسمانی شادمان و زەوی گەشانەوە، چوون پاکردنەوەی زەوی بوو، لەو مرۆڤانەی بەناوی ئاسمانەوە، زەوییان بێ پیت دەکرد، لێرەوە، جارێکی دی ژنانی ڕۆژئاوا، بەتاقی تەنیاهەموو نەتەوەی کوردیان هێنایەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتی.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×