هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەسەر لێدوانەكەی ترامپ سەبارەت بە بەرزاییەكانی جۆلان
  2019-03-22       748       

سەبارەت بە لێدوانەكەی ترامپ كە رایگەیاند ئێستا كاتی ئەوەیە وڵاتەكەی دان بە سەروەری ئیسرائیلدا بنێت بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان، نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت، سورین لەسەر بڕیارەكان كە داگیركردنی جۆلان كارێكی نایاساییە. روسیاش دەڵێت، گۆڕینی دۆخی جۆلان پێشێلكردنی راستەوخۆی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكانە. توركیاش رایگەیاند، هەوڵەكەی واشنتۆن لەبارەی جۆلان-ەوە ئازارەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات.

ئاوێنە: دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لەتویتێكدا رایگەیاند كە دوای 52 ساڵ ئێستا كاتی ئەوەیە ئەمریكا دان بە سەروەری ئیسرائیلدا بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان-دا بنێت.

لەبەرامبەردا فەرحان حەق، یاریدەدەری وتەبێژی رەسمی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند كە نەتەوە یەكگرتوەكان پابەندە بە سەرجەم بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە كە لەدەقەكانیاندا هاتوە، داگیركردنی بەرزاییەكانی جۆلان-ی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە كارێكی نایاساییە.

وتیشی"هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتوەكان دوای لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی جۆلان-ەوە نەگۆڕاوە."

لای خۆیشییەوە ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا سەبارەت بە لێدوانەكانی دۆناڵد ترامپ رایگەیاند"روسیا وەك دەزانن خاوەنی هەڵوێستێكی مەبدەئیە لەسەر پرسی خاوەندارێتی سوریا بۆ بەرزاییەكانی جۆلان. ئەوەش لە بڕیاری 497ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لەساڵی 1981 جەختی لەسەر كراوەتەوە. هەڵسانگاندنمان وەك خۆیەتی لەسەر بڕیارە نایاساییەكەی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی سەروەری خۆی بەسەر جۆلاندا."

وتیشی"گۆڕینی دۆخی بەرزاییەكانی جۆلان بە لادان لە ئەنجومەنی ئاسایش، پێشێلكارییەكی راستەوخۆی بڕیاری نەتەوە یەكگرتوەكانە."

هەروەها مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە لێدوانەكەی ترامپ رایگەیاند كە هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ بەیاساییكردنی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل، ئازارەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات.

جەختیشی كردەوە كە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان یەكێك لە گرنگترین پرەنسیپەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و وتیشی"توركیا پشتیوانی یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكات."

ئیسرائیل لەمیانی شەڕی شەش رۆژەدا لە 5ی حوزەیرانی 1967 بەرزاییەكانی جۆلانی داگیركردو وێڕای بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ كشانەوەی، بەڵام ئیسرائیل كشانەوەی لە جۆلان رەتكردەوە.

لە 14ی كانونی یەكەمی 1981دا كنیێستی ئیسرائیلی "یاسای جۆلان"ی پەسەندكرد كە بەپێی یاساكە ئیسرائیل جۆلانی لكاند بە وڵاتەكەیەو بەوەش یاساو ئیدارەی وڵاتەكەی بەسەر ئەو ناوچەیەی سوریادا سەپاند.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×