ژمارەیەك لە خەڵكی موسڵ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گردبونەوەیەكی
ناڕەزایەتیان لە شوێنی روداوەكەی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكە لە دورگە گەشتیارییەكە
رێكخست و داوای لێپێچینەوە لە كەمتەرخەمانی روداوەكە دەكەن.
ئاوێنە: بەپێی میدیای عێراقییەكان ئەو خۆپیشاندەرانەی موسڵ لەشوێنی
روداوەكە، رێگریان لە كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و
پارێزگاری موسڵ، نەوفەل عاكوب كردوە.
میدیا عێراقییەكان ڤیدیۆییەكیان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا دەردەكەوێت
خۆپیشاندەران رێگری لەچەند ئۆتۆمبێلی بەرپرسێك دەكەن، هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە
ئەوە ئۆتۆمبێلی سەرۆك كۆماری عێراقەو بەنیاز بوە بچێتە شوێنی روداوەكە.
هەروەها میدیا عێراقییەكان ڤیدیۆیەكی دیكەیان بڵاوكردۆتەوە كە باس لەوە
دەكەن خۆپیشاندەرانن و رێگری لە ئۆتۆمبێلی پارێزگاری موسڵ دەكەن.
هێماشیان بۆ ئەوە كردوە كە خۆپیشاندەران بەردبارانی ئۆتۆمبێلەكەی پارێزگاری
موسڵیان كردوەو هەندێك میدیاش ئەوەیان خستۆتەڕو كە كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی پارێزگار
ژمارەیەك لەخۆپیشاندەرانی شێلاوە.
خۆپیشاندەران توڕەن و رەخنەی توند لەبەرپرسان دەگرن بەهۆی روداوەكەو داوا
دەكەن هەر كەسێك هۆكار بوە لەو روداوەدا لێپێچینەوەی لەگەل بكرێت.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ
پێنجشەممە بەلەمێك لە دورگەیەكی گەشتیاری موسڵ لە روباری دیجلە ژێر ئاوكەوت كە
بەپێی دوایین ئامار لەو روداوەدا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەست داوە.