سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران: خوێنی عێراقییەكانی‌ نەینەوا بەفیڕۆ ناڕوات
  2019-03-22       846       
محەمەد حەلبوسی له‌گه‌ڵ بەرهەم ساڵح
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوێنی عێراقییەكانی‌ نەینەوا بەفیڕۆ ناڕوات. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن بۆ ڕزگاركردنی ئەم شارە لەگەندەڵكاران.

ئاوێنه‌: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ هەینی سەردانی پارێزگای نەینەوای كرد بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری كارەساتی نوقومبونی بەلەمەكەی موسڵ بێت.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دوا بەدوای گەیشتنی بۆ بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسینەكانی نەینەوا، ناوبراو بەئامادەبونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتارانی نەینەواو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوەوەو داوای كۆبونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی كرد سەبارەت بەو كارەساتە بەئازارە.

محەمەد حەلبوسی رایگه‌یاند، "موسڵ كارەساتی زۆری بینیوەو دوچاری بارودۆخێك بوەتەوە پێشتر هیچ شارێك دوچاری نەبووە، پێویستە هەموان لەگەڵیابین لەو كارەساتە".

ئاماژەی بەوشكرد، موسڵ بەخوێنی عێراقییەكان لەباكورەوە بۆ باشور ڕزگاركرا بەگیانفیداییان تیرۆر تێكشكێنرا بۆیە پێویستە پارێزگاری لەسەركەوتنەكان بكرێت‌و رێگە بەگەندەڵكاران نەدرێت ئەو دەستكەوتە بەفیڕۆ بدەن.

وتیشی، "ئەی گەندەڵكاران‌و لادەران لەیاسا خوێنی عێراقییەكان كە ڕژایە سەر خاكی نەینەوا بەفیڕۆ ناچێت، رێگەتان پێ نادەین خوێن‌و گیانفیدایی بەهەدەر بدەن".

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیشی كردەوە كه‌ ئەمرۆ بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن بۆ ڕزگاركردنی ئەم شارە لەگەندەڵكاران‌و دەرچووان لەیاسا پەرلەمانیش بڕیاری گرنگ لەدانیشتنی داهاتودا سەبارەت بەموسڵ دەردەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×