لیرەی توركی لەسەدا 5ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست دا
  2019-03-23       1566       

لیرەی توركی زیاتر لە لەسەدا 5ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكا لەدەستداو ئەوەش بە گەورەترین دابەزینی دراوی ئەو وڵاتە لەڕۆژێكدا دەژمێردرێت لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی رۆیتەرز ئێوارەی دوێنێ هەینی لەكاتی داخستنی بازاڕدا یەك دۆلار بەرامبەر بە 5.7549 لیرەی توركی بوە كە ئەوەش گەورەترین ئاستی دابەزینی ئەو دراوەیە بەرامبەر بە دۆلار لەمانگی تشرینی یەكەمەوە.

ساڵی رابردو لیرەی توركی نزیكەی لەسەدا 30 بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدا ئەوەش دڵەڕاوكێی لای وەبەرهێنەران دروست كرد كە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە بتوانێت بەر لە هەڵاوسان بگرێت.

دابەزینی لیرەی توركی، دوێنێ هەینی، پاش ئەوە هات كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، هەوڵەكانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ داننان بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان-دا، ناوچەكە دەخاتە سەر لێواری قەیرانێكی نوێ.

ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان نیگەرانی و دڵەڕاوكێكانی لەپەیوەست بە تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە زیاتر كرد كە لەئێستادا پەیوەندییەكانی نێو ئەو دو وڵاتە بەهۆی سوربونی توركیا لەسەر كڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی، بە باری گرژیدا دەڕۆن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×