پارێزگاری نەینەوا: بەڕێوەبەری دورگە گەشتیارییەكەی موسڵ لەدهۆكە
  2019-03-23       1192       

نەوفەل عاكوب، پارێزگاری نەینەوا ئاشكرایكرد كە بەڕێوەبەری دورگە گەشتیارییەكەی موسڵ بەرەو دهۆك هەڵهاتوەو دەنگۆی ئەوەش هەیە لەوێوە چوبێتە توركیا. ئەو لەسەر لێدوانێكیشی داوای لێبوردن لە مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان دەكات و دەشڵێت، ئەگەر داوام لێبكەن ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە.

ئاوێنە: نەوفەل عاكوب، لەمیانی وتوێژێكدا لەگەڵ میدیایەكی عێراقی رایگەیاند"بەڕێوەبەری دورگە گەشتیارییەكەی موسڵ پابەندنەبوە بەو راسپاردانەوە كە لەپەیوەست بە بەرزبونەوەی ئاستی ئاوەوە دەركراون و فەرمانەكانیشی جێبەجێ نەكردون."

رونیشیكردۆتەوە"ئەو كەسە پێشتر لەلایەن پارێزگاوە بانگكراوە بەهۆی بەزركردنەوەی نرخەوە."

وتوشیەتی"بەڕێوەبەری دورگەكە بانگەشەی ئەوەدەكات كە لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی هەقدایە بەڵام ئەو بانگەشەیەی درۆیە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئێستا ئەو بەڕێوەبەرە لە دهۆك و هەواڵی ئەوەش هەیە كە سەفەری توركیای كردبێت."

ئەو لێدوانانەی پارێزگاری نەینەوا دوای ئەوە هاتن كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ هەینی فەرمانێكی دروستكردنی شانەی قەیرانی لە پارێزگای نەینەوا بە سەرۆكایەتی خۆی راگەیاندو هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەو شانەیە كاروبارەكانی جێبەجێكردن لە پارێزگاكە رایی دەكات.

محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری حزبی حەل لەوبارەیەوە رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدابو كە لەكارلادانی پارێزگاری نەینەوا چۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو داواشی كردبو لەشوێنەكەی كەسێك دابنرێت كە لەگەندەڵییەوە نەگلابێت و ملكەچ نەبێت بۆ گروپە چەكدارەكان.

دوێنێش مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لەعێراق لەسەر زاری نوێنەرەكەیەوە لەمیانی نوێژی هەینیدا لەكەربەلا داوای كرد كە كەمتەرخەمانی روداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەی موسڵ دەستبەجێ دەستلەكاربكێشنەوە.

لەبەرامبەر ئەوەی ئایا پابەند دەبن بەو داوایەوە، لەدیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا نەوفەل عاكوب، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاندبو"ئێمە سوننەین و هیچ مەرجەعیەتێكی ئایینی و سیاسیمان نییە."
وتبوشی"قسەی مەرجەعیەتی ئایینی نەجەف تەنها لە پارێزگاكانی خواروی عێراق پەیڕەو دەكرێت، ئێمە لەنەینەوا نازانین كێ مەرجەعی ئایینیمانە."

بەڵام ئەمڕۆ شەممە نەوفەل عاكوب لەو لێدوانەی پاشگەزبوەو داوای لێبوردنی لە مەرجەعیەتی باڵای ئایینی شیعەكان كردو رایگەیاند، ئەگەر مەرجەعیەت داوای لێبكات دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات ئەوا بۆ ساتێكیش دودڵ نابێت.

پارێزگاری موسڵ لەبەیاننامەیەكدا وتویەتی"سەركەوتو نەبوم لە گوزارشت كردن لەكاتی چاوپێكەوتنێكمدا لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان ئەوەش بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی لەم رۆژانەدا بەرامبەرمان پیادەكراوە، رێزو پێزانینی تەواوم هەیە بۆ مەرجەعیەتی ئایینیمان چونكە ئەوان سەمامی ئەمان بون بۆ عێراق كاتێك فتوای شەڕكردن دژ بە داعشیان داو رزگاریان كردین لەو چەتە تاوانكارانە بە خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەم داوایەم دەخەمە بەردەم مەرجەعیەتی باڵاو چاوەڕوانی وەڵامیان دەبم: ئەگەر داوام لێبكەن دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەم ئەوا بۆ یەك ساتیش دودڵ نابم لەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×