مەلا بەختیار بۆ مەلا كرێكار: هەركاتێك بەئازادی گەڕایتەوە، دیبەیتت لەگەڵ دەكەم
  2019-03-23       2535       

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوەڵامی مەلا كرێكار-دا بۆ سازدانی دیبەتێك لەنێوانیاندا، دەڵێت"هەركات بە ئازادی گەڕایتەوە كوردستان، بێگومان وەكو یەكەمین چالاكیت، بەندە دیبەیتێكت لەگەڵ سازدەكات."

ئاوێنە: مه‌لا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام كه‌ ئێستا خۆی‌ وه‌ك ئه‌میری‌ ره‌وتی‌ شاخ ده‌ناسێنێت، پێشتر له‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییدا داوای لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردبو كە پێی خۆشە دیبەتێك ساز بكەن.

مەلا كرێكار وتبوی"پێمخۆشه‌ دیبه‌یتێك له‌گه‌ڵ‌ مه‌لا بەختیار ئه‌نجام بده‌م ئه‌گه‌ر ئه‌یه‌وێت به‌ڕێی‌ فه‌لسه‌فی‌ دینه‌كه‌مان تێبگه‌یه‌نێت و چۆن ئوسوڵی‌ دینه‌كه‌ وه‌ربگرین، فه‌رمو به‌ڵێنیشت پێده‌ده‌م غه‌یری‌ قسه‌ی‌ فه‌لسه‌فی‌ له‌گه‌ڵ‌ جه‌نابتان هیچ ناڵێم."

راگەیاندنی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ مەلا بەختیار، لەپەیامێكی ڤیدیۆیدا، بەچەند سەرنجێك وەڵامی مەلا كرێكار دەداتەوەو تیایدا رایدەگەیەنێت"هەركات بە ئازادی گەڕایتەوە كوردستان، بێگومان وەكو یەكەمین چالاكیت، بەندە دیبەیتێكت لەگەڵ سازدەكات."

بەپێی راگەیەندراوەكەی راگەیاندنی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەپەیامەكەیدا مەلا بەختیار "وەڵامی هەندێك لەزانیارییە ناڕاستەكانی مەلا كرێكار دەداتەوە"و دەڵێت"جیاواز بیردەكەینەوە، بەڵام رێزم بۆ جیاوازییەكان هەیە‌و هیچ كاتێكیش باوەڕم بەوە نییە ئازادیت لێ‌ زەوت بكرێت‌و باوەڕیشم بەوە نییە كەس بیر لەوە بكاتەوە، تۆڵەی جەستەیی لەجەنابت بكاتەوە."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×