مه‌لا به‌ختیار.. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌ره‌ی‌ خوشكان له‌به‌رامبه‌ر نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان‌
  2018-12-24       2550       
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی


نزیكبونه‌وه‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ خوشكان -هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- مانۆڕێكی‌ سیاسی‌ نوێی‌ مه‌لا به‌ختیاره‌ به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی‌ له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستاندا، به‌تایبه‌تی‌ به‌رامبه‌ر نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان‌.



ئا: ئاوێنه‌



رۆژی‌ 22/12/2018، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سه‌ردانی گۆڕی جه‌لال تاڵه‌بانی-یان كردو له‌لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی‌ كوردسات نیوز كه‌ له‌لایه‌ن خوشكانه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت، رایگه‌یاند، "سه‌ردانی مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ پاككردنه‌وه‌ی ویژدانمان‌و په‌یمان نوێكردنه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها هاتوین به‌ڵێن به‌مام بده‌ین كه‌ یه‌كێتی بپارێزین‌و له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی به‌رده‌وام بین".



مه‌لا به‌ختیار  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پێویسته‌ كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال ببه‌ستین، هه‌روه‌ها بۆ مێژو ده‌یڵێم من‌و خاتو هێرۆ كۆنترین هه‌ڤاڵه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لالین له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌بی سیاسی".



لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی وتیشی‌، "یه‌كێتی سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌ك مام جه‌لالی بۆ دروستنابێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌هه‌مومان هه‌وڵبده‌ین رۆحی مام ئاسوده‌ بكه‌ین‌و یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بپارێزین‌و دروشمی مام كه‌ بریت بو له‌ده‌م و داوێن‌و ده‌ستپاكی جێبه‌جێبكه‌ین".



ئه‌م پێشهاته‌ نوێیه‌ له‌ململانێ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ ده‌شكرێت ناوی‌ بنێین راگه‌یاندنی‌ باڵێكی‌ نوێ له‌ناو یه‌كێتیدا، پاش دوركه‌وتنه‌وه‌و زویربونی‌ مه‌لا به‌ختیارو خوشكان دێت له‌زنجیره‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان‌، كه‌ گرنگترینیان دیاریكردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح بو بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق.



نیگه‌رانییه‌كانی‌ مه‌لا به‌ختیار لێره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد
له‌كۆبونه‌وه‌ی رۆژی‌ 19/09/2018‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پاش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كاندیدكردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح بون بۆ پۆستی‌ سه‌رۆككۆمار، مه‌لا به‌ختیارو چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یان جێهێشت.



پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح  بۆ نێو یه‌كێتی‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ -هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌- دواتر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار، وایكرد مه‌لا به‌ختیار بڕیار بدات له‌ماڵه‌وه‌ دابنیشێ، په‌یوه‌ندی به‌كۆبونه‌وه‌ فه‌رمییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی نه‌كات.



له‌باره‌ی‌ زویربونی‌ مه‌لا به‌ختیاره‌وه‌، مستەفا چاوڕەش  ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت، "مەلا بەختیارکەمێک نیگەرانە لەحزب، چەند جارێک لەماڵەوە سەردانمکردووە، چەند جارێکیش پەیوەندیم پێوەکردووەو پێمگوتووە دامەبڕێ، هەروەها کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیش سەردانی کردووە، بەڵام ئێستا دانیشتووە، دانیشتنەکەی بەمەبەستی جیابونەوە نییە لەیەکێتی".



مسته‌فا چاوڕه‌ش باسی له‌وه‌شكرد، "هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمارو گەڕانەوەی بۆ نێو یەکێتی، بەشێک بون لەنیگەرانییەکانی".



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا مه‌لا به‌ختیار له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌، بەڵام له‌جوڵە سیاسییه‌كانی نه‌كه‌تووه‌و نه‌سره‌وتووه‌. ئه‌گه‌ر وا لێكبدرێته‌وه‌ دواین جوڵەی سیاسی مەلا بەختیار هەوڵدان بو بۆ گەیشتن بەكورسییەكەی تاڵەبانی لەبەغداد، بەڵام لەو پرۆسەیەدا سەرنەكەوت‌، به‌ڵام ناوبراو دانه‌نیشتوه‌و له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌و هاتنه‌وه‌پێشی‌ له‌شانۆی‌  سیاسی، له‌سه‌ر ئاستی‌ حزبه‌كه‌ی‌‌و له‌به‌رامبه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و ناوچه‌كه‌ش، به‌و پێیه‌ی‌ له‌هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی‌ نوێدا ئه‌ویش به‌وتارو ده‌ركه‌وتنی‌ له‌بۆنه‌ جیاجیاكاندا قسه‌و ڕه‌خنه‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌. 



له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ ناوبراو به‌رده‌وامه‌ له‌ململانێ سیاسیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ تاڵه‌بانییه‌كان، به‌جۆرێك له‌ئێستادا مه‌لا به‌ختیار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ لای‌ ڕكابه‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی‌ كه‌ شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌.



‌له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ پشتیوانیكردنی كۆسرەت رەسوڵ لەدانانی بەرهەم ساڵح لەپۆستی سەرۆك كۆمار، نێوانی‌ مه‌لا به‌ختیارو كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ گرژی‌‌و دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ تێكه‌وت، بەڵام بەمدواییە كۆسرەت رەسوڵ هەوڵی چاككردنەوەی بارودۆخەكەی داوە لەگەڵ مەلا بەختیار.



جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ له‌هه‌وڵدایه‌ بۆرەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەلا بەختیار‌و گەڕاندنەوەی بۆ كاركردن لەناو یەكێتی، ئەو هەوڵەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگە یەكێتی پێویستی زۆری بەرۆڵی مەلا بەختیار بێت لەدانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەهۆی ئەزمونی دورودرێژی ئەو لە گفتوگۆكان لەگەڵ پارتیدا.



ئاوابونی‌ خۆری‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ساڵانێك دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی سەرۆكایەتی "باڵی دەسترۆیشتوی" حیزبەكەی دەكرد، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك سەركردەی یەكێتی لەخۆی نزیك كردبوەوە، به‌ڵام به‌هۆی‌ دۆخی‌ ته‌ندروستییه‌وه‌ هێواش هێواش ڕۆڵ‌و كاریگه‌ریی‌ له‌كایه‌و پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حزبه‌كه‌شی‌ به‌ره‌و ئاوابون ده‌چێت.



هاوشان له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ به‌ده‌سته‌ ڕاستی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌سف ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی‌ پاش خراپتربونی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ له‌گۆڕه‌پانه‌ سیاسیه‌كه‌، شاناز هه‌م نیگه‌رانه‌ له‌جوڵه‌ سیاسیه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ تاڵه‌بانییه‌كان‌و هه‌م ده‌یه‌وێ بۆشایی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی لەناو یەكێتی نیشتمانیدا پڕبكاتەوە.


وه‌ك ده‌بینرێت، ماوەیەكە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد له‌ناو هه‌رێم‌و به‌ریتانیاش كۆبونەوەكانی‌ لەگەڵ چەند سەركردەو كادرێكی یەكێتی چڕكردۆته‌وه‌، بەتایبەتی ئەو سەركردانەی ئێستا لەیەكێتی نیگەرانن‌و چونەتە ماڵەوە. 



له‌و چوارچێوه‌یه‌داو به‌پێی‌ زانیارییه‌ ناڕه‌سمییه‌ بڵاونه‌كراوه‌كان، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ئێشتا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبۆتەوە.



ئامانجی كۆبوونەوەكە دو هۆكار بووە، یەكێكیان ئەوە بووە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەلا بەختیار ئاسایی بكاتەوە كە چەندین ساڵە گرژیی‌و ئاڵۆزیی توند لەنێوانیاندا هەیە، دووەمیش ئەوە بووە، دەیەوێت له‌بری‌ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی رۆڵ بگێڕێت‌و كۆمەڵێك سەركردەی یەكێتی لەخۆی كۆبكاتەوە.



هه‌لێكی‌ زێڕین له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ تاڵه‌بانییه‌كان
لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهم ئەحمەد چەند ساڵێك وەك كەسی یەكەمی یەكێتی دەردەكەوت‌و لەپشتیشییەوە، چەند ئەندامێكی تری خانەوادەی تاڵەبانی هەبون، لەدیارترینیان شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی بو، هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەند ساڵێك كەسی یەكەم‌و قسەكەری كۆتایی یەكێتی بو، بەڵام له‌ئێستادا به‌هۆی‌ هه‌ڵكشانی‌ تەمەنی‌و خراپی باری‌ تەندروستی وایكردووە، لەگۆڕەپانەكە دوربكەوێتەوەو ئەو رۆڵەی جارانی نەمێنێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كە بەم نزیكانە ئایندەی ئەو حزبە بكەوێتە دەست نەوەی دووەمی تاڵه‌بانییه‌كان كه‌ خۆی‌ له‌باڤڵ تاڵه‌بانی‌‌و قوباد تاڵه‌بانی‌‌و لاهور شێخ جه‌نگی‌ ده‌بێته‌وه‌.



ئه‌وه‌ی‌ هه‌له‌كه‌ی‌ بۆ نەوەی دووەمی تاڵه‌بانییه‌كان له‌بارتر كردووه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ چونه‌ سه‌ری‌ ته‌مه‌ن‌و خراپی‌ ڕه‌وشی‌ ته‌ندروستی‌ كۆسرەت رەسوڵه‌، كێشە تەندروستییه‌كانی وایكردووه‌ ئەویش ئەو رۆڵەی جارانی نەمێنێت، هەرچەندە لەگۆڕەپانەكە بەردەوامە لەكێبڕكێكردن.



هه‌مو پێدراوه‌كان ده‌مانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ لەئێستاوە رونە لەناو سەركردایەتی‌ داهاتوی‌ یەكێتیدا –كۆنگره‌ی‌ حزب بكرێت یان نا- ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەست رۆیشتو دەبن، قوباد تاڵەبانی‌‌و بافێڵ تاڵەبانی‌ -كوڕانی‌ تاڵەبانی‌- لاهور شێخ جەنگی‌‌و ئاراس شێخ جەنگی‌ -برازاكانی‌ تاڵەبانی‌- ئەو نەوەیەن كە ئێستا دەتوانرێت بەنەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان دابنرێن‌و كار بۆ ئەوە دەكەن لەسەركردایەتی داهاتوی یەكێتی پێگەو رۆڵی گەورەیان هەبێت.



له‌نێو نه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ تاڵه‌بانییه‌كانیشدا باڤڵ تاڵه‌بانی كورە گەورەی تاڵەبانی، بەپرۆژەیەكی رانەگەیەنراوەوە، وەك كەسایەتییەكی به‌هێزو كاریگه‌ر هاتۆته‌ پێش‌و بێ‌ ئەوەی هیچ ناونیشانێكی دیاریكراوی حزبیی هەبێ دەركەوتووەو وەكو تاقانە سەركردەیەكی بڕیاردەر دێتەبەرچاو.



باڤڵ كه‌ جوڵەكانی هاوتای جوڵەی سكرتێر حسابی لەسەر دەكرێت، دەیەوێت پرۆژەی ئاشتكردنەوەی ناو یەكێتی‌و قوتاربون لەدەستگەریی‌و خابونەوەی گرژییەكانی نێوان سەركردەكان، بكاتە بەردەباز بۆ رێكخستنەوەی زۆنی سەوزو دروستكردنی هاوسەنگی هێز لەگەڵ پارتی. 



بافێڵ چاوی لەسەر ئاشتكردنەوەی هەمو ئەو سەركردانەیە كە پێشتر لەیەكێتی دابرابون، تائاستێك له‌م روه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو بووه‌ –گه‌رانه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ نێو یه‌كێتی‌‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ ده‌كرێت وه‌ك ده‌ستكه‌وت‌و سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ئه‌ژمار بكرێت- بۆ ئەوەش دەیەوێت یەكێتی له‌قه‌یرانی‌ باڵباڵین ڕزگار بكات‌و لەپارێزگای سلێمانیش حزبه‌كه‌ی‌ لەهێزی دووەمەوە بكاتەوە بەهێزی یەكەم.



كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی –كه‌ هێشتا واده‌كه‌ی‌ دیار نییه‌- ئەو دەرفەتەیە كە ماوەیەكە نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان چاوەڕێی دەكەن‌و بەچڕیش كار دەكەن‌و لەپشت ئەو جوڵانەن، كە بۆ بەستنی كۆنگرەكە دەكرێت، لەو بارەیه‌شەوە ئامادەكاریی باشیان كردووەو چارەنوسیشیان لەوێ‌ یەكلادەبێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×