شارەوانی دەربەندیخان هاوڵاتیان لەمەترسی لافاو ئاگادار دەكاتەوە
  2019-03-24       2437       

سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای دەربەندیخان هاوڵاتیان لەمەترسی لافاو ئاگادار دەكاتەوە، دەشڵێت "لەكاتی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لەماڵەكانتان ببمێننەوە تا تیمە فریاگوزارییەكان دەگەنە لاتان".


ئاوێنە: سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای دەربەندیخان رایدەگەیەنێت لەكاتی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لەماڵەكانیان تا تیمە فریاگوزارییەكان دەگەنە لایان، هەوڵ بدرێت قەرەباڵغی دروست نەكرێت، دەشڵێت "خۆتان و منداڵەكانتان بپارێزن لەو شوێنانەی كەلە بنەڕەتدا چاڵن و شوێنی كۆبونەوەی ئاون، چونكە لەگەڵ پڕبونیان لەئاو قوڵیەكانیان نادیار دەبن".


دەقی ڕاگەیەندراوەكە

هۆشدارییەك لە سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان بۆ هاوشاریانمان لە شارۆچكەی دەربەندیخان..

بەپێی پێشبینیەكانی كەشوهەوا، ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەری پاڵەپەستۆی نزمی هەردوو دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاست و بارانی بەخوڕو بەهێزو هەورە بروسكە لەخۆ دەگرێت و چاوەڕوان دەكرێت ڕێژەیەكی زۆر باران ببارێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوەندی شارو شەقامەگشتی و ناوچە نزم و چاڵەكاندا، بۆیە داواكارین لەهەموان كە:-
١- لەكاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەماڵەكانتان ببمێننەوە تا تیمە فریاگوزارییەكان دەگەنە لاتان.

٢- هەوڵبدرێت قەرەباڵغی لەسەر شەقامەكان دروست نەكرێت تا تیمە فریاگوزارییەكان بەزوترین كات بگەنە ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە.

٣- خۆتان بپارێزن لەمانەوە لەناوچە بەرزو چۆڵ و شاخاویەكان، چونكە شەپۆلەكە بارگاوییە بەهەورە بروسكە بارگەی كارەبایی بەرز.

٤- داوا لەو هاوڵاتیانە دەكەین كە پیشەیان بەخێوكردنی ئاژەڵ و شوانیە خۆیان بپارێزن لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵ و ماڵاتەكانیان بۆ شوێنە بەرز و دوورە دەستەكان.

٥- داوا لە هاوڵاتیانە دەكەین كەلە دەرەوەی موحەرەماتی سنوری شارەوانیمان و دەكەونە سەر یان نزیكن لە ڕێڕەوی لافاو خۆیان بپارێزن و بەزوترین كات پەیوەندی بكەن بە لایەنە پەیوەندی دارەكانەوە.

٦- داوا لەبرا شۆفێرەكان دەكەین ئەگەر بۆكاری زۆر زۆر پێویست نەبێت لە كاتی گەیشتنی شەپۆلەكە ڕێگاكانی دەرەوەی شار بەكارنەهێنن و لەشوێنی سەلامەتی خۆیان بمێننەوە.

٧- داوا دەكەین كە بەهۆی ئەوەی ناوچەكەمان شەپۆلی زەمین لەرزەی پێدا تێپەڕیوە و بۆتە هۆی جوڵانی توێكڵی زەوی و ئەگەری بەهێز هەیە لەكاتی بونی بارانی بەهێزو بەخوڕ بەردی گەورە بخلیسكێتە خوارەوە بۆیە لەبونی هەر حاڵەتێكی لەجۆرە تیمەكانمان ئاگادار بكەنەوە.

٨- خۆتان و منداڵەكانتان بپارێزن لەو شوێنانەی كەلە بنەڕەتدا چاڵن و شوێنی كۆبونەوەی ئاون، چونكە لەگەڵ پڕبونیان لەئاو قوڵیەكانیان نادیار دەبن.

٩- ژمارەی فریاگوزاری خێراو ئامادەی شارەوانیمان بریتیە لە:-

٤٦٤٠ ٥٤٥ ٠٧٧٢
٩٢٩٨ ٩٤٦ ٠٧٧١
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموان.
ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×