بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان هۆشداریی له‌ ئه‌گه‌ری راگرتنی ناردنی موچه‌ ده‌دات له‌لایه‌ن به‌غداوه‌
  2019-03-25       3381       

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عێراق هۆشداریی ده‌دات له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری راگرتنی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و ده‌شڵێت"‎ماوەی سێ مانگە حکومەتی عێراق موچەو بوجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بێئەوەی لە بەرانبەردا یەک تەنەکە نەوت ڕادەستی سۆمۆ کرابێت."

ئاوێنه‌: بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌فه‌یسبوك نوسیویه‌تی"‎ڕۆژانە لەناو پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار روبەڕوی رەخنەی توندی نوێنەرانی پارێزگاکانی تر دەبینەوەو بیر لەکاردانەوەو بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە کە دوبارە راگرتنی موچەش لەخۆدەگرێت."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"‎لە بودجەی 2019 دا هاتوە کە هەرێم دەبێت رۆژانە 250 هه‌زار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات و هەرێم نیازی پابەندبونی نییە."

‎وتوشیه‌تی"راستە کە موچەی فەرمانبەران بە بڕگەیەکی جیاواز لەناو بودجەدا جێکراوەتەوە, بەڵام هەمو دەبێت ئەو راستییە بزانن کە ئەوەش قابیلی ئاڵوگۆڕەو بەهانە هەیە کە رابگیرێت."

به‌پێی قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر هاتو دژ به‌و بڕگه‌یه‌ واژو کۆکرایەوە, دەتوانرێت دوبارە بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەو بڕگەیەدا بهێنن و رایبگرن.

وتوشیه‌تی"واتە شێوازی تر هەیە بۆ شەرعیەتدان بە راگرتنی پشکی هەرێم و ئینجا هەم پاشەکەوت و بڕین و کەمکردنی موچەی فەرمانبەرو موچەخۆران دێتەوە ناوان."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"ئێمە بەئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین لەشەڕی مافی هاوڵاتیانی هەرێم و لەداکۆکی لێکرنیان بەردەوام دەبین, بەڵام ئەم شەڕە تەنها بە ئێمەی نوێنەران ناکرێت و بەبێ پابەندبونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکانەوە لەم شەڕەدا سەرکەوتو نابین و بەوەش قەیرانەکانی هەرێم و بێ موچەیی بەردەوامی دەبێت.ئینجا ئۆباڵەکەی لەئەستۆی کێ دەبێ و کێ سودمەندو کێش زیانمەند دەبێ؟ ئەمە پرسیارەکەیە."

له‌كۆتاییشدا وتویه‌تی"پابەندبون بەیاسای بودجە واتە بەردەوامی لە لابردنی پاشەکەوتی موچەو هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان. ملنەدان بۆ یاسای بودجە واتە گەڕانەوەی پاشەکەوت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×