هۆشیار عه‌بدوڵا: ئەمڕۆش توانیمان پشکی موچە لەکێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین
  2019-03-25       3458       

هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌یاندا گفتوگۆی توندكراوه‌ له‌سه‌ر پرسی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ موچه‌ دێت بۆ هه‌رێم. ده‌شڵێت؛ ئه‌مڕۆش توانیمان پشكی موچه‌ له‌كێشه‌ی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم لابده‌ین.

ئاوێنه‌: هۆشیار عه‌بدوڵا، كه‌ په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌ رایگه‌یاند"وەک چۆن لە موازەنە توانیمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشەی نەوت لابدەین و جیای بکەینەوە، ئەمڕۆش توانیمان پشکی موچە لەکێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی مالیە، جارێکی تر لەسەر پشکی هەرێم و هەوڵدان بۆ بڕینی ئەو پشکەی ئێستا دێت بۆ هەرێم لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێمان بو بە کێشە و گفتوگۆی توند."

وتوشیه‌تی"کێشەکە ئەوەیە بە گویڕەی رای سەرۆکی دەستەی مەرزەکانی عێراق کە لە ۱٠ی ئازار بانگهێشتی لیژنەی مالیە کراوە، لە ئێستادا هەرێم پابەند بوە بە تاریفەی رەسمی گومرگی بەڵام داهاتەکەی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی ئیتیحادی."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ی لیژنه‌ی دارایی وتوشیه‌تی"لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتە کرا کە قەرارە پێنجشەممە بخوێنرێتەوەو تیایدا چەند راسپاردەیەک جێگیر کراوە، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی مالیە پێشنیاری کرد کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبو بە گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ لەبەرامبەردا ئەو بڕە لە پشکی هەرێم ببڕدرێت."

وتوشیه‌تی"ئێمە ئەندامە کوردەکان دژ بوین و وەڵامماندایەوە."

هۆشیاری عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌ وه‌ڵامی خۆی داوه‌و وتویه‌تی"وەڵامی بەندە ئەوە بو کە ئێمە دەزانین داهاتی ناوخۆ لە هەرێم گەندەڵی تێدایە، دەزانین کە ئەحزاب سودی لێدەبینن نەک حکومەت، پارەی داهاتی ناوخۆ نەک (هەموی) بۆ خەزێنەی حکومەتی ئیتیحادی ناگەڕێتەوە بەڵکو بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمیش (کەمێکی نەبێت) ئەوەی تری ئەڕوات بۆ ئەحزاب و ناگەڕێتەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک قبوڵمان نییە باسی پشکی ئێستای هەرێم بکرێت کە بۆ موچەی فەرمانبەرانەو مەعقول نییە بەغداد ئالیەتی تر شک نەبات لەهەمو کێشەیەک تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت هەڕەشەی بڕینی بکات."

ئاشكراشیكردوه‌"وتمان ئیجرائاتی تر چیتان پێ باشە بەو مەرجەی دور بێت لە موچەی خەڵک لەگەڵتانین."

باسی له‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ تا ده‌هات "گفتوگۆکان توند تر دەبون؛ وتمان ئێمە هەموی مانگێکە فەرمانبەرانمان پاش زیاتر لە سێ ساڵ پاشەکەوتی زۆرە ملێ، موچەیەکیان بەتەواوی وەرگرتوە، قبوڵمان نییە باسی ئەو پارەیە بکرێت کە دەچێ بۆ موچە با حکومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێمدا بگاتە نەتیجە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌"لە نەتیجەدا توانیمان قەناعەتیان پێ بهێنین کە موچەی فەرمانبەران لە کێشەی داهاتی ناوخۆش لابدەین وەک چۆن لە موازەنەدا لە کێشەی نەوت لاماندا، دواجار بە شێوازێک دەقەکە داڕێژرا کە دەست بۆ پشکی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابرێت."

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی هۆشیار عه‌بدوڵا وتویه‌تی"دەمەوێت رایگشتی خەڵکی کوردستان لەو راستیە ئاگادار بکەمەوە کە ئەگەر هەرێم بەزویی هەنگاو نەنێت بە ئاڕاستەیەک کە مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆدا بکات دەبێت بزانێت لە ئایندەی نزیکدا ئەو کێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت."

وتوشیه‌تی"گرنگە هەرێم بۆ بەردەم رایگشتی هەرێم و عێراقیش بەڕونی داهاتی ناوخۆ و نەوت بخاتەڕو، چیتر دیزە بەدەرخۆنەکردن لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی بە پارەی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت ناچێتە سەر و ئێمەی نوێنەرانی کوردیش پاساوی بابەتی وامان پێ نابێت کە داکۆکی بکەین."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"ئێمە لە داکۆکیکردن لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سورین لەسەر ئەوەی کە بە جیا مامەڵەی لەگەلدا بکرێت بەڵام دەبێ حکومەتی هەرێم بزانێت وەک ئەوەی ئێستا کە بڵێ نەوتی خۆم دەفرۆشم، داهاتی ناوخۆ ناگەڕێنمەوە خەزێنەی ئیتیحادی و دەبێ پارەشم لە بەغداوە بۆ بێت، بەردەوام نابێت."

به‌كۆتاییشدا وتویه‌تی"گرنگە رون بێت ئەوەی ئەمڕۆ رێمان لێگرت هەرگیز داکۆکی نییە لە چۆنێتی مامەڵە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمەوە چونکە دەزانین پڕە لە گەندەڵی بەڵام خەمی موچەی خەڵکمانە کە جارێکی تر نەبردرێت و لەو پێناوەشدا ئەم هۆشدارییە پێشوەختەمان بڵاوکردەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×