وەزیری پلاندانانی عێراق: ڕەنگە نەتوانین بەبێ‌ دەستكاری مووچە دابەش بكەین
  2020-05-20       658       

وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند: لەوانەیە نەتوانین مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران بەتەواوی و بەبێ لێبڕین دابەش بكەن.
 
ئاوێنه‌: خالد بەتتال وەزیری پلاندانانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، توانراوە مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران بەتەواوی دابەش بكرێت، بەڵام بۆ مانگی حوزەیران، لەوانەیە حكومەت نەتوانێت مووچەی تەواو بە هەموو دەرماڵەكانەوە دابین بكات.

وتیشی، بەهیچ جۆرێك دەستكاریی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران ناكرێت، بەڵام گفتوگۆ لەسەر بڕینی بەشێك لە دەرماڵەی مووچەخۆران كراوە، ئەوانەش مووچەكانیان تا ٥٠٠ هەزار دینارە لێبڕین نایانگرێتەوە، چونكە ڕەنگە نەتوانرێت مووچەی تەواو بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت، ئیتر ناوی پاشەكەوت یان بڕینی لێدەنرێت یان هەر ناوێكی تر.

وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشكراشیكرد، نزیكەی ٢ ملیۆن‌و ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر، جگە لەوانەی بە گرێبەست دامەزراون، مووچە لە حكومەت وەردەگرن، ئەمەش قورساییەكی زۆری بۆ حكومەت دروستكردووە، دابینكردنی مووچەی تەواوەتیش، پشت بە زۆر هۆكار دەبەستێت، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×