وەزارەتی ئەوقاف: ئه‌مساڵ نویژی جەژن ئەنجام نادرێت
  2020-05-21       570       

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی رێككارەكانی خۆپارێزی و پێشنیارەکانی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، لە رۆژانی جەژندا دەرگای مزگەوتەكان ناكرێنەوە.

ئاوێنه‌: نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەت بە  میدیایی گۆڕانی راگەیاند، لیژنەی باڵای روبەروبوەنەوەی کۆرۆنا لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم، پێشنیارییان کردووە لە ڕۆژانی جەژندا دەرگای مزگەوتەکان نەکرێنەوە و نویژی جەژن ئەنجام نەدرێت، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا چەند حاڵەتێکی دیکەی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارکراوە.

وتیشی، " ئێمە وەک وەزارەت پابەند دەبین بە هەر ڕێککارێک کە بۆ روبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان دەگیرێتەبەر، لە ڕۆژی جەژندا دەرگای مزگەتەکان ناکرێنەوە".

هاوکات بەڕێوەبەری ئەوقاف و کاروباری ئاینی سلێمانی، راگەیاند، بەهۆی ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت لە رۆژانی جەژندا بۆیە نویژی جەژن ئەنجام نادرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە مامۆستایانی بە ئاینیان ڕاگەیاندووە لە ماوەی ئەو 72 کاتژمێرەی قەدەغەی هاتوچۆدا دەرگای مزگەتەکان نەکرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×