2020-05-21   496     
له ئێران له میان‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٦ کەسی دیكه بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌و شێوه‌یه‌ش كۆی گشتیی ئەو کەسانەی له‌و وڵاته بەو په‌تایه گیانیان لەدەستداوە گەیشتە حه‌وت هەزار و ٢٤٩ کەس.
ئاوێنه: وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، کیانوش جیهانپور لە لێدوانێکیدا بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی، ئاشكرای كرد کە له ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٦ كه‌سی دیکەی به‌هۆی کۆرۆناوه گیانیان لەدەستداوە و دوو هه‌زار و ٣٩٢ حاڵه‌تی نوێی تووشبوونیش به ڤایرۆسه‌كه تۆماركراوه.
کیانوش جیهانپور تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه حه‌وت هه‌زار و ٢٤٩ كه‌س به‌هۆی تووشبوونیان به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه و كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوونیش بۆ ١٢٩ هه‌زار و ٣٤١ حاڵه‌ت هه‌ڵكشاوه.
جیهانپور باسی له‌وه‌شكرد له میان‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا له ١٢ پارێزگای ئێران هیچ حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به كۆرۆنا تۆمارنه‌كراوه و له شه‌ش پارێزگای دیكه‌ش ته‌نها یه‌كی یه‌ك حاڵه‌ت تۆماركراون و ده‌كرێت له میان‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا تابلۆیه‌كی باشتر ببینن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران باسی له‌وه‌كرد، باری ته‌ندروستیی دوو هه‌زار و ٦٥٥ تووشبووی ڤایرۆسه‌كه ناجێگیره و تا ئێستاش ١٠٠ هه‌زار و ٥٦٤ كه‌س دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر چاكبوونه‌ته‌وه.
کیانوش جیهانپور هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه تا ئه‌مڕۆ له سه‌رانسه‌ری ئێران-دا، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ ٧٤٦ هه‌زار و ٤٥ كه‌س ئه‌نجامدراوه.