رونكردنەوەی پارتی لەبارەی رادەستكردنی تۆمەتبارانی تیرۆر لەلایەن یەكێتییەوە بە عێراق
  2020-05-21       1312       

دوای ئەوەی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئاشكرایكرد: له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی هه‌ستاین به ‌نێوەندگیری له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عیراق بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 170 تۆمه‌تباری تیرۆر له‌كه‌ركوك به‌ عێراق، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك و گەرمیان رونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیان-ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"وەک پارتی دیموکراتی کوردستان سنوری کەرکوك- گەرمیان بەهیچ شێوەیەک ئاگادارنەبوینە یەکێتیی نیشتمانی ئەم جۆرە گرتوخانانەی هەیەو، ئاگاداری هەبونی ئەو گیراوانە لای هێزەکانی سەر بە یەکێتی نەبوینە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پەیوەندیمان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردوە، بۆمان دەرکەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایە لە گرتوخانە نهێنییەکانی یەکێتیی نیشتمانی، هیچ یەکێک لەو گیراوانە رادەستی دامەزراوەی دادوەریی هەرێم نەکراوە."

بەپێی رونكردنەوەكەی پارتی "دادگا بێ ئاگایە لە گرتنی ئەم گیراوانەو ئەم چەند ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی لە گرتوخانەی نهێنیدا ماونەتەوە، ئەمەش بابەتێکە پێویستە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لێی بەرپرسیارن و، ناکرێت کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەوە بکرێت کە حزبێک لە سەروی یاساو لە سەروی دەزگا دادوەرییە فەرمییەکانی هەرێم بێت. هەروەها نابێت هیچ حزبێک گرتوخانەی نهێنیی هەبێت و بەبێ رێکاری دادوەریی رون و فەرمی هاوڵاتیانیان تێدا زیندانی بکرێن."

جەختیشی كردۆتەوە"پارتی هەمیشە داوای گفتوگۆ و گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنیی کردوە بەمەبەستی نزیککردنەوەی دیدو بۆچونی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کەرکوک. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری  کەرکووك - گەرمیان بەهیچ شێوەیەک لە هەبونی ئەم جۆرە گیراوانەو ھەبونی گرتوخانەی نھێنی تایبەت بە یەکێتیی نیشتمانی ئاگادارنەبوە، گەڕانەوەی ئەو خەڵکە کە بەبێ فەرمانی دادگا گیرابون بۆ ناو کەسوکاریان بەر لە جەژنی رەمەزان بابەتێکی گرنگە، زۆر گرنگە ئەو گرتوخانە نهێنییانە دابخرێن و ئەو کەسانەی بونەتە هۆکاری گرتنی ئەو هاوڵاتییانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×