مه‌سرور بارزانی: لەخەرجکردنی داهاتی هەرێمدا نادادپەروەرییەکی زۆرو بێپلانی هەبووە
  2020-05-22       818       
مه‌سرور بارزانی

مه‌سرور بارزانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لەخەرجکردنی داهاتی هەرێمی کوردستاندا، نادادپەروەرییەکی زۆرو بێپلانی هەبووە ، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، له‌ 80%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ موچەخۆران تەرخانکراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن.

ئاوێنه‌: له‌و په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌ی‌ ئه‌مشه‌و بڵاویكرده‌وه‌، مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، "بۆ ئاگاداری ئێوەی بەڕێز، کاتێک داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت 700 ملیۆن دۆلار بوو، لەم بڕە داهاتە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەکان خەرجکراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 300 ملیۆن دۆلار بووە."

وتیشی‌، "هەروەها تەنیا 383 ملیۆن دۆلاریش وەک بەشە بودجەیەک لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەکردو ناچار رێژەیەکی بەرچاوی داهاتی ناوخۆش وەک تەواوکەری پێوستیی مووچە خەرج کراوە."

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌رو، "وێڕای ئەمەش خەرجیی پێویست بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە و ئینجاش مانگانە 60 ملیۆن دۆلار کورتهێنان هەبووە. ئێستاش نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، بۆ نموونە لە مانگی رابردوودا کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغداش دێت دواکەوت."

بارزانی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت، "بێگومان ئەم دۆخە سەختە داراییە، نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو جیهانی گرتووەتەوە و تەنانەت هەندێ وڵاتیشی تووشی داڕمانی دارایی کردووە."

راشیگه‌یاند، "ئاشکرایە لەخەرجکردنی داهاتی هەرێمی کوردستاندا، نادادپەروەرییەکی زۆر و بێ پلانی هەبووە 80%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەکان چەندین بەرابەری پێداویستییەکانی هەرێمە."

له‌په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وتی‌، "لەباشترین بارودۆخی داراییدا، لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەکانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری تەرخانکراوەو تەنیا کەمتر لە 5% بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات دەمێنێتەوە."

جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ لەم دابەشکارییە ناتەواوەی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێکدانەوەیەک بۆ ئایندە و نەوەکانی داهاتوو نەکراوە. بێگومان ئەم وڵاتە تەنیا بە مووچەدان پێشناکەوێت، بەڵکو پێویستیمان بە ژێرخانێکی پتەوتر هەیە. ناکرێ هاووڵاتی مووچەی هەبێت، بەڵام ئاو و کارەبای نەبێت، قوتابخانەی باشی نەبێت، نەخۆشخانەی نەبێت، ڕێگەوبانێکی باشتری نەبێت، بە گشتی کێشەی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هەبێت.

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "حوکمڕانی تەنیا دابەشکردنی مووچە نییە، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە بە هاووڵاتی و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانەوە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەین، بە جۆرێک گەر لە دۆخێکی باشی ئابووریشدا بین، نابێت هەموو توانا داراییەکانمان بۆ مووچە تەرخان بکرێت، پێویستە بەشێکی بەرچاوی بودجە بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابوورییمان بێت."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×