لە ماوەی مانگێک زیاتر لە ١٠١ هەزار دۆنم زەوی لە عێراق سوتاوە
  2020-05-23       333       

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاند، لەمیانی یەك مانگەدا، ١٠١ ھەزار و ٢٢٢ دۆنم زەوی كشتوكاڵی سووتاوە.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢١ی نیسانی رابردوودا تا ٢٢ی ئایاری رابردوو، ١٦٤ رووداوی ئاگركەوتنەوە لە زەوییە كشتوكاڵییەكان روویداوە كە بەهۆیەوە ١٠١ ھەزار و ٢٢٢ دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە ژمارەیەك پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق سووتاوە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە كە زۆرترین رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە پارێزگای سەڵاحەددینن ، كە ٤٨ رووداوە و دوای ئەوەیش پارێزگای نەینەوا بە ٢٥ و پارێزگای دیالە بە ٢٠ رووداو دێن.

شایەنی باسە لە راگەیەندراوەكەدا روونكراوەتەوە كە رووداوەكانی ئاگركەوتنەو ٦٥یان بەهۆی شۆرتی كارەبا، ٢٧ی دیكەیان لە ئەنجامی فرێدانی ئاگر لە ماكینی دەڕاسە و ١٨ دیكەیان سەرچاوەكەی ئاگری دەرەكی، ١٣ی دیكەیان لە ئەنجامی ئاگری جگەرە و نۆی دیكەی بە ئەنقەست و هەشتی دیكەشیان لە ئەنجامی كردەی تیرۆریستی بوون.

باس لەوەشكراوە كە ٣٤ رووداوی ئاگرتنەوە هۆكاری دیار نییە، بەڵام لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×